دەفر
دەفر

تونێڵ
وەک پشیلەیەک، چۆن لە ترسى دنیا بێچووەکانى لە پەنایەکەوە دەباتە پەنایەکی تر
هەندێ وشەى تۆم بە ددان گرتبوو
بەیانیت باش، غەریبیت دەکەم، خۆشم دەوێى
هەندێ وشەى ڕەقیش کە دەیگوت چەکووشن
دەیگوت خەنجەرن
خوات لەگەڵ، ئێ باشە تەواو، نایەمەوە
چونکە دنیاش تەنها شتە باشەکان دەبات
لەگەڵ هەموو شکستێکدا وشەیەکى باشى لە دەممدا ڕادەپسکاند و ددانێکم دەکەوت
ئێستا وەکو زیندانییەکى پیر، سبەینان شۆرباى نیسک دەخۆم و
شەوانیش بە خەنجەر و چەکووشەکانتەوە تونێڵێک لە خەیاڵ هەڵدەکۆڵم و
لە بەردەم ماڵتان سەر دەردێنم.

داگیرسان
هێللانەیەکمان بۆ خۆشەویستى دروست کرد
بە چیلکەى ئەو نەمامانەى هێشتا چیرۆکى بە(تابووت)بوونى درەختیان نەبیستووە
لە گوڵەگەنمى ئەو خەونانەى بە یوسفیش لێک نەدەدرانەوە پووشمان هێنا
ڕۆژگار هات و تۆ ڕۆیشتی
گیراوەیەکم گرتەوە
سێ شەو و سێ ڕۆژ، پیتەکانى خواحافیزیم لە فرمێسکدا خووساند
مشتێک خۆڵەمێشى ئەو ئاگرانەم تێ کرد کاتێک بۆ یەکتر دەسووتاین
یەکدوو شکستم ورد کرد و خێرا خێرا تێکم دا
خێرا وەکو ئەو هەنگاوانەى، جاران بۆ بینینى یەکتر هەمانبوو
دانە دانە سەرى چیلکەکانى هێللانەکەم بەو گیراوەیە تەڕ کرد و
بە ڕیز وەکو دەنکەکانى شقارتە لە هەناوم دانا
ئێستا کە بە ڕێگادا دەڕۆم، جەستەم دەڵێى قاوغى شقارتەیە
هەر جارەى تۆم بیر دەکەوێتەوە، دادەگیرسێم.

کچى سین
دەیگێڕایەوە، هەموو چیڕۆکەکە لە شەوێکى زستاندا بە slawێک دەستى پێ کرد
بەهۆیەوە سەنتوور و ناوى سلێمانى خۆش دەویست
وەسیەتى کرد
مردیش لە گوندێکى قەزاى سۆران بینێژن
گرنگى بە هیچ وشەیێک نەدەدا بە پیتى سین نەگوترابا
تا ئەو ڕۆژەى هەژاریی بە ئاگاى هێنایەوە
کە کەسێک لە ژیانیدا خۆى خزاندۆتە ناو پیتى یەکەمەوە و وەک تیرێک بەر دڵ کەوتبێت
لە ناوەڕاستیدا وەستاوە: Sى کردووە بە $.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved