لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی سپی، قەدەغەکردنی هاوردە و پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چەسپاندنی ئاسایشی خۆراک و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەرتی پەلەوەری گۆشتی لە هەرێمی کوردستان بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە.
ژمارەی پڕۆژەکان بە ڕێژەی ٤٤.٦٪ و بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەش بە ڕێژەی پێوانەییی ٢٤٠٪ زیادیان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئێستە ٢,٠٠٩ پڕۆژەی مۆڵەتدراوی بەخێوكردنی پەلەوەری گۆشت لە هەرێمی كوردستاندا هەن، کە ٥٩٠یان لە هەولێر و ٥٠یان لە سۆرانن. تێكڕای توانای بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژانەش گەیشتووەتە ٣٧,٠٧١,٣٣٥ مریشك بۆ هەر وەجبەیەك. ئەگەر هەر پڕۆژەیەک ساڵانە بە تێکڕا ٤.٥ وەجبە بەخێو بکات و تێكڕای كێشی هەر مریشكێك بە ٢.٥ كیلۆگرام بخەمڵێندرێت، ئەوا بە دەرکردنی ١٢٪ی بەرهەم (کە ٧٪ـی بۆ مردن و ٥٪ بۆ وەستان)، کۆی بەرهەمی ساڵانە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ٣٦٧,٠٠٦,٢١٦ كیلۆگرام (٣٦٧ هەزار تۆن).
ئەمەش لە کاتێک دایە کە ساڵی ٢٠١٧، ژمارەی پڕۆژەکان تەنیا ١,٣٨٩ پڕۆژە و توانای بەرهەمهێنانی یەک وەجبەیان ١٩,٢٣٤,١٩٥ مریشک بووە، لە بەرامبەریشدا کۆی گۆشتی بەرهەمهاتوو تەنیا ١٠٨ هەزار تۆن بووە.
ئەو جیاوازییە گەورەیە دەیسەلمێنێت کەرتی پەلەوەر لە بەخێوکردنی کلاسیکەوە بۆ پیشەسازیی مۆدێرن وەرچەرخاوە، بەو هۆیەشەوە بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە گەشەیەکی پێوانەییی بە ڕێژەی ٢٣٩.٨٪ (نزیکەی ٢٤٠٪) بەخۆوە بینیوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند
”ئەم وەرچەرخانە بەرهەمی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی خۆراک و هەمەچەشنکردنی داهات، لە پێناو ئەو ئامانجە، لە ٢٠١٩دا، هاوشان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی مریشکمان دا، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ تەنیا ١٣٠ هەزار تۆن بوو، بەڵام ئەم هەنگاوە پڕۆژەکانی بووژاندەوە و متمانەی بە وەبەرهێنەران بەخشی“، ئاماژەی بە ڕێنماییی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢١یش کرد کە تێیدا مۆڵەت تەنیا بەو پڕۆژانە دەدرێت کە وزەیان لە ٥٠ هەزار مریشک کەمتر نەبێت، گوتیشی ”کاریگەری ئەم بڕیارە ڕوونە، چونکە لە نێوان ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ تەنیا ٢٣٦ پڕۆژە بە وزەی ٥.٤ ملیۆن مریشک زیاد بوون، بەڵام لە نێوان ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٥، ٣٨٤ پڕۆژەی نوێ بە وزەی ١٢.٤ ملیۆن مریشک زیادیان کردووە، ئەمەش بازدانێکی بێ وێنەیە“.
بە ڕەچاوکردنی سفرەی خێزانی کوردی، وەزارەتی کشتوکاڵ، پێویستیی ساڵانەی تاکی بە ٢٣.٩ كگم گۆشتی سپی دیاری کردووە، بەم پێوەرە، پێویستیی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەی دانیشتوانەکەی (٦,٥١٩,١٢٩ کەس) تەنیا ١٥٥,٨٠٧ تۆنە. بەڵام بەرهەمی ئێستە (٣٦٧,٠٠٦ تۆن) ٢٣٥.٥٪ـی پێویستیی ناوخۆ پێک دەهێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢١١,١٩٩ تۆن بەرهەمی زیادەیە، کە ٥٧.٥٪ـی کۆی بەرهەمی ساڵانە پێک دەهێنێت.
فیراس سدیق لەم بارەیەوە دەڵێت ”زیادبوونی پڕۆژەکان و گەشەی پێوانەییی وزەی بەرهەمهێنان، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هەناردەکردنی مریشک بۆ پارێزگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕەخساندووە، ئەمەش سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی نیشتمانی و پاڵپشتێکی بەهێزی ئابووریی هەرێمی کوردستانە“.
ئەم گەشەیە بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەسەر ناوچەکاندا دابەش بووە، سنووری هەولێر و سۆران بە بەرهەمی ١٢٠,٨٢٦ تۆن گەیشتوونەتە ٢٠٠.٨٪ی خودبژێوی. سەرەڕای ئەو گەشەیە، ئاستەنگەکان هێشتا بەردەوامن. زریان مستەفا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کوردستان بۆ پیشەسازیی پەلەوەر دەڵێت ”هەناردەکردن بۆ عێراق بێ گرفت نییە و زۆر جار بە بیانووی جیاواز ڕێگری دەکرێت، کە خاوەن پڕۆژەکان ناچار دەکات سێ بۆ چوار ملیۆن دینار بە بازگەکان بدەن، ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی بەرز کردووەتەوە“. ئاشکراشی کرد کە نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ پڕۆژەی بێ مۆڵەت هەن، ٩٥٪یان لە کاردان، ئەمەش وا دەکات بەرهەمی ڕاستەقینە زۆر زیاتر بێت. گوتیشی ”ئێستە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەت بەردەوامە بۆ ڕێکخستنەوە و پێدانی مۆڵەت بەو پڕۆژانە تاوەکو زیانیان بەرنەکەوێت و ببنە بەشێک لە سیستەمی فەرمیی بەرهەمهێنان“.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان، بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکان بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، گرووپی سەردەم وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم پیشەسازییە، بازنەیەکی تەواوکاریی بۆ پڕۆژەکان فەراهەم کردووە، لە سنووری هەرسێ پارێزگەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەری لە خۆ گرتووە، نزیکەی ٧٠٪یان لە هەولێر و سۆرانن. گرووپەکە ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن مریشک بە شێوەی زیندوو و بەستوو لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ساغ دەکاتەوە.
هەژار جەوهەر بەڕێوەبەری گشتیی گرووپەکە، لە بارەی دۆخی بازاڕەوە دەڵێت ”ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان و عێراق، خواست لەسەر گۆشتی سپی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، ئێستە ٩٥٪ی پڕۆژەکان لە کاردان. وەبەرهێنەران بەهۆی پڕقازانجیی ئەم بوارەوە ڕوویان تێ کردووە، سەدان پڕۆژەی نوێ بەشێوەی سەربەخۆ و هاوبەش دامەزراون و بەشی زۆری پڕۆژە کۆنەکانیش نوێ کراونەتەوە و وزەی بەرهەمهێنانیان زیاد کراوە“.
ئاماژەشی بە مەترسییەکانی ڕێگری لە هەناردە کرد و گوتی ”بەرهەمی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی هەولێر بە تایبەتی، لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە، بۆیە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەم بۆ شارەکانی عێراق بکرێت، نرخی هەر کیلۆیەک مریشک بۆ کەمتر لە ١,٥٠٠ دینار دادەبەزێت، ئەمەش لە کاتێک دایە ئێستە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک بە تێکڕای ساڵ، نزیکەی ٢,٢٥٠ تاکو ٢.٥٠٠ دینار لەسەر خاوەن پڕۆژە دەکەوێت“. بۆ شێوازی بەبازاڕکردنیش، نزیکەی ٥٠٪ی بەرهەمەکانیان بە کێشی (١.٨ بۆ ٢.١ کگم) بە شێوەی زیندوو و بەستوو لە شارەکانی عێراق دەفرۆشن، کە تێیدا پڕۆژەکان دەتوانن ساڵانە پێنج بۆ شەش وەجبە بەرهەم بهێنن. بەڵام ٥٠٪ی دیکە بە کێشی گەورە (٣ بۆ ٣.٥ کگم) لە ناوخۆ ساغ دەکەنەوە، چونکە کڕیاری کورد حەزی لە مریشکی گەورەیە، ئەم جۆرە بەخێوکردنە نزیکەی ٥٨ ڕۆژ دەخایەنێت، دەتواندرێت ساڵانە تەنیا چوار وەجبە دابنێنەوە.
گەشەی ئەم کەرتە لە پێنج مانگی یەکەمی ٢٠٢٦یشدا بەردەوام بووە و نۆ پڕۆژەی نوێ دامەزراون، کە حەفت پڕۆژەیان لە سنووری هەولێر و سۆران دان. بەمەش کۆی گشتیی پڕۆژە مۆڵەتدراوەکان بۆ ٢,٠١٨ پڕۆژە و توانای بەرهەمهێنان لە هەر وەجبەیەکدا بۆ ٣٧,٤٩٢,١٠٢ مریشک زیاد بووە.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر، هۆکاری ئەو گەشە بەردەوامە بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێم دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”خاڵی وەرچەرخانی ئەم گەشەسەندنە بۆ سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە حکوومەت بۆ وەبەرهێنەرانی ڕەخساندووە. ئەم ژینگەیە وای کردووە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ بە گشتی و پیشەسازیی پەلەوەری گۆشت بە تایبەت، بەردەوام لە گەشە و زیادبووندا بن“.
ئاماژەی بە ڕەهەندە ژینگەیی و تەکنیکییەکانیش کرد، بەتایبەتی کەشوهەوای لەباری هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پیشەسازییە، كە تێچووی بەرهەمهێنانی مریشکی بە بەراورد بە شارەکانی عێراق کەم کردووەتەوە، هەروەها کوالێتیی ئالیک و شێوازی پێشکەوتووی بەخێوکردنیش وایان کردووە لە شارەکانی عێراقدا خواستی زۆر لەسەر بەرهەمی کوردستان دروست بێت، ئەمانەش هەموو هاندەر بوون بۆ ئەوەی کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی خێرا و بەردەوام بەخۆوە ببینێت.