هەراسانكردنی سێکسی
هەراسانكردنی سێکسی

جارێ تۆمەتەکانی عەبدوللەتیف سەلەفی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام دەکرێت بۆ سەلامەتیی کچەکانمان لە قۆناغەکانی خوێندندا، سوود لەم حاڵەتە وەربگرین.
کاتێك لە ئەمریکا مامۆستای زانکۆ بووم، پێش هەر وەرزێکی خوێندن، دەبا هەموو مامۆستاکان کۆرسێک وەربگرن لەسەر هەراسانكردنی سێکسی.
بە وردی پێمان دەگۆترا هەراسانی سێکسی چییە؟ هەر لە نیگای حیزانە و قسەیەکی پووچەوە بگرە تا دەگاتە دەستلێدان و شتی ئەولاتریش، هەموو ئەمانە دەچنە ژێر چەتری هەراسانی سێکسی.
جاری وا هەیە یەک وشە، یەک جووڵە، یەک ڕەفتار دەبێتە هەراسانی سێکسی، چ جای ناردنی نامە و تەلەفۆن و ئەو شتانەی مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان پێی ناسراون.
دەبێ هەردوو وەزارەت، پەروەردە و خوێندنی باڵا، بیکەنە مەرج لەسەر مامۆستایان کە ناتوانن وانە بڵێنەوە هەتا کۆرسی نەهێشتنی هەراسانی سێکسی وەرنەگرن.
زۆر مامۆستا هەن بە ئاسانی کچانمان هەراسان دەکەن، چونکە بێ لەوەی کە نەخۆش و چڵێسن، هۆشیاریی هەراسانی سێکسیشیان نییە.
لە زانکۆی کانزەس، ئەو پێنج ساڵەی وانەم گوتەوە، یەک حاڵەت ڕووی دا، مامۆستایەک بە کچێکی گوتبوو، «ئۆو، ئەوڕۆ زۆر سەرنجڕاکێش و جوانی!» کچە شکایەتی لێ کرد، لیژنەی یاسایی لەسەر مامۆستاکە پێک هێنرا و چەند هەفتەیەکی پێ چوو هەتا سەلمێندرا بە نیەتێکی خراپ وای گوتووە و سزا درا، دەرکرا.
هۆشیاریی هەراسانی سێکسی زۆر گرینگە، لای مە وا دەزانن تەنیا دەستلێدان و پڕدان و قسەی سێکسی هەراسانی سێکسییە. نەخێر، شتەکە لەوە قووڵتر و گەورەترە.
لەوەش گرینگتر ئەوەیە دایباب لە ماڵێ کچەکانیان وا پەروەردە بکەن، بوێرن قسە بکەن کاتێ مامۆستایەک یان هەر کەسێکی دیکە هەراسانیان دەکەن.
دەبێ کچانمان دەنگ هەڵبڕن و جاڕی بدەن و بڵێن فڵان کەس وامان پێ دەڵێ یان داوای شتێکی نەشیاو دەکات.
ئەم بوێرییە وا دەکات کۆمەڵ پێش بکەوێت، هەراسانكردن کەم بێتەوە، چڵێسەکان نەوێرن پێیان خوار دانێن.
بزاڤی می توو «منیش» وا دروست بوو لە دنیا، کە بووە هۆی گرتن و ئاشکراکردنی دەیان بەرپرس و مامۆستا و بەڕێوەبەر لە کەرتەیلی هونەری و ئەدەبی و سینەمایی و سیاسیدا.
کەیسی دکتۆر ڕۆبەرت ئاندەرسن لە زانکۆی میشیگان لە ٢٠٢٠، دنیای تاساند.
کچێک بوێرانە گۆتی دکتۆر ئاندەرسن هەراسانی کردووم. کەس باوەڕی پێ نەکرد، چونکە دکتۆرەکە زۆر ناودار بوو. دوای چەند مانگێک، هەزار کچ هاتنە سەر خەت و گۆتیان وەی لەمەش کردییە، دکتۆر گیرا و لە زیندان خۆی کوشت، زانکۆکەش بە بڕی نیو ملیار دۆلار قەرەبووی هەزار کچی کردەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved