لە کۆتاییی حەفتاکان، کاتێک قوتابیی یاسا بووین لە زانکۆی بەغدا، بۆ یەکەم جار گوێم لێ بوو فڵانە قوتابی دەچێتە سوق ئەلسەڕای، ئەو شەقامەی زۆربەی کتێبخانەکانی لێ بوو، لەوێ یەک دوو کتێبی بچووک و هەرزانی دەکڕی، كۆمەڵە کتێبێكیشی دەدزی و دەیگوت دزینی کتێب بەتاوان ناژمێردرێ، چونکە من پارەی زۆرم نییە تا بیانکڕم، کە دەشیانبەم بۆ ئەوەمە ئەو زانیاری و زانستەی لەناو کتێبەکە دان، فێریان ببم و کتێبەکەش نافرۆشمەوە، لەناو کتێبخانەی خۆم دەیپارێزم، دزینی زانست بە دزی ناژمێردرێت.
من لە ناخەوە بێزم لەو کارە قێزەونە بووەوە و پێم قەبووڵ نەکرا، ئەو توانی باوەڕ بە چەند قوتابییەکی دیکە بێنێت و ئەوانیش دەستیان بە دزینی زانست و مەعریفەت كرد، دواتر دزە گەورەکە گەیشتە پلە و پایەكی ئەکادیمیی بەرز و لە زۆر بابەتدا ڕاوێژی پێ دەکرا، بەڵام لەبەر چاوی من هەر کز و ڕیسوا بوو.
لە ڕووی یاساوە، لە یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە ١١ی ١٩٦٩ی هەموارکراو لە ماددەی ٤٣٩ باسی دزی دەکا، کە هەر ماڵێک واتە کەلوپەل و هەر شتێکی بەهای هەبێت و بەرجەستە بێت، کەسانی دیکە، بە دزی بیبەن، کتێب، کەلوپەل یا شتێکی بەرجەستەی بینراو و هەست پێکراوە کە نرخی هەیە، بۆیە دزینی کتێبی کەسێکی دی یا کتێبخانەیەک، لە ڕووی یاسای کارپێکراوی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، بە تاوان دەژمێردرێت و سزاکەشی بەگوێرەی جۆری تاوانەکە ئایا بە شەو بووە یان بە ڕۆژ، لە شوێنێكی کراوەی گشتیی وەک کتێبخانە گشتییەکان کە بۆ هەموو کەس کراوەیە یا کتێبخانە تایبەتەکانی ناو ماڵی هەندێ کەس و یا لە شوێنی کلیلدراو بێ، وەسف و جۆری تاوان و سزاکە دەگۆڕێت.
لە ڕووی شەریعەتی ئیسلامیشەوە، دزینی کتێب بە تاوان دەژمێردرێت و دزەکە سزا دەدرێت، هەرچەندە لەسەر جۆری سزاکە و مەبەست لە دزییەکە زایان و شارەزایانی شەریعەت هاوڕا نین و لە مەزهەبێک بۆ مەزهەبێکی دیکە ڕای جیاوازیان هەیە.
ئەگەر کتێب دزین تاوان بێت و دزەکە سزا بدرێت، خۆ دزینی بیرۆکە و ڕاوبۆچوون و نووسینی کەسانی دیکە و بڵاوکردنەوەیان بەناوی خۆیان، ئەوە جۆرێکی دیکەیە لە دزی، ئەوانەی ئەو جۆرە دزییە دەکەن، کەسانی ئاگەدار و زیرەک و شارەزان لە پسپۆڕاتیی جیا جیا.
ئەو کاتەی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر بووم، سەرۆکی زانکۆیەک بەنووسراوی فەرمی داوای ڕێککاری یاسایییان لە دژی چەند مامۆستایەکی زانکۆ کرد، کە بابەت و نووسینی مامۆستا و نووسەری دیکەیان دزی بوو بەناوی خۆیان بڵاویان کردبووەوە بۆ پلە بەرزکردنەوە و مامۆستاکان سزا دران.
جا کورد دەڵێت کەسێک شێت بوو دەیبەنە ئۆمەرمەندان، ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بێت، بۆ کوێی ببەن؟!