نیو سەدە بەبێ خەو
نیو سەدە بەبێ خەو

بۆ هەموو كەس، شەو پەناگەی جەنجاڵی ژیانە، خەو لە ماندووێتیی ڕۆژ دەتحەسێنێتەوە، بەڵام زیاتر لە نیو سەدەیە، خەو بۆ سەعید سەلیم خان، تراویلكەیە.
ئەو پیاوە دانیشتووی شارۆچکەی دیانایە، ماوەی ٥٥ ساڵە یاساکانی بایۆلۆژیی تێکشکاندووە و چاوەڕێی ساتێك ونبوون لە خەودا دەکات، بەڵام بێ سوودە.
سەعید سەلیم خان مهاجیر لەدایكبووی ١٩٦٥ە، بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە كە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تا ئێستە خەوی لێ نەكەوتووە، دەیان ساڵیشە وەك پەرستار و یاریدەدەری پزیشك كار دەكات، دەرمانێكی بۆ دەردی بێ خەویی خۆی نەدۆزیوەتەوە.
سەعید، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری، سەردانی چەندین پزیشكی پسپۆڕی كردووە، دەرمانی زۆری بەكار هێناوە، بەڵام وەكی خۆی دەڵێت “بە حەب و دەرمان تەنها سەرم گێژ دەبێت”، بە هیچ دەرمانێك خەوی لێ نەكەوتووە٠
ئەگەرچی نەخەوتن ئازاری جەستەی دەدات و بێتاقەتی كردووە، بەڵام بەناچاری لە ماوەی تەمەنیدا لەگەڵ ئەو دۆخەی ڕاهاتووە و دەڵێت ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی، شەو و ڕۆژی بێ نووستن بەڕێ كردووە، ئێستە وای لێ هاتووە زۆری ڕك لە شەوە، چونكە ناچارە ئەو هەموو كاتژمێرە بە تەنها دابنیشێت، لە كاتێكدا خەڵك و ئەندامانی خێزانەكەی دەنوون. دەڵێت “هەندێك جار ئاوات بە شەوی كورتی هاوین دەخوازم، چونكە شەو چەند درێژ بێت، بێزاری و ئازاری زۆرتر دەچێژێت”.
جگە لە سەعید سەلیم خان، باوكی، برایەكی گەورەی و خوشكێكیشی بەهەمان شێوە كێشەی خەویان هەبووە، بۆیە پزیشكەكان دەڵێن دۆخەكە بۆماوەیییە و ژمارەیەك ئەندامی خێزانەكەی گرتووەتەوە.
ئەو پیاوە كە یاریدەدەری پزیشكی بووە و ئێستە خانەنشین كراوە، باس لەوە دەكات كە لەوەتەی بەبیری دێت یەك جار بۆ چەند كاتژمێرێك خەوێندراوە، ئەویش بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك بووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved