کاتێک لە نزیک شەقامی ١٢٠ مەتری، لە قەرەباڵغیی ئۆتۆمۆبێلەکانی سەر ڕێگەی سەرەکیی بەحركە - هەولێر لادەدەی، كۆشكێكی سپیی ناوازە بەدیزاینێکی شەپۆڵدار و سەردەمیانە سەرنجت ڕادەکێشێت؛ ئەوە ناوەندی گەنجانە (Youth Hub KRD).
لەگەڵ یەكەم هەنگاوت بۆ ناو دەروازە شووشەیییە گەورەکەی، كە پێ دەنێیتە هۆڵی پێشوازی، یەكسەر هەست بەجیاوازییەكە دەكەی، جۆرێک لە وزەی ئەرێنی و گۆڕانکارییەکی خێرا هەیە. دەیان گەنج دەبینیت بە جۆش و خرۆشەوە وەستاون یان دانیشتوون، قاوە دەخۆنەوە و گفتوگۆی گەرموگوڕ لەسەر پڕۆژە و بیرۆکەکانیان دەکەن.
ئەوەی زیاتریش لە هەر شتێک دڵت دەبات و وەک تابلۆیەک دەتخاتە سەرسوڕمانەوە، بەشی کتێبخانەکەیە. ئەم شوێنە تەنیا ڕیزێک ڕەفەی ئاسایی نییە، بەڵکو دیزاینێکی شێوە پەیژەییی دارینە کە وەک شانۆیەک بۆ زانست دروست کراوە.
گەنجان لەسەر پەیژە دارینەکان و سەرینە ڕەنگاوڕەنگەکان دانیشتوون، یان نیمچە پاڵکەوتوون، لاپتۆپەکانیان خستووەتە سەر قاچیان و نوقمی جیهانی كار و فێربوونن.
لە پشتەوەیان، ڕەفەی کتێبەکان هەیە کە تا بنمیچەکە درێژ بوونەتەوە، بەشێوەیەکی ڕێکخراو بەسەر بەشەکانی فەلسەفە، هونەر، تەکنەلۆجیا، پەروەردە و گەشەپێدانی خود دابەش کراون.
ئەو دیمەنە پڕ لە جووڵەیە، تێکەڵ بە سەوزاییی ناوەندەکە بووە کە ژینگەیەکی نموونەییی بۆ داهێنان و گفتوگۆی هزری خوڵقاندووە.
ناوەندەكە، بە یەکێک لە گەورەترین و مۆدێرنترین ناوەندەکانی گەنجان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت لە جیهانیش دادەنرێت، كە لەژێر چاودێریی دەزگەی کوردستان (Kurdistan Foundation) و بەسەرپەرشتیی ئارین بارزانی دامەزراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەو پڕۆژەیە، دروستکردنی ژینگەیەکی پێشکەوتووی جیهانییە بۆ گەنجان، تا بتوانن تیایدا بخوێنن، کار بکەن و تواناکانیان پێش بخەن.
بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی پشت دروستبوونی ئەم ناوەندە، (گڵکەند) گفتوگۆی لەگەڵ هاژە هێمن بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی ناوەندی گەنجان كرد. هاژە باس لەو بۆشایییە گەورەیە دەکات کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت: ”کێشەی سەرەکیی ئەوە بوو گەنجان شوێنێکی دیاریکراو و شایستەیان نەبوو. زۆر جار مەجبوور دەبوون لە کافێیەکان دابنێین، کە پڕ ژاوەژاو و دووکەڵی نێرگەلە بوون، کەشوهەوایەكەیان گونجاو نەبوو بۆ خوێندن. یان ئەگەر کۆبوونەوە و ڕاهێنانێکیان هەبووایە، پەنایان دەبردە بەر هۆڵی هۆتێلەکان یان هۆڵی ئاهەنگگێڕان. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەو هاوکێشەیە بگۆڕین و گەنجان و بزنسەکان لە یەک شوێندا کۆ بکەینەوە“.
ناوەندەکە تەنیا شوێنێک نییە بۆ دانیشتن، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی تەواوە.
کتێبخانەکەی زیاتر لە ١٠ هەزار کتێبی بە پێنج زمانی جیاواز تێدایە و حەفتانە لە ڕێگەی یانەی خوێندنەوەوە، گەنجان گفتوگۆی تێدا دەکەن. لە پاڵ ئەوەشدا «شوێنی کاری هاوبەش» (Coworking Space) بۆ خاوەن کارە بچووکەکان و سەرەتایییەکان دابین کراوە.
بەشەکانی دیکەی بریتین لە هۆڵێکی کۆنفرانسی گەورە بۆ ٣٠٠ کەس، ژووری دیالۆگ بۆ ٤٠ کەس، هۆڵێکی تایبەت بە پێشانگەی هونەری (Art Gallery)، هەروەها ستۆدیۆیەکی پێشکەوتووی پۆدکاست کە گەنجان بەبێ کڕینی کەلوپەلی گرانبەها دەتوانن بەرهەمەکانیانی تێدا تۆمار بکەن. یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ناوەندەکەش، گرینگیدانێکی تایبەتە بەبواری «ژیری دەستکرد» (AI)، کە بەنوێترین ئامرازەکان دابین کراوە بۆ ئەوەی گەنجان لە نوێکارییەکانی جیهان دانەبڕێن.
ناوەندەکە تەنیا بە دابینکردنی شوێن ناوەستێت، بەڵکو بەردەوام ژینگەکە بە چالاکیی جۆراوجۆر دەوڵەمەند دەکات. لە دوایین چالاکییاندا مانگی ڕابردوو، ناوەندی گەنجان گەورەترین پێشبڕکێی ڕاستەوخۆی وێنەکێشانی ڕێک خست. ئەم ئیڤێنتە بە بەشداریی ٣٨٤ شێوەکاری گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٤٥ ساڵ بوو بەڕێوە چوو.
پێشبڕکێکە تەرخان کرا بوو بۆ دروستکردنەوەی تابلۆیەک لەسەر وێنەیەکی سروشتیی سەیرانگەی گۆمی فێڵاو. دوای ئەوەی تابلۆکان لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی پێنج کەسییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، خانمە شێوەکار شیریڤان بارانی توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و ببێتە براوەی خەڵاتی گەورە کە بڕەکەی یەک ملیۆن دینار بوو. هەروەها خەڵات بەسەر چوار براوەی دیکەشدا دابەش کرا، بە جۆرێک پلەی دووەم ٥٠٠ هەزار، سێیەم ٣٠٠ هەزار، چوارەم ٢٠٠ هەزار و پێنجەم ١٠٠ هەزار دیناریان پێ بەخشرا.
بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەست بە کاریگەریی ئەو ناوەندە بکەی، (گڵکەند) لەگەڵ خەڵات عومەر کچە گەنجێکی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت قسەی کرد. خەڵات کە حەفتەی سێ بۆ چوار ڕۆژ سەردانی ناوەندەکە دەکات، چیڕۆکی خۆی دەگێڕێتەوە “لە ڕابردوودا بەردەوام کێشەی شوێنمان هەبوو. کورسی و مێزی کافێکان جەستە ئازار دەدەن و بۆ تەرکیزکردن و دانیشتن بۆ کاتێکی زۆر ناگونجێن. بەڵام لێرە، بە ئاسوودەیی دادەنیشین، تیشکی خۆر دێتە ژوورەوە کە زوو زوو وزەت پێ دەبەخشێتەوە و هەموو پێداویستییەک بەردەستە”.
خەڵات تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی دیكەی زۆر گرینگی ئەم شوێنە بۆ کچان، ”کاتێک دەچیتە کافێیەک، ڕەنگە بەهۆی قەرەباڵغی و بیرکردنەوەی هەندێک کەسەوە بێزار بیت. بەڵام جوانیی ئێرە لەوە دایە، هەر کەس ئامانجێکی هەیە و بەتاڵ نییە. مێشکیان کراوەیە، کەشەکە زۆر سەلامەتە و گوێت لە توانجی بێزارکەر نابێت. دەتوانم لە بەیانییەوە تا کاتی داخستن لێرە بم و بێزاریش نەبم“.
بەدەستهێنانی هەموو ئەم خزمەتگوزارییانە زۆر ئاسان کراوە. لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (Youth Hub Erbil)ـەوە، گەنجان دەتوانن ئاگەداری چالاکییەکان بن. دەرگەی ناوەندەکە حەفتەی حەفت ڕۆژ، لە کاتژمێر ٩ـی بەیانی تاوەکو ١١ی شەو کراوەیە.
تێچووی ئەندامێتی مانگانە تەنیا ٣٠ هەزار دینارە، کە دەکاتە ١٠٠٠ دینار بۆ هەر ڕۆژێک؛ پارەیەكی ڕەمزییە لە بەرامبەر ئەو هێڵی ئینتەرنێتە خێرایە و ئەو ژینگە سەلامەتە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوەندەکە تەنیا بۆ ئەندامان قەتیس نەکراوە و دەرگەی بە ڕووی هەموواندا کراوەیە. وەک هاژەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان ئاماژەی پێ دەدات، هەر گەنجێک بیەوێت سەردانی شوێنەکە بکات و ئەزموونی کەشوهەواکەی بکات، دەتوانێت بە خۆڕایی بێتە ژوورەوە. لەم بارەیەوە دەڵێت «ئێمە خزمەتگوزارییەکی بێ بەرامبەرمان هەیە بە ناوی (One-day pass). گەنجان دەتوانن بۆ یەک ڕۆژی تەواو بێن و شوێنەکە بەکار بهێنن، کتێب بخوێننەوە و تەنانەت بەشداریی پڕۆگرامەکانیش بکەن بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدەن، چونکە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی گەنجانە و دەرگەمان هەمیشە واڵایە».
ناوەندی گەنجان لە هەولێر پردێکە گەنجان و بیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. وەک بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندەکە هیوای بۆ دەخوازێت، ئامانجیان ئەوەیە ئەم مۆدێلە لە داهاتوودا تەنیا لە هەولێر قەتیس نەمێنێت، بەڵکو بگوێزرێتەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستانیش، تا هەموو گەنجێکی کورد ببێتە خاوەنی ماڵێکی وا ئارام بۆ خۆپێگەیاندن.