باتە پێڵاوێکی چیکی ناودارترین شەقامی بازاڕە
باتە پێڵاوێکی چیکی ناودارترین شەقامی بازاڕە

لە ناوەڕاستی سەتەی ڕابردوودا دوكانێك لەناو بازاڕ کرایەوە، پاش ماوەیەكی كەم بووە هێما و بڕاندێكی بازرگانیی گرینگ، كە تا ئێستەش ناوبانگی بووەتە ناونیشانی شار و تێكەڵ بە مێژوو و بیرەوەریی هەولێرییەكان بووە.
پێڵاوی باتە لە كۆتایییەكانی سەتەی نۆزدە لە وڵاتی چیكسلۆڤاكیای پێشوو بە فەلسەفەیەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی پەیدا بوو، كە نرخێكی گونجاوی هەبوو لە چاو بڕاندەكانی دیكە، جۆرەكەشی باش و قایم بوو. لە ١٩٣٢دا گەیشتە عێراق، لە پەنجاكانیش هەر بەناوی باتە گەیشتە دوکانێكی سەر شەقامێكی باشووری قەڵات، كە لە نزیک کەبابی حاجی ئەحمەد شەوقی و بەرامبەر چایەخانەی مستیل بوو. دواتر گوازرایەوە باڵەخانەیەکی جەلیل خەیات لە بەرامبەر دەرمانخانەی سەڵاحەدین لە نزیک قەڵات، دوای ماوەیەك شەقامەکە بە ناوی باتە ناسرا.
سەرەتا دوکانێکی ئاسایی بوو، لە جامخانەکەی پێشی چەندین جۆر و ڕەنگی پێڵاوی باتە نمایش کرا بوون. خاوەنی دوکانەکە بە قسە ئاماژەی بەباشیی پێڵاوەکە نەدەکرد، بەڵکو تاقیکردنەوەی خەڵک ئەو باشییەی سەلماندبوو، هەر بۆیە لەو دوکانەدا نرخەکان جێگیر بوون، مامەڵە و داشکان نەبوو، خەڵکیش بۆ کڕینی جووتێک لەو پێڵاوە، بەردەوام ڕوویان تێ دەکرد.
تۆماس، کە کەسێکی مەسیحیی عەنکاوە بوو، دوکانی باتەی لە هەولێر بەڕێوە دەبرد.
دەگێڕنەوە لەگەڵ کڕیارەکانی بەڕێزەوە مامەڵەی دەکرد، نەرمونیان و ورد بوو لە کارەکەی. خەسڵەتەكانی تۆماس و باشیی پێڵاوەکانی باتە، وێنەیەکی نموونەییی بازاڕ و بازرگانیی نیشانی خەڵک دەدا.
زۆرترین فرۆشی ئەو پێڵاوە لە دوو کاتدا بووە، بەر لە جێژنەكان و لە کاتی کردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان. ئەو کات بەهۆی باری ئابووریی سنووردارەوە، خەڵك زۆر لە شێوە و ڕەنگی پێڵاویان نەدەپرسی، تەنیا چاویان لە کوالێتییەکەی و نرخەكەی بوو تا بە خەرجییەكی كەم، پێڵاوێكیان بۆ ماوەیەكی درێژ دەست كەوێت. بۆیە لە كاتی كڕیندا هەوڵیان دەدا پێڵاوەكان گەورە بن بۆ پێی منداڵەكان نەك بچووك، تا بتوانن بۆ ماوەیەكی درێژ بەكاری بێنن، ئەودەمی ژن لە هەولێرێ قسەیەکی باویان هەبوو، دەیانگوت ”باتە نادڕێت“.
زۆربەی قوتابییەکانی هەولێر لە نیوەی دووەمی سەتەی بیستەمدا، یادگارییان لەگەڵ ئەو پێڵاوە هەبوو. ساڵێکی تەواویان بە لەپێكردنی پێڵاوێكی باتە لە شەقام و کۆڵان و قوتابخانە بەڕێ دەكرد.
بۆ هەندێكیش ناوی باتە بووبووە هێمایەک بۆ کەشخەیی، جگە لەوەی لە هەموو ماڵێکدا هەبوو، کەسە دیار و ناسراوەکانیش لە پێیان دەکرد، هەژارەکانیش دەستیان پێ دەگەیشت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved