باداوە، گەنجینەی ونبوو، لەنگەر و حەشارگەی پاشایان و مەنزڵگەی زانایان، ئەو گوندەی ئاین و سیاسەت لەژێر سێبەری قەسرەكەی مەلا فەندیدا یەکیان دەگرت و لە گوندێكی بچووکەوە بۆ نزیكەی نیو سەتە بووبووە ناوەندی بڕیارە چارەنووسسازەکانی ناوچەكە.
کاتێک مێژووی باداوە دەگێڕیەوە، تەنها باسی گوندێک ناکەی، بەڵکو پەردە لەسەر مێژوویەکی دەوڵەمەند لادەدەی کە وەك پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
حاكم ئازاد عیزەدین مەلا فەندی ساڵی ١٩٥٠ لە قەسری باداوان لەدایک بووە، میراتگری بنەماڵەیەکی خودان پێگەی ئاینی و سیاسییە، بە زمانێكی پاراو دەتباتەوە ناوجەرگەی ڕووداوەکانی باداوە و بۆ (گڵكەند) دەیگێڕێتەوە ”باداوە گوند بوو، تەنیا سێ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوور بوو. هەمووی موڵکی مەلا فەندی بوو، نزیکەی ٤٠٠٠ دۆنم دەبوو، بەمیرات بۆی مابووەوە“.
نەوەی ئەو كەسایەتییە لە بارەی باپیرەیەوە دەڵێت ”مەلا فەندی عالمێکی دینیی زۆر گەورە بوو، خەڵک لە هەموو لایەکەوە دەهاتن بۆ لای، هەتا ئیجازەی زانستیی لێ وەرگرن، ئەو هەر ئیمام و خەتیب نەبوو، بەڵكو لە مەدرەسەی قەڵات دەرسی دەگوتەوە و ناوبانگی گەیشتبووە عێراق و ههر چار پارچەی کوردستان و مەنتیقهكەش“.
قەسری باداوان یەكێ لە ئادگارە مێژوویییەكانی هەولێرێیە، حاكم ئازاد بیرۆكهی دروستکردنی ئەو قەسرە بۆ ساڵی ١٩٠٧ دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”جارەكیان والیی بەغدایێ بە جەماعەتێکی زۆرەوە هاتنە هەولێرێ، مەلا فەندی ئیحراج بوو و نەیزانی لە کێ جێیان لۆ بکاتەوە، لۆیێ قەراری دا قەسری باداوان دروست بكا. وەستا ئیسماعیلی سنەیی لەسەر ڕووبەری ٥٠ دۆنم قەسرەكی دروست کرد، دوو لای هەبوو، بە لایەكمان دەگۆت لای ماڵێ و لایەکەی دیش لای دیوەخانێ. قەسرەکی عەجایەب بوو لۆ ئەو وەختی، هەموو نەخشهكانی تایبەت بوو، بەڕاستی توحفە بوو“.
لە هەردوو نهۆمی خوارێ و سەرێی قەسرەكە، دیوەخانی زۆر گەورە هەبوون، جگە لە ژووری میوانان و ژووری قاوەچی. لای ماڵەوەش نزیكەی ١٥ ژوور بووە. بیستانێکی گەورەی هەبوو، حاكم ئازاد دەڵێت ”چ دار و تەڕەکت ویستبا، لەو بیستانەی هەبوو، داری فستقیشی تێدا بوو، ترێیەکەمان هەر زۆر بەناوبانگ بوو، جار هەبوو ترێمان دەناردە گومرگی هەولێرێ لەبن جسری سەیداوەی، حەیدەرە کەچەڵ لۆی دەیفرۆشتین“.
ساڵی ١٩٤٠ هێڵی تەلەفۆن بۆ قەسری باداوان ڕاكێشرا، لە حەوشەكەی موەلیدەكی کارەبا هەبوو، ئەودەمی كەسێك بە ناوی وەستا مووسا ئیشی پێ دەکرد، دار خورمایەکی زۆر بڵندیشیان چاندبوو، كە شتی وا لە بهغدایێش دەگمەن بووە. حاكم ئازاد دەیگێڕێتەوە ئەو دارە چیڕۆکێکی مێژووییی لە پشت بوو، کاتی خۆی یاسین هاشمی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، شتڵەکەی بە دیاری بۆ مەلا فەندی هێنا بوو. ئەویش یهكێك له پیاوهكانی ڕاسپاردبوو بیچێنێت، بەڵام یاسین هاشمی ڕازی نەبووبوو و گوتبووی ئەوانە نازانن دار خورمای بچینن، ئەمن به خۆم دەیچێنم. بۆیە سەرۆک وەزیران بەدەستی خۆی دارەکەی چاند، تا قەسرەكەش سووتا و شوێنەواری نەما، دار خورماكە هەر مابوو.
قەسری باداوان میوانی ناوداری لە خۆ گرتووە، بەگوتەی نەوەكەی مەلا فەندی، مەلیک فەیسەڵ لە ١٩٢٤ بە ڕەسمی لەگەڵ ٢٥ کەسدا چوونەتە ئەوێ، نووری سەعید و وەزیرەکانیشی لەگەڵ بوو. هیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق نەبووە نەچووبێتە قەسری باداوان، لەوانە تەها هاشمی، ڕەشید عالی گەیلانی و ئەبو تمن.
ساڵی ١٩٤١ کاتێک ڕەشید عالی ئینقیلابی کرد، عائیلەی مەلیک بە ژن و منداڵەوە پەنایان بردە بەر ماڵی مەلا فەندی. کاتێک فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو، مەلا فەندی گوتی ”ئەگەر بەسەر مەیتی مندا ئەوانە ببەن. مەلا فەندی بانگی سەرۆک عەشیرەتەکانی کرد و بە هێزێکی زۆری چەکدارەوە دەوری قەسرەکەیان گرت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن حامیەی هەولێر دەستیان بۆ ببات“.
حاكم ئازاد بە شانازییەوە دەڵێت تەنانەت شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا بارزانیش چەند جارێك میوانی مەلا فەندی بوون. باوکی بۆی گێڕاونەتەوە کە ڕۆژێكیان مەلا مستەفا بارزانی لە قەسری باداوانەوە بۆ دانوستاندن چووەتە مووسڵ، هەتا تاریكی ئێوارێ نەگەڕاوەتەوە و نیگەرانی بوون شتێكی بەسەر هاتبێت، بەڵام کە شەو لە دوورەوە ئۆتۆمۆبێلەكەیان بینیوە دەگەڕێتەوە، نەفەسیان هاتووەتەوە بەر و خۆشحاڵ بوون.
باس لەوەش دەكات كە عیزەدین مەلا فەندی باوکی، قەسری باداوانی تەرخان كردووە بۆ ئەو بارزانییانەی هاوەڵی مەلا مستەفا بوون و لە ڕووسیا گەڕابوونەوە، تا ئەو كاتەی دۆخەكە تێك دەچێت و بارزانییەکان دەڕۆن.
لە دوای بارزانییەکان، ئەو جارە شێخ ڕەشیدی لۆلان ماڵی چووەتە قەسرەكە تا ساڵی ١٩٦٤، دوای ١٩٦٥یش بریكارەكانی باوکی، قەسرەكەیان ژوور بە ژوور بەکرێ داوە، بەڵام ڕۆژێک لە كاتی دروستكردنی ناندا، ژوورێك گڕ دەگرێت، ئەو كاتە ئاگركوژێنەوە نەبووە و قەسرەكە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك سووتاوە و بە تەواوی لەناوچووە.
مەلا فەندی سێ مەکتەبەی گەورەی هەبووە، حاكم ئازاد دەڵێت یەکێکیان بۆ تهدریس بووە لەناو مەدرەسەی قەڵات، یهكیان لە خانی قەڵاتێ بووە، ئەوی دیكەش كە گەورەكەیان بوو، لە ناو قەسری باداوان بووە و نزیكەی چوار هەزار كتێبی تێدا بوو. کتێبخانەی وا لە هەموو عێراق نەبووە، نامەی دەستنووسی سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئیمامی شافیعی و ئیمامی غەزالی تێدا پارێزرا بوو. دوای كودەتا كە بنەماڵەكەیان ڕووی لە بەغدا كرد، قەسرەکە بە كتێبخانەكەوە تاڵان کرا.
جاران باداوایییەكان شانازیی زۆریان بەخۆیانەوە دەکرد، خەڵك كە ناوی دەهێنان، دەیانگوت ”دەرێن خەركی باداوەیە!“. حاكم ئازاد دەگێڕێتەوە كە جارێکیان كەسێكی باداوەیی چووبووه فەرمانگەیەكەوە، بە بەڕێوەبەرەكەی گوتبوو ”ئەمن خەرکی باداوانم“، ئەویش گوتبووی ”مەرێ باداوەییم، برێ خەرکی مەککەم“.
دیوێكی دیكەی شانازییەكانی باداوە، بنەماڵەی موفتییەكان بوو، کەنعان ڕەشاد موفتی کە ساڵی ١٩٥١ لە گەڕەكی تەكیەی قەڵات لەدایك بووە، بنەماڵەكەی خودان پێگەی ئاینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون لە کوردستان و عێراقیش، ڕەگوڕیشەی ئەو خێزانە تەنها لە قەڵاتدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو کەنعان موفتی بە شانازییەوە خۆیان بە گرێدای مێژووی ئەو گوندە دەزانێت و بۆ (گڵكهند)یش دەگێڕێتەوە کە ڕۆژانێک بڕیارە چارەنووسسازەکانی عێراق لە باداوە دەركراون.
باداوە لە کۆنەوە وەک گوندێکی ئاسایی نەدەبینرا، بەڵکو زیاتر وەك شارۆچکەیەکی بچووک بووە و مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە هەناودا هەڵگرتبوو. كەنعان موفتی دەڵێت ”ئاوەدانییەكەی باداوە دابەش بووبوو بۆ دوو بهشی سەرەکی، گەڕەکی سەرەوە کە نزیکەی ٤٠ ماڵ دەبوو و عایدی ماڵی باپیرم، محەمەد موفتی ئەفەندی بوو، لەگەڵ گەڕەکی بەرەوە (خوارەوە) کە گەورەتر بوو و نزیکەی ٧٥ ماڵی تێدا بوو و تەواوی سەر بە ماڵی مەلا فهندی بوو“.
خەڵکی ئەو گوندە ژیانێکی سادە و شکۆداریان هەبووە، بەیانیان زوو بە پێیان ڕێگەی هەولێریان دەبڕی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەڵام ئەوەی باداوەی لە هەموو گوندەکانی دیكەی دەوروبەری هەولێرێ جیا دەکردەوە، هەبوونی قەسری مەلا فهندی بوو کە وەک شاکارێکی ئهندازیاری لە ناوجەرگەی دەشتایییەکەدا دەدرەوشایەوه.
کەنعان موفتی بە وردی وەسفی ئەو قەسرە دەکات، كە ساڵی ١٨٦٥ لەلایەن وەستا ئیسماعیلی سنەیی بنیات نراوە، هەمان ئەو وەستایە لە ١٨٦٠ دەرگەی گەورەی قەڵاتی دروست كردووەتەوه.
قەسرەکە لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی دروست كراوه و دوو نهۆم بووە، نهۆمی خوارەوە بۆ میوانان و نهۆمی سەرەوە بۆ نیشتەجێبوونی بنەماڵەکە.
زیاتر لە ١٢ ئۆدەی تێدا بوو کە هەر ئۆدەی ڕەنگ و نەخشێکی تایبەتی هەبوو، بنمیچەکانی بە داری تاشراوی دەگمەن ڕازابوونەوە و هەموو دەرگەکانی بە شێوازی هەڵکۆڵدرابوون. كەنعان موفتی دەڵێت ”ئاوێکی کارێزی سازگار لە بنەسراوهوە دەهات، سەرەتا بەگەڕەکی سەرەوەدا تێدەپەڕی و پاشان دەچووە حەوشەی قەسرەکە و باخچە چڕەکانی، دوایێش بەرەو دڵی هەولێر و شوێنی ئێستەی بەلەدیە دەڕۆیشت“.
ئەو قەسرە تەنها شوێنی نیشتەجێبوون نەبوو، بەڵکو مەکتەبەیەکی گەورە و دەگمەنی تێدا بوو، نامەیەکی ڕەسەنی سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ سوڵتان موزەفەرەدین گۆکبەری تێدا پارێزرا بوو، نەوەی موفتییەكان دەڵێت ”لە نامەكەدا نووسرا بوو چاوهكانم ئهو كوردانهم لۆ بنێره كه زۆر به قوهتن. بەداخەوە، دوای ئینقیلابی ١٩٥٨، قەسرەکە چۆڵ کرا و عیزەدین ئەفەندی ئەو كات سهفیر بوو لە جنوبی شهڕقی ئاسیا، ئەم سەروەتە مەعریفییە فەرهود کرا و زۆربەی کتێب و نامە مێژوویییەکان پەرشوبڵاو بوونەوە و لەناو چوون“.
باداوە بۆ ماوەیەکی درێژ ناوەندی بڕیاری سیاسیی هەولێر و عێراق بووە. كەنعان موفتی دەیگێڕێتەوە ”مەلا فەندی و كوڕهكانی لهگهڵ باپیرم لەوێ پێشوازییان لە گەورە پیاوانی عێراق دەکرد. لە ١٩٤١دا، کاتێک حەرەکەی ڕەشید عالی گەیلانی دەستی پێ کرد، مەلیک فەیسەڵی دووەم و هەموو خێزانەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە قەسری باداوە مانهوه، مەلا فهندی شەوانە خۆی چاوی نەدەچووە خەو بۆ پاسەوانیکردنیان. پێشتریش مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە ١٩٢٤ و چەندین سەرۆک وەزیرانی وەکی جەعفەر ئەبو تمن لەوێ کۆبوونەوەی چارەنووسسازیان ئەنجام داوە“.
هەروەها باس لە چیڕۆکێکی تەنزئامێز دەكات كە لە یادەوەرییەکانی بنەماڵەکەیاندا ماوەتەوە و دەڵێت ”دەگێڕێنەوە ساڵی ١٨٢٠ کاتێک محەمەد پاشای ڕواندزی هەولێری گرت، باجی لەسەر خەڵکی باداوە زیاد کرد. کاتێک هۆکارەکەیان پرسی، پاشا گوتبووی خەڵکی باداوە بەیانی و ئێوارە کە دێن و دەچن بۆ هەولێر، ڕۆژ لە پشتیان دەدات و ناڕەحەت نابن، بەڵام گوندەکانی ڕۆژئاوای ههولێر ڕۆژ بەر دەموچاویان دەکەوێت له كاتی هاتن و چوونیان لۆ ههولێرێ، لۆیێ دەبی باداوەیییەکان باجی ئەو ئاسوودەیییە بدەن“.
كەنعان موفتی دووپاتی دەكاتەوە كە خاوەنداریەتیی باداوە هی باپیرە گەورەیان ئەبوبەکری دووەم بووە، فەرمانی سوڵتانی هەبووە، کە دەکاتە باپیری ئەفەندی و موفتییەکان. مێژووی ئەم خاوەنداریەتییەش بۆ ١٣٨٠ ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن سوڵتانی عوسمانی سوڵتان ئەحمەدەوە پێی بەخشراوە، دەڵێت ”ئەمە لە مقابیلی تەدریس و وهعز و ئەو مەکانەتە گەورەیەی بوو کە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەیبووە. هەر بەهۆی ئەم پێگە و مەکانەتە بوو کە مەلا فهندی لە زەمانی دەوڵەتی ئینگلیزدا، لەبەرئەوەی ئیستیقراری ناوچەکەی کردبوو، خهڵاتی ویسامی ڕافیدەینی پێ دراوە“.
ئەمڕۆ باداوە، تەنها یادەوەریی قەسرە سووتاوەکە و مێژووەكەی ماوەتەوە. لە بریی گوندێكی شكۆدار، گەڕەكێكی قەرەباڵغی شارە، هەرچەندە بیناکان نەماون، بەڵام میراتی ئەفەندی و موفتییەکان وەک بەشێکی زیندوو لە ناسنامەی هەولێردا دەمێنێتەوە، مێژووەک شکۆ و زانستی كۆ دەكردەوە.