خەیاڵی سەمەرقەندان
خەیاڵی سەمەرقەندان
July 01, 2026

دڵتەنگی دایگرتبام، یان دڵخۆشی هەڵیگرتبام، ئەگەر بەڕکم بایی سەرمەستبوونێکی تێدا با، خۆم لە سەمەرقەندێ دەدیتەوە. ئەوڕۆ دڵم خۆشە، لەوە خۆشتر! لە لای هێروە چوار ساڵ لە مەرگ دوورکەوتمەوە، دوای چوار ساڵی دیش تۆ بڵێی دنیا بە لایەکدا وەرنەگەڕێ و مەرگ دوورتر نەکەوێتەوە؟ قادسیە ئاشی مەرگە، وڵاتێ جوان و جوامێری هاڕی، رەش و رەشایی بە بەژنی کچ و ژنانی وڵات بڕی، بزەی لە سەر لێوی منداڵی دووساڵەش بڕی.
ئیدی نێوان من و راپێچخانە، لەوێشەوە بۆ جەنگی عارەب و عەجەمان چوار ساڵە. هێ لەوەش ئەوەی دڵم ویستی، دەستم گەیشتێ، یەکەم هەڵبژاردەی من. لەوەش خۆشتر کۆلیژەکە لەو سەری گەڕەکێیە، لە ماڵێوە حەفت خولەکە رێیە، کرێی پاس و هاتوچۆم نەهاتە سەر شانێ. خۆ ئەگەر ناوم لە زانکۆی نەینەوایێ یان بەغدایێ دەرچووبا، کێ دەزانێ دەکەوتمە چ گێژاوێ! ئاخر ئێمە ئەو ساڵە دەستکورت و نەبوو بووین، کەس هەستی پێنەدەکرد، دەنا سەرچاکردنەوەمان پێ دەشیا. گوزەرانمان لەو ژن و منداڵانەی ئۆردوگای قوشتەپە باشتر نەبوو کە لەشکری بەغدا نێرینەکانیانی راپێچا و کەس نەیزانی لە دەریای کردن یان خستنیە بن زیخ و خۆڵی دەشت و بەڕیا.
منیش ئەو هاوینەی چوو، کەمتر لە هاوینانی پێشی کرێکاریم کرد، بەڕکم بایی کتێبی دڵخواز و چوونە سینەماش پارەی تێدا نیە، هێ لەوەش هەندێ لە کتێبەکانم فرۆشت، ئەو کتێبانەی ساڵانی پێشتر بە کۆتر کڕیبوومن، ئا کۆترم زۆر بوو، کاتێ کەوتمەوە داوی کتێب، کۆترم دەفرۆشت و کتێبم پێ دەکڕی.
ئێ، با بە وەبیرهێنانەوەی هەژاری و نەداری، خۆم لە دڵخۆشیی ئەوڕۆم نەکەم.
بەو دەمەو دێرگایە وا لە پەرستگای سەمەرقەندێ کەوتوومەتە ناو فەریدە و لوئلوئە و شەهرزاد.
هەینێ هەندێ کەس لە زاری حەمەد مەستانی بەلاشاوەوە بە مەیخانەیان دەگۆ پەرستگا. سەمەرقەند پشت لە تەلاری پارێزگا روو لە سینەمایە، سینەمای کریستال.
بە دەم هەڵدانی بیرەی تەزی و دەنکە هەناری سووری گەشەوە، گەش لە شێوەی گۆنای کەویار، وای! خۆ هەرێ وابوو ئەو کۆترە هەڵفڕیوە چیدی نەهێنمە ناو خەیاڵ و گێڕانەوە، وا دیارە کەمەندکێشی کردووم و چەندێ خۆ راپسکێنم کەمەندی لە ملم نابێتەوە. کیژێ، لەگەڵ تۆمە، بیکە خاتری منداڵیمان، وازبێنە، رێی خەیاڵیشم لە سەر داخە و با چیدی نەتبینمەوە، ئەوڕۆ دڵم زۆر خۆشە و لێم مەشێوێنە.
لە سەمەرقەندێ گۆرانی کوردی و تورکمانی و ئارەوی لێدەدرا، بەڵام دەنگیان هێندە نەدەدایێ، نەرم نەرم لە شێوەی شنەبا. ئێستا نۆرەی مشکۆ هات، ئەها (جەوێ جەوێ) دەچڕێ. جەوێیەک ئەگەر کاوێزاغا بیبیستێ، رەنگبێ بڵێ جەوێی منت دەبەر مرێ. ئەمن لەگەڵ شەهرزاد و جەوێ رۆیشتبووم، دوور رۆیشتبووم. گەیشتبوومە مۆسکۆ. ئاخر وام دانابوو دوایوەی بەشی زمان و وێژەی کوردیی کۆلیژی وێژەم بڕی، لە رێی پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە بچمە سۆڤیەت و دکتۆرا بهێنمەوە. تاهوو واهـ!
بێرییە سۆر رێدەدەن بچیە خەیاڵەوە! سێ چوارێ وە ژۆر کەوتن، بە هەڵسوکەوت و زمانی بەدوویی ناسنامە وەردەگرن و بۆت تێهەڵدەدەنەوە. پەڕاوی راژەی منیان بە شێوەیەک تێهەڵداوە سەر مێزەکەم، ‌هێندەی نەمابوو شووشە بشکێ و پێک بڕژێ.
چاودێ، پێکی سەر مێزەکەی بنەبانێ رژا، کابرا کە وێدەچوو گەیشتبێتە پلەی باڵا، شتێگی گۆ، تێنەگەیشتم چی بوو. وای! زللە، چ زللەیێ، چ زرچەیێ. مینا لەرییەوە، شووشەی سەر تاقەکان کەوتنە لەرزە. بەوەش وازیان لێی نەهێنا، بردیان...
ئێوارەکەی لە گازینۆی شەوانی هەولێرێ، چەند رستەیەکی کێش و سەروادارم بۆ هات، دوای ئەو هەموو ساڵە تاڵە بیرم بەربادە و هەر ئەو دێرەم لە یادە:
گەلۆ، تۆ بڵێی رۆژێ دابێ
بێرییەی بەعس بخرێتە بن پێ؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دێرگا: عەسر


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved