تابلۆی کاروانچی
تابلۆی کاروانچی

لە تابلۆیەکەدا دیارە، ئەو ڕێگەیە کۆنترین ڕێگەى هاتوچۆیە کە هەولێر و ناوچەکانى سەر ڕێگەى پیرمام و گوندەکانى دەوروبەرى وەک مەلا ئۆمەر و پیرزین تاکو شەقڵاوە و دەوروبەرى دەبەستایەوە، خەڵکانى خۆشناوەتى دواى پێگەیشتنى بەروبوومەكانیان هەندێک بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و ئەوی تریان بۆ مەبەستى بازرگانى دەخستە بازاڕەکانى شەقڵاوە و پیرمام تا دەگەیشتە بازاڕەکانى هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک جار خێزانەکانیشیان بە سوارى ئەسپ و بارگیر لەگەڵ بەروبوومەکانیان بار دەکرد و ئەو ڕێچکۆڵەى بەرەو هەولێر دەچوو دەگرتە بەر تا دەگەیشتنە ئەو شەقام و ناوچەیەى ئێستە دەکەوێتە نزیک وەزارەتى تەندروستى، کە ئەو کات هەردوو لاى ئەو ڕێچکۆلەیە باخچە بوون، دواى ئەوە حەمامى عەلیاغا و بەرەو مزگەوتى شێخە ڕەشکەى نزیک دەروازەى بازاڕى بەقاڵەکانى کۆنى هەولێر.
لە تابلۆکەدا ئەوەش دیارە، یەکێک لە کاروانچییەکانى دەڤەرى ناوچەى خۆشناوەتى قەرتاڵەى ترێ و هەنجير و هەنار دەهێنێت بۆ ناو بازاڕى هەولێر، پاشان لە خانەکان یاخود لەناو بازاڕدا بەرهەمەکانیان دەفرۆشتە بەقاڵەکان و هەندێک جاریش ئەم پیشەوەرانە مێوژ و هەنجیرى وشککراوە و هەنار و سرکەیان بار دەکرد و بە ناو کۆڵانەکانى هەولێردا دەگەڕان و دەیانگۆڕییەوە بە شتومەکى تر وەک سابوون و تایت و جلوبەرگ و شەکر و تۆچا یاخود بە پارە دەیانفرۆشتەوە.
ئەو پیشەیە ئەوەش دەگرێتەوە، کە وەک ڕەوەند و کۆچەرییەکان پەنیرى ناو پێستە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان و دۆشاو و هەنگوین بە مەبەستى بازرگانى مامەڵەیان لەگەڵ بەقاڵەکانى هەولێر دەکرد، ئەمەش وەک پیشەیەکى بەردەوام لە ناو کۆمەڵگەدا باو بووە. هاوشێوەى ئەم پیشەیەش زۆر بوون، بۆ نموونە ئەوەى بە بیرم دێت پیاوێکى مەسیحى هەبوو ناوى مام سڵێوە بوو، قەڵەوێك بوو بە سوارى کەرێکەوە لە شارۆچکەى عەنکاوە (دیارە دەشت و دەرى ئەم ناوچەیە بە چاندنى نیسک و نۆک بە پیت بووە)، لە دواى دروێنەى نیسک و نۆک، بەرهەمەکانى بەناو کۆڵانەکانى شارى هەولێردا دەگەڕاند و موشتەریی تایبەتى خۆى هەبوو لێیان دەکڕى.
ئەو پیشانە لە سەردەمى کۆندا سوودى بۆ کەسانى کاسبکار و ڕەزەوانەکان هەبووە بۆ دابینکردنى داهات و بەخێوکردنى خێزانەکانیان لە لایەک و لە لایەکى دیكەش بۆ ساغکردنەوەى بەروبوومەکان و پڕکردنى بازاڕ و دابینکردنى بەروبوومى کشتوکاڵی، بەڵام دواى پەرەسەندنى کۆمەڵگە و پێشڤەچوونى ئامێرەکانى گواستنەوە، ئەو کاروانچییانە پەنایان بردە بەر ئامرازى گواستنەوەى نوێ وەک پیکاب و عارەبانەى تراکتۆر.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved