ئێستە لە حەفتاکانی تەمەنی دایە، بە حەسرەتەوە لاپەڕەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی لە تەعجیل هەڵدەداتەوە، چیڕۆکی سەردەمانێك دەگێڕێتەوە کە ڕۆژانی جێژن تاكە سەرچاوەی خۆشی و ئازادییان بوو، بەتایبەتی ئەو كاتانەی لە بن لەیلووكانیان بەسەر دەبرد.
نەجات شەریف كە ئێستە وەستای چاككردنەوەی تراكتۆرە، باسی شوێنی یاریكردنی جێژنانی جاران و بن لەیلووكان بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێت “بن لەیلووكان لە ساحه‌ی لای قەبرستانی چراغ بوو، ئەو جێیە پێشتر قەسابخانە بوو، ئێستە پێی دەرێن داون تاون، لە بەینی هەردوو قەبرستانی چراغ و قەبرستانی گەورە، لە تەنیشت بەنزینخانە و لەگەر چێورمەی قەبرستانێ یەک بوو”.
باس لەو كەسانەش دەكات كە بە جێژنان لەیلووكیان دادەنا و دەڵێت “ئەو ئیشه میهنە نەبوو، هەر کەس بێ ئیش بایە، دوو داری دادەنا و لەیلووكەکی قيت ده‌كرده‌وه، سێ چار ڕۆژی جێژنەی پێ بەڕێ دەکرد و دوایێ هەری دەگرتەوە. ئه‌و زەمانی کەس ئیمکانیەتی نەبوو، خەرک بە عام فەقیر و نەدار بوو . شەڕواڵ بەشەش درهەمی بوو، خەرك لۆ منداری خۆی پێ نەدەکڕدرا، دەچوون کراس و بێجامەکیان لۆ دەدووری”.
كە سبه‌ینەی جێژنە دادەهات، منداڵ هێقەی بابیان دەگرت هه‌تا پێنج فلسیان وەردەگرت، ئەوجا کۆمەڵە منداڵەك بەدوای دۆرچی دەكەتن بەرەو بن لەیلووکان دەچوون. نەجات دەڵێت “ژن و مندار لە ئەتڕافی قەبرستانێ دادەنیشتن، وەکی ئەوەی هاتبنە مەدینەت ئەلعاب، لەوێ چەرخوفەلەک و لگاو و عەلاویش هەبوو، هەر بابایە دوو سێ مندار پێکەوە سواری لەیلووكی یان چەرخوفەلەکی دەبوون، که‌ر و عه‌ره‌بانەش هەبوو، منداڵ هەتا سەر جادەی سوار دەبوون و دەگەڕاوە بە پێنج فلسی”.
جێی ئێستەی بازاڕی نیشتمان، ناوەندی بەست بوو، لە بەستێ دەپەڕییەوە، کەر و ئەسپەکان لە کن ماری خەسرۆ جامبازی بوون، لەولاتریش هەندەک جامباز ئەسپ و هێستریان ڕادەگرت لۆ گەنجان، بە درهەمەکی سوار دەبوون و فەڕەکیان لە دەوری قەبرستانەکە لێ دەدا. کەر و عارەبانەش هەبوو لە قەبرستانێوە دەیانبردییە لای پردی سەیداوەی. لۆریش هەبوو، زیاتر مێرمندار و گەنج سوار دەبوون، دەچوو لۆ شێخ گەزنەی و دەگەڕایەوە.
نەجات شەریف ئەوەش دەگێڕێتەوە كە منداڵی جاران برسی بوون، لەو ساحەیە کۆکە و بیبسی و لەفەی هێلکە و پاقڵاوە داندرا بوون لۆ فرۆشتنێ. لەسەر کێلی قەبرەکانیش هەندەک لەو گەنجانە خەریکی قوماری بیستویەک، شێروخەت و لگاو بوون، کابرا ته‌به‌قه‌كی داده‌نا شه‌ش ڕه‌نگی له‌سه‌ر بوو، زاره‌كه‌ش شه‌ش ڕه‌نگ بوو. هه‌ر كه‌س پاره‌ی له‌سه‌ر ڕه‌نگه‌كی داده‌نا و زاره‌كه‌ی ده‌سوڕاند، ساحێب لگاو هاواری ده‌كرد زۆر دانێ زۆر ببه.
هەرزەكارەكان، پاش ئەوەی سه‌ره‌كیان له بن لەیلووكان ده‌دا، ده‌چوونه سینه‌مای حەمڕا یان سه‌ڵاحه‌دین. زۆربه‌ی فیلمه‌كان سووری و لوبنانی بوون، بلێتی فیلم بە ٤٠ فلسی بوو. كابرایه‌ك بە ناوی غازی، لەناو بازاڕی ده‌گه‌ڕا، قه‌تعه‌كی فیلمی له‌سه‌ر شانی داده‌نا و هاواری ده‌كرد ”ئەقوا ئەفلام هیندیە”، كابرایه‌كیش له پێشی ده‌ڕۆیشت ناوی ڕه‌سووڵ سینه‌ما بوو، كاخەزەكیشی پێ بوو ده‌یدا عاله‌مێ، سێ چوار ڕۆژ پێش وه‌خت دیعایه‌ی لۆ فیلمه‌كه‌ی ده‌کرد.