لە دوا سەفەرم، ئێوارەیەکیان بە پێیان چوومەوە سەیداوە، لەسەر شەقامی شێست مەتری و بەرانبەر نەخۆشخانەی پار، بەناو شەقامە سەرەکییەکەدا دەرچووم.
لەوێ لەبن تابلۆ شینەکەی ناوی هونەرمەندی میللی و دەنگخۆش جەلال سەعیدی پێوەیە، وەستام، ئەوەی لە سەیداوە گەورە بووە، لەوێش کۆچی دواییی کرد، ئێستەش منداڵ و نەوەکانی، لە هەمان کۆڵان دەژین!
ساتێک بە مەراق مامەوە! نازانم بیرم لە چی دەکردەوە، لە ژیان یان لە مردن، لە هونەرە جوانەکەی سەردەمی جەلال سەعید و خزمەکانی، یان وەرچەرخانە هونەرییە نوێیەکەی ئەو سەردەمە، لەبن تابلۆکە وەستام.
کەوتمە بەرانبەر شەقامە سەرەکییە بیست مەترییە پانەکەی لە سەرەتای حەفتاکان، لەگەڵ شێست مەتری و چەند کۆڵانێکی تر قیڕتاو کران!
کۆڵانەکان بەو شەقامەشەوە زووتر؛ گۆم، سیان، کەند، خانووی قوڕی کاریتە، حەسیر، شەقرە بوون، دەبووایە هەڵوەستەیەک بکەم، دەرگەیەکی شینی کۆن، دیوارێکی دەرەوەی بلۆکی دەستی ببینمەوە، یان عارەبانەیەکی دەستیی شکاو، یان ماڵی دوو قوتابییەکەی لەگەڵ داپیریان بۆ خوێندن هاتبوون لە ناوەندیی سەیداوە بخوێنن، لەوێ ژوورێکیان لەناو ماڵێکی خزمیان بە دوو دینار بەکرێ گرتبوو، داپیریان بنەوایان بوو!
ئێمە، هاوپۆلەکانی دی پێمان سەیر بوو، ئەوانە بۆ ئەوەندە بیری گوندیان دەکرد!؟ لە بیرمە یەکێکیان بۆ ماڵەوە، گوندەکە، گوفەکەکە، جۆخینان، بیرە قووڵ و دەوڵکەکە، بۆ لێکردنەوەی و خواردنی گندۆرەکی ناو بیستانە دێمییەکەیان و هاتنی لۆریی زبڵی کورەچییەکان دەگریا، پەرۆش و شێتانە چاوەڕوانی پشووی جەژن، یان نیوە ساڵی دەکرد، تا بە پیکەبە شڕە سوورەکەیان بچێتەوە گوندەکەیان!
ئەو دڵی بەو قەڵاتە بەرزە، بەو ناوەندییە دووقاتە بەردە خاوێنە نوێیە نەدەکرایەوە، مامۆستاکان، منداڵەکانی شاری، ئەوانەی پانتۆڵ و چاکێتیان لەبەردا بوو. ئەوانیش، بێ گومان ئێمەش شەڕواڵمان لەبەردا بوو!
ئەوان و چەند قوتابیی تریش لە گوندێکەوە هاتبوون، کە قوتابخانەی سەرەتاییشی نەبووە، بەیانییان بە پیرەکەرێک چوونەتە گوندێکی تر، بەو جۆرە سەرەتایییان تەواو کردووە! بەڵام لەو ڕامان و نیگا شەرمنە خێرایە دەرگەکەم نەدۆزییەوە، ناوی دوو براکەم نەهاتەوە بیر!
چۆن دەرگەی یادگارییەکە بدۆزمەوە!؟ کۆڵانەکە وەک جاران نەماوە، دیوارەکان ون بوون، قاڵدرمەکانی دەچوونە سەربانەکان هەڵگیراون! ناکرێ لەناو مەخزەنەکان، لۆرییەکانی باریان پێ بوو، دەستفرۆشەکانی هاتبوون بەبار کەلوپەل بکڕن، کلینکی دکتۆر و شوقەی دوو نهۆمی ماڵەکەیان بدۆزمەوە، کە شوێنەواریشی نەمابوو!