ڕاهێنان لە هەولێر و یاری لە مەدرید
ڕاهێنان لە هەولێر و یاری لە مەدرید

ژمارەیەك منداڵ بە پێخواسی یان بە نەعل و پێڵاوی قوتابخانەوە، لەناو تەپوتۆزی زەوییەكی بەتاڵ یان جادەكی لای ماڵ، بە دوای تۆپێكدا ڕادەكەن، كە زۆربەی جار تەقیوە یان هێند كۆن بووە، بە حاڵ دوای بەركەوتنی شەق، لە جێی خۆی دەجووڵێ.
دیمەنی دەیان ساڵی ڕابردووی زۆربەی گەڕەكەكانی هەولێرێ ئەوها بوو، یاریزانانی یانە باشەكانی كوردستان، لە كۆڵانێوە دەستیان پێ كردووە، بەڵام بۆ لەمەودوا چیڕۆكەكە دەگۆڕێت، منداڵانی كوردستان دەتوانن لە ڕێگەی دەزگەیەكی وەرزشیی جیهانیی وەك ڕیال مەدرید فاوندەیشنەوە دەست پێ بكەن.
مانگی ئایاری ڕابردوو، فاوندەیشنی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی بە فەرمی لە ئەربیل ئەڤینیۆی هەولێر کرایەوە. گۆڕەپانێكی گەورە و مۆدێرنی داخراوی بە ناوی (ئەرینا) گرتووە، دەمودەست سەتان كوڕ و كچ ناویان لێ تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی لەوێندەر بەشێوەیەكی پیشەیی دەست بە وەرزشكردن و فێربوونی یاریی تۆپی پێ بكەن.
خوان خۆسێ میگێل كە ڕاهێنەری سەرەكیی ڕیال مەدرید فاوندەیشنە لە هەولێر، بۆ (گڵكەند) دەڵێت “لێرە باشترین یاریگەیان فەراهەم كردووە، هەموو پێداویستییەكی فێربوونی تۆپی پێ و ڕاهێنانی وەرزشیی تێدایە”. بەدڵخۆشیشەوە ئاماژە بەوە دەدات كە لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا، هەستی بە حەز و خولیای گەورەی كورد بۆ یاریی تۆپی پێ كردووە.
ئێستە ئەو تەمەنی ٥٥ ساڵە، پێشتر یاریزانی پیشەگەر بووە لە یانەی ڤیاڕیال و بەشداریی لالیگای كردووە، دواتریش هەر لە ئیسپانیا ڕاهێنەر بووە، ئینجا ڕووی كردووەتە هیند، لە شارەكانی بانگالۆ و مۆمبای بۆ قوتابخانەكانی تۆپی پێی یانەی بۆكاجۆنیۆرزی ئەرجەنتینی و یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی بۆ ماوەی چەند ساڵێك ڕاهێنانی بە منداڵان كردووە، دواتر لە بەحرەین لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید فاوندەیشن دەستی بەڕاهێنان كردووە. لە بارەی فاوندەیشنەكەی هەولێریشەوە دەڵێت یاریزانی كچ و كوڕ لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تا حەڤدە ساڵی وەردەگرن. ڕاهێنانەكانیان بە شێوەی گرووپ دەبێت، بە گوێرەی تەمەن و تواناكانیان دابەش دەكرێن. ئەوانەی دەست بەڕاهێنان دەكەن، دەتوانن تا تەمەنی ١٨ ساڵی بەردەوام بن.
میگێل دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر ئاستی هەر یاریزانێك زۆر باش بێت، ئەوا لە فاوندەیشنەكە هاوكار دەبن بۆ ئەوەی بیگەیەننە بە یانە ئاست بەرزەكانی ناوخۆ یان دەرەوە. دەشڵێت “ئێمە لێرەین تا هاوكاری منداڵان بین بۆ ئەوەی باشتر لە ژیان تێبگەن و بەشێوەیەكی تەندروست گەورە بن، مەرجیش نییە تەنها لە تۆپی پێدا سەركەوتوو بن، گرینگ ئەوەیە كەسانی لێهاتوو پەروەردە بكەین”.
ئەو ڕاهێنەرە هەستی خۆی ناشارێتەوە كە چەند دڵخۆش دەبێت ئەو كاتانەی دەبینێت منداڵان لەسەر شەقامەكانی هەولێر تۆپانێ دەكەن، دەڵێت “منداڵیی خۆمم دێتەوە یاد، كاتێك لە ئیسپانیا لەگەڵ منداڵەكانی دراوسێ یاریمان دەكرد. دیارە كە خولیا و حەزی منداڵانی ئێرە بۆ تۆپی پێ، بێ سنوورە”.
تا ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، زیاتر لە ٨٠٠ منداڵ ناویان لەو فاوندەیشنە تۆمار كردووە كە ژمارەیەكیان كچن، بۆ ئەوەی دەست بەڕاهێنانی تۆپی پێ بكەن.
میگێل ستایشی گەرموگوڕی و کراوەییی خەڵکی هەولێر دەکات و دەڵێت «ڕاستیت دەوێت، هەست ناکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم، بەڵکو وا هەست دەکەم لە شارێکی ئەوروپیم”، کاتێکیش بەراوردی ماڵە نوێیەکەی بە کاتی مانەوەی لە بەحرەین دەکات، کە دەگمەن دەچووە سەر شەقامەکان، دەڵێت ئێستە بە ئاسوودەیی بە پێ لە شوقەکەیەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە شوێنی ڕاهێنانەکانی.
لە پشت ئەو پڕۆژە نێودەوڵەتییە، خەونی ئەندازیارێكی هەولێری هەیە، جاسم قاسم (٣٣ ساڵ) کە سەرپەرشتیاری فاوندەیشنەکەیە و لە منداڵییەوە لە مانچستەری بەریتانیا دەژی و چەند ساڵێكە گەڕاوەتەوە كوردستان، لە باسی ئەو پڕۆژەیەدا بۆ (گڵکەند) دەڵێت “بەردەوام خەونی ئەوەم هەبووە بە پڕۆژەیەکی نوێ و گرینگ بگەڕێمەوە کوردستان، تا خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەم”.
ئەو گەنجەی هەولێر بە ئومێدەوە باسی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەكات و دەڵێت دوای هەڵبژاردنی ئەو منداڵانەی ناویان تۆمار كراوە، ڕاهێنەری دیکەش لە ئەوروپاوە دێنە هەولێر، تۆپی پێ لە پایتەخت بەرەو پێشەوە دەبەن.
ڕاهێنان لە فاوندەیشنی ڕیال مەدرید بە پارەیە، چونکە پڕۆژەکە جگە لە لایەنە وەرزشییەکەی، بازرگانییە. بەڵام جاسم قاسم ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕەچاوی بارودۆخی داراییی خەڵکی کوردستان كراوە. ئامانجی فاوندەیشنەکەش، دروستکردنی یاریزانە. بۆ ئەو مەبەستەش بەلایانەوە گرینگە منداڵەكان تەندروست بن، وەرزش بكەن و كاتەكانی پشوو و نووستنیان چاك بكرێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت فاوندەیشنی ڕیال مەدرید زیاتر لە شوێنێکی ڕاهێنان، وێستگەیەک بێت بۆ تێكەڵكردنی خولیای تۆپی پێی ڕۆژهەڵاتییانە بە توانای وەرزشی نایابی ئەوروپی، منداڵان لەگەڵ بەستنی قەیتانی پێڵاوەکانیان لە گۆرەپانێكی بەحركە و بنەسڵاوە، یان لە لاكۆڵانێكی سێتاقان، جگە لە فێربوونی پاسدان و بەرگری و گۆڵکردن، فێریش بن لەسەر ئاستی جیهان خەون ببینن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved