مزگەوتی گەورەی بارزانی، كە شاکارێکی تەلارسازیی نوێی كوردستانە، لەسەر جووتسایدی ١٥٠ مەتریی هەولێر، لە نێزیک گەڕەکی سەربەخۆیی، بەڕووبەری زیاتر لە دوو ملیۆن مەتری دووجا، وەك گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی جیهان بنیات دەنرێت، دەبێتە هەڵگری ناسنامە و مێژووی نەتەوەییی كوردستان.
بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەگەڕێتەوە كە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خراوەتە ڕوو.
نەخشەی ئەو مزگەوتە كە لەلایەن تیمی كۆمپانیای گراف بەسەرپەرشتیی ئەندازیار گۆران ڕەشید تەواو كراوە، کۆتوبەندی تەلارسازیی ئاساییی مزگەوتەکانی شکاندووە، شێوازێكی تەواو کوردانەی هەیە، لەسەر شێوەی ڕەشماڵ و خێوەتە، بە نەخش و نیگاری ڕەسەنی كوردەواری دەڕازێندرێتەوە.
چاوەڕێ دەكرێت هاوشێوەی پڕۆژە نوێیەکانی دیکە، کە لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ كراون، ئەم مزگەوتەش بە دەستی ئەندازیار و هێزی کاری ناوخۆیی، لە ماوەیەكی كورتدا تەواو بكرێت.
د. گۆران ڕەشید ئەندازیار و مامۆستای زانكۆ، لە بارەی نەخشەی پڕۆژەكەوە، بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”هەموو گۆشەیەکی ئەم باڵەخانەیە پەیامێکی مێژووییی تێدایە. خەباتی مستەفا بارزانی نەمر بە وردی تێکەڵ بە ئەندازەی باڵەخانەکە کراوە، بەرزیی منارەکانی مزگەوتەکە ڕێک ٧٦ مەترە، کە هێمایە بۆ تەمەنی شکۆداریان. بوونی چوار منارەش هێمایە بۆ ناساندنی مێژوو و تەلارسازیی کوردستانی“.
لەناو منارەکاندا بەرزکەرەوە داندراوە، تا سەردانیکەران بتوانن بڕۆنە سەرەوە و لە بەرزاییدا، تەواوی شار ببینن. بە گوتەی نەخشەسازەكە، ئەو مزگەوتە چەندین پێوانەی جیهانیی شکاندووە، گومبەتەکەی بە تیرەی ٦٤ مەتر، گەورەترین گومبەتە لەسەر ئاستی جیهان، دەرگەکانیشی بە بەرزیی ٢١ مەتر بەرزترین دەرگەی مزگەوتن. لە ڕووی توانای لەخۆگرتنی نوێژخوێنانیشەوە، سێیەمین گەورەترین مزگەوتی جیهانە، هۆڵە سەرەکییەکەشی کە لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە، جێگەی نۆ هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە، حەوشە و باخچەکانیشی توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسیان لە یەک کاتدا هەیە. هەروەها گەورەترین مافووری دەستچنی جیهان بۆ ئەم مزگەوتە دەچنرێت.
جیا لە لایەنە ئاینییەکەی، پڕۆژەکە دەبێتە سییەکی نوێ بۆ هەولێر، چونكە پاڕکێکی گەورە لە خۆ دەگرێت، زیاتر لە یەک ملیۆن دار و درەخت و گوڵی تێدا دەچێندرێت. لە ناوەڕاستی پاڕکەكەش، گەورەترین تاڤگەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان دروست دەکرێت کە ئاوەکەی لە بەرزیی ٤٨ مەترەوە دەڕژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکردەوە، ئەمەش دەبێتە شوێنێکی سروشتیی بێ وێنە بۆ حەوانەوەی سەردانیکەران و فێنککردنەوەی کەشوهەوای ناوچەکە.
مزگەوتی گەورەی بارزانی، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی گشتگیر لەسەر ڕووبەرێكی فراوانی هەولێر، گەورەترین کاتژمێری خۆری تێدا دەبێت، لەگەڵ کتێبخانەیەک بۆ گەورەترین ئەرشیڤی دەستنووسە کوردی و ئاینییەکان، مۆزەخانەیەكی مێژوویی، قوتابخانەی ئاینی، هۆڵی کۆنفرانس و بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، بازاڕێکی تایبەت بەکەلوپەلی ئاینی و کوردی، هۆڵی نانخواردنی گشتی و گۆڕەپانێکی فرەوانیش بۆ وەستانی ئۆتۆمۆبێل.
