نەخـــشی یــەکــــەم گـــەڕەکی مۆدێــــرن
نەخـــشی یــەکــــەم گـــەڕەکی مۆدێــــرن

ساڵی ١٩٥٦ـە، شاری هەولێر بەرەو قۆناغێکی نوێی فراوانبوون هەنگاو دەنێت، دەیەوێت لە قەرەباڵغیی گەڕەکە کۆنەکان بێتە دەرەوە.
لەو سەردەمەدا، ژمارەیەك فەرمانبەر و مامۆستای پێشەنگ، لە چوارچێوەی کۆمەڵەی فەرمانبەران بە خەونێکی گەورەوە لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی گەڕەکێکی مۆدێرن و شایستەی نیشتەجێبوون دروست بکەن.
بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە، کەسیان لە بیر نەبوو، جگە لە ڕووکردنە ئەندازیارێکی گەنج و دەرکەوتووی شار، کە تازە لە زانکۆی میشیگانی ئەمریکا، ماجستێری لە ئەندازیاری شارستانی تەواو کردبوو.
داوا لە ئەندازیار ئیحسان شێرزاد دەکەن، نەخشەی گەڕەکە تازەکەیان بۆ دابڕێژێت، بێ ئاگا لەوەی ئەم هەنگاوە دەبێتە وەرچەرخانێکی مێژووییی گەورە لە تەلارسازیی هەولێردا و یەکەمین گەڕەکی مۆدێرنی شارەکە بەناوی ئیسماعیلییە دروست دەبێت کە دەبێتە ناسنامەی نیشتەجێبوونی چینی ڕۆشنبیر و مامۆستایانی هەولێر.
گەڕەکی ئیسماعیلییە لە ١٩٥٧ەوە خەڵکی تێدا نیشتەجێ بوو، بە ناوی ئیسماعیل حەقی پارێزگاری ئەو کاتی هەولێر كرا بوو، بەڵام دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووز، ناوەکەی گۆڕا بۆ گەڕەكی ئازادی.
گەڕەکە تازەکەی هەولێر نەخشەكەی بەجۆرێک بوو، شەش بۆ حەفت کۆڵانی تێدا بوو، هەر کۆڵانێک نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ خانووی لە خۆ دەگرت. ڕووبەری خانووەکان ٤٩٠ بۆ ٥٥٠ مەتر بوون.
لەو کاتەدا ئازادی تەنیا گەڕەک نەبوو، بەڵکو لە شێوەی شارۆچکەیەکی بچووک بوو. سێ باغی گشتی، قوتابخانە، بازاڕێکی بچووک، بنکەی پۆستە و تەنانەت گۆڕەری تەلەفۆنیشی تێدا بوو.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، هێڵی شەمەندەفەری هەولێر - بەغدا بەتەنیشت گەڕەکەکەدا تێدەپەڕی و دەنگی شەمەندەفەر بووبووە بەشێک لە مۆسیقای ژیانی دانیشتوانەکەی.
ئاسۆ حەیدەری خاوەنی کتێبخانەی حەیدەری، كە ئێستە لەناو كۆنترین خانووی هەولێری دەستكردی ئەو ئەندازیارە دایە، وردەکاریی ئەو مێژووە بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە ”کۆمەڵەی فەرمانبەران زەوییەکەیان لە دەرەوەی شار لە حاجی حەیدەر عوسمان کڕی. ئیحسان شێرزاد وەک یەکەم ئەندازیاری هەولێری، نەک تەنیا نەخشەی گەڕەکەکە و کۆڵانەکانی كێشا، بەڵکو نەخشەی سەرجەم خانووەکانیشی کێشا. تەنانەت وەک ئەندازیارێک ماڵەکەی خۆیشی هەر لەو گەڕەکە دروست كرد و تێیدا نیشتەجێ بوو“.
پێشتر خانووەکانی هەولێر بە شێوازی ڕۆژهەڵاتی كراوە و حەوشەدار بوون، وەک نیوە زیندانێکی داخراو وا بوون. بەڵام ئیحسان شێرزاد شێوازی مۆدێرنی ئەمریکیی هێنایە هەولێر، بەپێی پێداویستیی خێزانی کورد وەری گێڕا.
خانووەکانی لەسەر ڕووبەری ٥٠٠ مەتر دروست دەکرد، زیاتر لە ١٢٠ مەتری بۆ باخچەیەکی کراوە تەرخان دەکرد. ئاسۆ حەیدەری دەڵێت ئەو ئەندازیارە لە بریی ئەوەی سەیری مۆدەی ئەو دەم بكات، پێداویستیی خەڵكی بۆ ژیانێکی ئارام ڕەچاو دەكرد. دەشڵێت ”سەرەتا کەس نەیدەوێرا بچیتە ئەو گەڕەکە، چونکە دەشت و چۆڵەوانی بوو، عەلی جوکل کە یەکەم کەس بوو ماڵی بردە گەڕەکە نوێیەکە، خەڵك پێیان دەگۆت کو دەوێری لەوێ بژی؟“.
بۆ پاراستنی ڕۆحی تەلارسازیی ئەو دەم و زیندووهێشتنەوەی یادگارییەکان، ئاسۆ حەیدەری یەکێک لەم خانووە كۆنانەی ئازادیی کردووە بە کتێبخانەی حەیدەری. خانووەكە تا ئێستە شێوە ڕەسەنەکەی خۆی پاراستووە، نزیکەی سێ تا چوار هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێبی تێدایە، بووەتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری کە حەفتانە کۆڕی شیعری (شەونشین)، دیداری فەلسەفی و نمایشکردنی فیلمی سینەماییی تێدا بەڕێوە دەچێت.
یەکێک لە بەرنامە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ماڵە ڕۆشنبیرییە ناوی (ساڵێک لە تەمەنم)ە، کە کەسایەتییەکان بانگهێشت دەکرێن بۆ گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیان.
لەم بارەوە ئاسۆ حەیدەری دەڵێت ”دەمویست كتێبخانەكە لە ماڵێکدا بێت نەک دوکانێکی مۆدێرن. خانووە کۆنەکانی سەردەمی ئیحسان شێرزاد ڕۆحێکی تایبەتیان تێدایە کە لە خانووی ئێستە نادۆزرێتەوە. ئەمە لە دیزاینی کتێبخانەکەش هەوڵمان دا ڕەفەکان و ڕەنگەکان لەگەڵ ڕۆحی خانووەکە بگونجێنین، بۆ ئەوەی هەر کەسێک بێتە ژوورەوە هەست بە گەرمیی ماڵێکی ڕەسەن بکات، نەک تەنیا شوێنێکی بازرگانی.“
ئیحسان شێرزاد تەنیا ئەندازیار نەبوو، بەڵكو شۆڕشگێڕێكی شارستانی بوو، فەلسەفەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر گۆڕی. ئەو خانووانەی نەخشەی بۆ کێشان، پێداویستییەكانی خەڵكی پڕ دەكردەوە. پێشتر خانووەكانی هەولێر حەوشەیەکی تەسکیان هەبوو، بەڵام ئەو شێوازەکەی گۆڕی؛ باخچەیەکی گەورە لە پێشەوە، هۆڵ و مەتبەخێکی مۆدێرن، ژوورەکانی بە جۆرێک دابەش دەکرد کە مرۆڤ هەست بە ئازادی بکات.
ئیحسان شێرزاد تەنیا كاری بۆ گەڕەکی ئازادی نەكرد، بەڵكو یەکەم کەس بوو لە ١٩٤٨ بنمیچی كۆنكرێتی مۆدێرنی لە عێراق بەکار هێنا، زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەی گرینگی لەو وڵاتە جێبەجێ کرد. لەوانە نەخشەكانی بنکەی مۆنۆمێنتی ئازادی لە بەغدا، پەیکەری سەربازی ونبوو و یاریگەی نێودەوڵەتیی شەعب.
ئەو ئەندازیارە هەولێرییە ناوی لە كتێبی (Who›s Who)ی جیهانیدا هاتووە و شایەتی بۆ بەخششەكانی داوە. سەرباری ئەمانەش، سەرۆکایەتیی کۆڕی زانیاریی کوردی کردووە و دەیان توێژینەوەی زانستیی پێشکێشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
ئاسۆ حەیدەری كە شارەزایەكی ژیانی جارانی هەولێر و دیمەنە كۆنەكانی شارە، بە خەمەوە دەڵێت ”ئێستە ئەو حەفارانەی بە کەڵبەکانیان خانووەکان دەڕووخێنن، وەک دەیناسورێك دێنە بەرچاوم كە ماڵی ڕەسەنی جارانمان خاپوور دەكەن، با مێژوومان هەمووی نەکەینە بلۆک و چیمەنتۆ، ئەو خانووانەی جاران تەنیا دیوار نین، بەڵکو ڕۆحی شارەکەن و پێویستە بپارێزرێن“.

پڕۆفایلی ئیحسان شێرزاد

ساڵی ١٩٢١ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٤٦ کۆلێژی ئەندازیاریی بەغدای تەواو کردووە. لە ١٩٥٠دا ماجستێری لە ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی میشیگان بەدەست هێنا. ساڵی ١٩٦٢ بەکالۆریۆسی یاسا و لە ١٩٨٧ دکتۆرای لە کارگێڕی بەدەست هێنا.
یەكێك لە ناودارترین ڕاوێژكارەكانی ئەندازیاری بووە لە عێراق، لە ١٩٦٧ تا ١٩٧٤، پێنج جار بووەتە وەزیری شارەوانی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هەروەها لە ١٩٧٢ - ١٩٧٦ سەرۆکی کۆڕی زانیاریی کورد بووە.
دەیان توێژینەوەی زانستیی لە بوارەکانی پشکنینی خاک، کاریگەری خوێ لەسەر کۆنکرێت، سیستەمی بیناسازی لە بەغدا هەیە، کتێبی بەرگریی کەرەستەکانی نووسیوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved