خەنەبەندان لە حەمامەکانی جاران
خەنەبەندان لە حەمامەکانی جاران

سەعات یەکی نیوڕانێیە؛ بووک لەسەر بەردەکەی ناوەڕاستی حەمامێ دانیشتووە، سوعادی پووری بە چاوە کزەکانی چاودێریی ئامادەبووان دەکات، كیژان و ژنان بە ئەتەکەوە، دەستێک بە خەنە و دەستەكەی دی موومێکی داگیرساو، دەوری بووک دەدەن و گۆرانیی شاد دەڵێنەوە.
لە ناکاو بە هەلهەلە و شایی و سەمای هەولێرییانە، پێشوازی لە ناتری حەمام دەکرێ کە لۆ شووشتنی بووک هاتووە.
بووکیش جارجارە بەمەبەستی حاسڵبوونی مرازی دڵی کچان، دەست لە پشتی یەکێکیان دەوەشێنێت.
دوای سەرشووشتن، میوان دەست بە خواردنی دۆڵمە و شفتە و بریانی و شیرینی دەكەن، پاشان دوو دوو و سێ سێ کیژان و ژنان دەست بە خۆشووشتن دەكەن. ئەو بەزمە هەتا سەعات ١١ی شەو بەردەوام دەبێت، ئەوجا دایكی بووك بەخشیش بە خاوەن حەمام و ناتر دەدات و میوان دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.
سوعاد (تەمەن ٦٧ ساڵ)، لە گۆشەی ژوورێکی بچووکدا سەری خستووەتە سەر کیسەیەک، کە وێنەی مانگێکی سەوزی سێ شەوەی بە ڕووی پێشەوەیدا نەخشێنرایە، خەریکی جیاکردنەوەی حەبەکانی نیوەڕۆ و ئێوارێیە. دوای یەکەم پرسیار لە بارەی خەنەبەندان لە حەمامەکانی جاران، چەند چرکەیەک دەست لە جیاکردنەوەی حەبەكان هەڵدەگرێت، بە چەند وشەیەکی سادە و شیرینی هەولێرییانە دەڵێت ”حەمامی بازاڕ جاران بەس جێی سەرشووشتن و یەکدی دیتنی جیران و خزم و کەس نەبوو، جێی دابونەریتی هەولێرییان بوو، جێی مەراسیمی خەنەبەندان و عید میلادیش بوو. خاسەتەن حەمامی قەراتێ، حەمامی ١١ی ئازار، حەمامی کوردستان، حەمام خۆشناو و حەمام شۆڕش، عایلەكان هەموو حەفتان ڕۆژەکیان لۆ خۆشووشتن دادەنا“.
لە باسی مەراسیمەكانیشدا، سوعاد دەڵێت ئەوەندەی لە بیری بێت، یان لە دایکی و داپیریشی گێ لێ بووە؛ حەمامەکانی بازاڕ لۆ ژنان بەس بۆ سەرشووشتن نەبوون، بەڵکو ماڵی دووەم و جێی گۆڕینەوەی هەواڵەکانی ژنانی گەڕەک و شار و خزمان بوون، هەر لە حەمامەكان خوازبێنی و خەنەبەندان دەكرا و جار هەبوو ژن لە حەمام منداڵیان دەبوو.
ئەو ژنە هەولێرییە بە تایبەت باسی ڕێوڕەسمی داخوازیكردنی كیژان لە ناو حەمام دەگێڕێتەوە و دەڵێت بۆ ئەو جۆرە ئاهەنگانە، دەبووایە چەند ڕۆژێک پێشتر ئامادەكاری بکرێت، جلوبەرگی جوان و ڕازاوە، خواردنی تایبەتی هەولێرییان و چەند جۆرە شیرینییەک دروست بکرێت، پێشتر کەسوکاری بووک سەردانی حەمامەکەیان دەکرد بۆ بەکرێگرتنی و پێی دەگوترا (قەپاتکردن)، چونكە خاوەنی حەمام سەردانیکەرانی ئاگەدار دەکردەوە کە ڕۆژی دیاریکراو حەمام قەپات بووە و تەنها پێشوازی لە میوانانی مەراسیم دەكرێت و كەسی دی ناتوانێت بچێتە ژوورێ.
ئاهەنگی خوازبێنی، بە لێدانی دەهۆڵ، زوڕنا، دەف و چەپڵەلێدان دەست پێ دەكات، بووک دەبردرایە ناو حەمام و هەموو بەشدارییان لە شایی و هەڵپەڕكێدا دەكرد. سوعاد دەڵێت ”ئەودەمی خەرك سادە و درساف بوون، دەستیان لەو عورف و عادەتەی هەرنەدەگرت و بەبێ فەرقی بەشدار دەبوون، ئەلعانیش لە ناو هەندەك عایلەی هەولێرێ ئەو عادەتانە ماینە، بەس وەكی جاران سیقە نەمایە، لۆیێ ئەو مەراسیمانە بە قەرەبارغی ناكرێن“.
لە ئاهەنگی خەنەبەندانی جاراندا لەناو حەمامەکان، دیمەنی تایبەت و سەرنجڕاكێش هەبووە كە پێیان گوتووە خەڵوەت. ئەركەكەی لەسەر ماڵی بووك بووە. لە هەمان كاتدا ماڵی زاواش لە حەمامێکی دیکە ئاهەنگی پیاوانەیان بۆ کوڕەکەیان كردووە.
لە ناوەڕاستی هەموو حەمامێکی کۆندا، بەردێکی گەورە هەبوو کە لە مەراسیمی ئاهەنگەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕا. بۆ نموونە لە ئاهەنگی خەنەبەندان بووک لەسەر ئەو بەردە دادەنیشت یان ڕادەوەستا، کچانیش بە سەمای تایبەت بەو مەراسیمە بە دەوری بووکدا دەسووڕانەوە.
سوعاد دەڵێت ”ئاگرەك لەسەر بەردەکەی ناوەڕاستی حەمامێ دەکراوە، خەنە لەناو جامەكەی دەگیراوە، لە دەوری ئەو جامەش موومی داگیرسای ڕیز دەکران. کیژ و ژن بە دەوری بەردەکەیدا دەسووڕانەوە، ڕەقسیان دەکرد و گۆرانییان دەگۆت. هەندەك جار كیژەكان خەنەیان لۆ مراز حاسڵبوونێ لەگەر خۆیان دەبردەوە مارێ“.
هەر لەناو حەمامەکانی هەولێرێ، ئاهەنگی منداڵبوون بەڕێوە دەچوو، کە پێی دەگوترا (دەرکردنی چلە)، تایبەت بوو بەو ئافرەتانەی تازە منداڵیان دەبوو. بەگوتەی سوعاد، بەشی یەکەمی ئەو ئاهەنگە تایبەت بوو بە نەهێشتنی ئازاری جەستەی دایکەکە، لە ڕۆژی حەفتەمی لەدایکبوونی منداڵ ئەنجام دەدرا، تێكەڵەیەكی سروشتی لە زەنجەفیل، ڤیکس و خەنە ئامادە دەکرا. ناتر كە ژنێکی بەهێز و دەستوپل گەورە بوو، هەموو گیانی دایکەکەی چەور دەکرد و دەشێلا، هەتا ئەو ژان و ئازارەی لێ دەركات كە لە کاتی منداڵبووندا دیتویەتی.
بەشی دووەمی ئاهەنگەکەش لە ڕۆژی چلەم ئەنجام دەدرا، سوعاد دەڵێت ”وەكی مندارەكە عومری دەبووە چل ڕۆژ، دیسان ناتر لە ناوەندی حەمامێ لەسەر عەینی بەرد، سەری داکەکەی جوان دەشووشت و لەسەر بەردەکەی درێژ دەکرد، بە تیرۆگەک پشتی دەپەستاوە لۆ وەی دەماری بێنەوە جێی خۆی. ئەوجا بە شانەکی پرچی دادەینا، لەناو حەوزەكە چل جام ئاوی پێدا دەكرد، ژنەكی خیندەواریش هەندەك قورعانی لۆ دەخیند، ئەوجا پێیان دەگۆت پیرۆزە و چلەت دەرچوو“.
كە ئاهەنگی چلە تەواو دەبوو، خواردن و شیرینی و خواردنەوە پێشكێشی میوان دەكرا. جار هەبوو جۆری شیرینییەكە نیشانە بوو بۆ ڕەگەزی منداڵی تازە لەدایكبوو، بۆ منداڵی كوڕ پاقڵاوەی بە فستق و بۆ كچیش پاقڵاوەی بە گوێز پێشكێش دەكرا.
ئێستە كە زۆربەی حەمامەکان بە یەكجاری قەپات كراون، سوعادیش حەبەکانی لێكدی جیا كردووەتەوە، هێشتا هەڵمی یادەوەریی هەولێرییەكان لەناو هەوای ئەو شارەدا ماوەتەوە. ژیانی مۆدێرن دەرگەی ئەو ماڵە دووەمەی كیژان و ژنانی داخست، بەڵام گەرموگوڕیی ئەو ڕۆژگارەی لە ڕۆحی شارەكەدا نەسڕیەوە، مێژووێك كە ئاو شاهێدی بێت، وشك نابێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved