لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەتەی ڕابردوو، بە ڕووداوێک ژمارەیەک دوکانی بازاڕی قەیسەریی هەولێرێ سووتان، كە هەولێر هێشتا فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی لێ نەبوو.
لە ژمارە ٣٧ی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەمووزی ١٩٥٥، گۆڤاری (هەتاو) هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە شەوی پێنجشەممە (١٣ی تەمووز)، ئاگرێکی گەورە لە قەیسەریی هەولێر کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ١٤ دوکان سووتاون، زەرەر و زیانێکی زۆر بە خاوەنەکانیان گەیشتووە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەگەر دەستوبردی پۆلیس و سەربازانی نزیک لەوێ نەبایە، ڕەنگە هەموو بازاڕ (ئەو کات تاکە بازاڕی هەولێر، قەیسەری بوو)، سووتابایە.
لە كاتی ڕووداوەكەدا، لە هەموو عێراقدا، تەنیا لە هەولێر فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە نەبووە، بۆیە داڕێژەرانی هەواڵەکە داوایان لە دەوڵەت کردووە فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی هاوشێوەی شارەکانی دیکە، لە هەولێریش بکرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە (گڵکەند) گەیشتووە، دوای ١٩ ساڵ لەو ڕووداوە، حکوومەتی ئەو كاتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٤دا، فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی لە هەولێر کردووەتەوە.
