کە تەمەن بەرەو لێژی دەڕوا و لە سەرووی حەفتاوە سەیری ڕابردوو دەکەی، شار تەنیا کۆمەڵێک خانوو و کۆڵان نامێنێ، بەڵکو دەبێتە دەفتەرێکی بیرەوەری کە زۆربەی لاپەڕەکانی هەڵوەریون.
لەنێو ئەو لاپەڕە کۆنانەدا، سیمای ئەو کەسانە دەدرەوشێنەوە کە ڕۆژانێک پێمان دەگوتن شێت؛ عەمۆ جەلیل، حەمەشێت، هەیاس، موحسين و حەسەن پەنجاوپێنج، جومعە، پووتە و حامید و ئەوانی دی.
ئەمڕۆ کە بە حەسرەتەوە بیری ئەو ناوانە دەکەین، بە زەحمەت ڕووبەڕووی ویژدانی خۆمان دەبینەوە، ڕەنگە ئەم حەسرەت و بەزەیییەی ئێستەمان، جۆرێک بێت لە دانپێدانانی درەنگوەخت بە گوناحەکانمان.
لە نێوان غەفڵەتی گەنجی و بەئاگاهاتنەوەی پیریدا، کاتێک گەنج بووین، دونیا بە لای ئێمەوە تەنیا ڕاکردن بوو. لەو غەفڵەتەدا، زۆر جار بە بێباکی، بە پێکەنینێکی سەرپێیی، یان تەنانەت بە بێدەنگییەکی بێباکانە لە پاڵ تێپەڕبوونی ئەو جەستە ماندووانەدا ڕەت دەبووین. ئەوانمان وەک بەشێک لە «دیمەنی شار» دەبینی، نەک وەک مرۆڤی خاوەن ئازار.
ئێستە کە بەفر لەسەر سەرمان نیشتووە و سستیی تەمەن لە دەرگەی داوین، تێدەگەین کە ئەوان چەند تەنیا بوون.
ئەم بەزەیییەی ئەمڕۆمان، تێگەیشتنە لە مانای تەنیایی، ئێستە کە خۆمان کەنارگیر بووین، تێدەگەین پشتگوێخران چەند ئازاربەخشە.
ئەو هەستەمان جۆرێکە لە داوای لێبووردنێکی بێ دەنگ لەوانەی نەیانتوانی دەنگی خۆیان بگەیەنن. یان ناستالیژیایە بۆ هەولێری ئەودەم، بیرکردنی ئەوان بیرکردنی ئەو سەردەمەیە کە شار هێشتا ڕۆحی تێدا بوو، پێش ئەوەی تەلاری بەرز و ژاوەژاوی مۆدێرنە، ڕەسەنایەتیی لێ زەوت بکات.
ئەوان ڕۆیشتن؛ بێ ئەوەی کەس پرسەیەکی گەورەیان بۆ بگێڕێت، بێ ئەوەی میدیا ههواڵی کۆچی دوایییان بڵاو بكاتەوە. بەڵام شوێنپێی ئەوان لەسەر شۆستەکانی شار و لە یادەوەریی ئێمەدا هەڵكەندراوە، ئەوان پاڵەوانە بێدەنگەکانی مێژوویەکی پەڕاوێزخراو بوون.
ئێمە لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا، بەزەییمان بە خۆمان و بەوانیشدا دێتەوە.
ئەوان شێتی دونیایەک بوون کە ئێمە بە عاقڵی تێیدا دەژیاین، بەڵام ئێستە کە سەیری دواوە دەکەین، نازانین لە ڕاستیدا كێ تێنەگەیشتبوو، ئێمەی غافڵ یان ئەوانی خوداناس و تەنیا؟
يادیان بەخێر، ئەوان تەنیا ڕێبوار نەبوون، بەشێک بوون لە ڕۆحی ئەو شارەی چیی تر وەک خۆی لێ نایەتەوە.