لۆ و وانێ
لۆ و وانێ
June 30, 2026

ئەو مامۆستایەش ماڵی لە میرپێداوان بوو، دەرگای بە دیواری کۆلیژەوە. میرپێداوان ئەو گەڕەکە بەردینە حەوشە بە داروبار و گوڵ نەخشینە بوو کە کەوتبووە نێوان بەلاشاوە و سەیداوە و گڵکەندەوە.
هەندێ کەس بە گەڕەکی خواپێداوان ناویان دەهێنا. بەڵام لای ئێمەی بەلاشاوەیی میرپێداوان بوو. ئەوەش لە داهێنانی شاتکە شێتی خۆمان بوو، ئەو (میر)ی لە جێی (خوا)یەکە دانابوو. شاتکە دەیگۆ: خودا کاری بێجێ ناکا، بە هەندێکی بدا، بە هەندێکی نەدا.
مامۆستا لەنجەولاریشی (وانێ)ی لێ دەباری، گەلەك ناسك گۆیدەكرد، گۆکردنی وا نیە و نەبووە، دەتگۆ خوداوەند دەم و لێوی وی بۆ (وانێ) نەخشاندووە. بەرایی ساڵی خوێندن بوو، وانەیەکی تایبەت کرد بە خۆناساندن و یەکترناسین. پرسی: كێ خەڵكی سلێمانییە؟
سێیەكی پۆلێ دەستیان هەڵبڕی، مامۆستا بۆ هەر یەكەیان نیو خولەكێ، خولەكێ بواری قسەکردنی دانێ. دوایوەی لە قسان بوونەوە، هەموو هۆپەكمان لە خۆمان زانی كاتێ ئاماژەی بۆ کەسێک کرد و گوتی: جگە لەو كچە، كەستان سلێمانی نین.
بووە واتەوات و حەفتوهەشت، بۆچی و چۆن وا ئەبێ و...
مامۆستا گوتی: هەر یەك لە ئێوە شەش حەفت رستەتان لە دەم دەرچوو، كەچی (وانێ)یەكی تێدا نەبوو.
مامۆستا پێدا هات. لە خانەقییەوە بە کەرکووکدا تێپەڕی، لە زێی گەورە پەڕییەوە و گەیشتە بەری نەینەوا و بادینان. پێداهات، بیرمدێ ئحمێكی ناسكی كرد و روو لە پەنجەرە پەنجەی خستە نێو پرچیەوە و تیچاوێكی دایە پۆل و پرسی: ئەی چەند كەستان خەڵكی هەولێرن؟
سێ چوار كەس دەستیان هەڵبڕی، بە بزەیەكی شیرین كە هەر لە خۆی دەهات: ئەی ئەم هەموو (لۆ)یە چیە؟ پۆل بە سێ كەس دەبێتە لۆخانە؟
قسەی مامۆستایە، لۆ كراشە دەكات، ئەدی لۆ دەستیان هەڵنەبڕی؟
دواتر پێکەوتم هی هەر شوێنێکی سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆی بە سلێمانیی دانا، بەڵام هەبوو هی باخەمرەی بن هەولێرێ بوو، خۆی نەکردە هەولێری.
نیگەرانی لە بە هەولێریبوون لەوەوە هاتبوو کە هەندێ لە شارستانەکان کە بە تورکمان بووبوون و کوردبوونیان لە خۆ داڕنی بوو، هێ لە خۆیان کەسیان بە هەولێری نەدەزانی. کرمانجەتیش وا تێگەیشتبوو ئەگەر گوتبات من هەولێریم، واتە تورکمانم.
ئێ. دوو حەفتەی پێنەچوو پۆل پڕبوو لە وانێ وانێ، لەوانەی دەڤەری سلێمانی تەنها كوڕە هەمەوەندییەكە كە ناوێكی وەك قادری هەبوو، وانێی بە سەر زاردا نەهات و نەهات، بە پێكەنینەوەش دەیگوت: لە هەمووتان سلێمانیترم.
(لۆ)ش بەرە بەرە لە کەمی دا، ئیدی لەو رۆژەوە لە کاتی پرسیار و وەڵامدانەوە (لۆ)یەکان بوونە (بۆ) و (ر)ی ناسک و باریکەڵەش بووە (ڵ)ێکی لە خۆی قەڵەوتر.
تەنێ من و سێ چوارێ بە (لۆ) ماینەوە. مامۆستای زار تژی لە وانێ لە وانەیەکدا بە زمانی شەکراوی گوتی: وای، ئەو (لۆ)یەی ئێوە لۆ وا ناسکە!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved