بڕاندێکی لۆکاڵی بە ستانداردی جیهانی
بڕاندێکی لۆکاڵی بە ستانداردی جیهانی

دوو گەنجی خاوەنكار، یادگار فازڵ و ڕێکار دلێر، هەنگاوێكی نوێ بۆ کەرتی گەیاندنی خێرا لە كوردستان دەنێن.
یادگار فازڵ سەبارەت بە پڕۆژەی لەزوو بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم تاقە شتێک بتوانێت هەرێمی کوردستان پێش بخات، تەکنۆلۆژیایە. ڕۆژێکیان لە یوتیوب بە ڕێکەوت ڤیدیۆیەکی دەستێکی ڕۆبۆتیم بینی کە دەجووڵایەوە، کاتێک ورد بوومەوە، بینیم ئەوە ڕێكاری هاوڕێمە کە بووەتە ئەندازیاری کۆمپیوتەر، دواتر بینیم ئەپێکی بەناوی سڵاو تەکسی دروست کردووە. ئەوە بووە هەوێنی پەیوەندییەکی نوێ و بڕیارمان دا بەیەکەوە کار بکەین“.
یادگار ئەوکاتە لە بەریتانیا بوو، دەگەڕێتەوە و ڕێکاری هاوڕێی دەدۆزێتەوە و شوێنێک لە گەڕەکی شۆڕش بەکرێ دەگرن، بەردی بناغەی کۆمپانیایەکی سۆفتوێر بەناوی (Fastware) دادەنێن.
ئەو دووانە، دابەشكردنی ئەرکەکانیان بووە خاڵی هێزیان، یادگار دەبێتە بزوێنەری پەیوەندییەکان، وەک نوێنەر دەچووە لای چێشتخانەکان، ڕێکاریش وەک ئەندازیار خەریکی کۆدکردن و دروستکردنی ئەپەکان بوو.
یادگار بۆ (گڵكەند)، ئاماژە بە سەختییەکانی ئەو سەرەتایە دەکات و دەڵێت ”سەردانی دەیان کۆمپانیامان دەکرد، کەسیان متمانەیان نەبوو گەنجێکی ناوخۆ بتوانێت سیستمێکی کارگێڕی یان کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین دروست بکات، جاری واش هەبوو داوای نرخێکی زۆر هەرزانیان دەکرد“.
یەکەم سەرکەوتنی گەورەی ئەوان، دروستکردن و فرۆشتنی ئەپێک بوو بە بەهای دوو هەزار دۆلار بۆ ڕێستورانتی (مادۆ). ڕێکار دەڵێت ”ئەو ئەپە، سیستمێکی دیجیتاڵی بوو بۆ نمایشکردنی لیست و نرخ و داواکارییەكان، کە وای لێ کردین متمانەمان بەخۆمان هەبێت. دواتر ئەپی دیکەی وەک ئاوازەمان بۆ میوزیکی کوردی دروست کرد. بەڵام سەرکەوتنی مادۆ پرسیارێکی گەورەی لا دروست کردین، كە بۆچی ئەپێکی گشتگیر بۆ هەموو چێشتخانەکان دروست نەکەین؟“.
لەم بارەیەوە نۆرەی یادگار دێت و دەڵێت ”لە کۆتاییی ٢٠١٧ بیرۆکەکە چەکەرەی کرد. ئەو کاتە کۆمپانیایەکی عێراقی بەناوی تەڵەبات لە بەغدا هەبوو، بەڵام تەنیا کاڵای نمایش دەکرد و گەیاندنی نەبوو، ئەمە کێشە بوو بۆ ڕێستورانتەکان. ئێمە دەمانویست ئەو بۆشایییە پڕ بکەینەوە“.
بۆ ماوەی سێ مانگ، ڕێکار بە سوودوەرگرتن لە نوێترین ئەزموونە جیهانییەکان، خەریکی گەشەپێدانی ئەپێك دەبێت، لە هەمان کاتدا یادگار خەریکی ڕازیكردنی خاوەن چێشتخانەکان دەبێت.
لەو سەروبەندەدا، ڕووداوێکی ڕێکەوت هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕێت.
ڕێکار ئەو ساتە مێژوویییە دەگێڕێتەوە و دەڵێت ”شەوێک بیرمان چوو ئەپەکە دابخەین، لە ناکاو داواکارییەک بۆ گەیاندنی بەرگرێک هات، ستافی گەیاندنمان نەبوو، بەڵام بڕیارمان دا وەک تاقیکردنەوەیەک داواکارییەکە جێبەجێ بکەین. چووین خواردنەکەمان کڕی و بە ئۆتۆمۆبێلی خۆمان و بێ بەرامبەر گەیاندمانە دەست کڕیارەکە“.
ئەم ڕووداوە سادەیە، بووە خاڵی وەرچەرخان. یادگار دەڵێت ”كڕیارەكە، زۆر دڵخۆشی کردین، متمانەی بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە پێ بەخشین. ئەو ڕۆژە، ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ بوو، بووە بەردی بناغەی پڕۆژەی (Lezzoo)“.
دوای ئەوەی بیرۆکەکە گەیشتە قۆناغی جێبەجێکردن، گەورەترین پرسیار لای یادگار و ڕێکار ئەوە بوو كە ناوەکەی چی بێت؟. ڕێکار دەڵێت ”چونکە یەکەم کۆمپانیای خۆماڵیی بواری گەیاندنی خێرا بووین لە کوردستان، دەمانویست ناوەکە کوردی بێت. دوای گەڕانێکی زۆر، بڕیارمان دا وشەی لەزی شێوەزاری بادینی و زووی شێوەزاری سۆرانی لێک بدەین و ناوی لەزوومان جێگیر کرد“.
یادگاریش دەڵێت ”ئەم ناوە لە وشەی لەزەتیشەوە نزیک بوو کە گوزارشت لە خۆراك دەکات، هەروەها لە لۆگۆکەدا دوو پیتی (OO)مان وەک ئاماژەیەک بۆ تایەی ماتۆڕسیکل هەڵبژارد“.
لە شوباتی ٢٠١٨دا، ئەپەکە بە فەرمی کەوتە کار و داواکارییەکان زۆر بەخێرایی زیادیان کرد. ڕێکار دەڵێت ”هەفتەی یەکەم خۆمان بووبووینە گەیەنەر، بەڵام لە هەفتەی دووەمدا ناچار بووین ١٠ گەنج بە ماتۆڕسیکلەوە دابمەزرێنین“، بەڵام گەشەی خێرا کێشەی داراییی بۆ دروست کردن. بەگوتەی یادگار، قازانجەکەیان بەشی مووچەی نەدەکرد. سەردانی دەیان سەرمایەداری ناوخۆیان کرد، بەڵام کەسیان متمانەیان پێ نەدەکردن، تەنانەت هەبوو پێکەنینی بە بیرۆکەکەیان دەهات. نائومێدی گەیشتە ڕادەیەک کە یادگار و ڕێکار ئیمێڵی ماڵئاوایییان بۆ کارمەندەکانیان ئامادە کردبوو تا کۆمپانیاکە دابخەن، بەڵام بڕیاریان دا دوایین چانس تاقی بکەنەوە.
کاتێک دەرگەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیان بە ڕوو داخرا، بێ هیوا نەبوون، بەڵکو ڕوویان لە ئاسۆیەکی جیهانی کرد. لەم ڕێگەیەوە وەرچەرخانێكی گەورە لە پڕۆژەکەدا ڕووی دا، لەزوو توانی وەک یەکەم کۆمپانیای کوردی، بگاتە ناو دامەزراوەی (Y Combinator) لە ئەمریکا، کە بە ”کارگەی دروستکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان“ دەناسرێت. یادگار دەڵێت ”بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئەوان، کەوتینە ناو کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ ١٨ هەزار کۆمپانیای جیهانی. بۆ ماوەی پێنج هەفتە لەژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختدا بووین، دەبووایە هەفتانە ڕاپۆرتی وردیان لە بارەی گەشەی بەکارهێنەران، داهات و وردەکاریی پلانەکانمان بۆ ڕەوانە بکەین“.
دوا جار لە نێوان ئەو سوپایە لە کۆمپانیا، تەنیا ٢٠٠ پڕۆژە هەڵبژێردران و لەزوو یەکێک بوو لەوان. لەوێ توانییان بەفرۆشتنی پشکێکی کۆمپانیاکەیان بە بەهای ١٥٠ هەزار دۆلار، لەزوو لە مەترسیی داخستن ڕزگار بکەن و مۆرێکی جیهانی لە سەرکەوتنە کوردییەكە بدەن.
ئەو هەنگاوەی لە ساڵی ٢٠١٨ بە یەک داواکاریی بەرگرێک دەستی پێ کرد، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە سەرکەوتووترین کۆمپانیاکانی ناوخۆ و ناوچەکە.
لەزوو چیی تر تەنیا ئەپێک نییە، بەڵکو بزوێنەرێکی گەورەی ئابوورییە، ئێستە یەک ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و زیاتر لە ٢٧٠٠ چێشتخانە و ڕێستۆرانت و دەرمانخانە و مارکێت تێیدا بەشدارن.
کۆمپانیاکە ئێستە خاوەنی ١٨٠٠ کارمەندی گەیاندن و ١١٠٠ تەکسی و ١٥٠ کارمەندی کارگێڕییە، خزمەتگوزارییەکانی لە سنووری هەولێر تێپەڕیوە و گەیشتووەتە سلێمانی، دهۆک، مووسڵ و کەرکووک، لە داهاتوویەکی نزیک پلانیان هەیە خزمەتگوزارییەکانی بگەیەنێتە شارەکانی عێراق، تورکیا، سووریا و ئێرانیش.
لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، لەزوو توانیویەتی بە بەهای ٢٥٠ ملیار دینار کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکاندا ساغ بکاتەوە، ساڵانەش بە ڕێژەی ٤٠٪ گەشە دەکات، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بەهای بازرگانییەکەی گەیشتووەتە ٦٠ ملیار دینار و قازانجی ساڵانەی زیاتر لە دوو ملیار دینارە.
یادگار فازڵ دەڵێت ”ئێستە ئەپی لەزوو هەموو بوارەکانی ژیانی لە خۆ گرتووە، دەتوانین بڵێن بازاڕی کوردستانە بەبچووککراوەیی“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved