هایبرێد جێی خۆی دەكاتەوە
هایبرێد جێی خۆی دەكاتەوە

لەناو دەنگەدەنگی بزوێنەری ئۆتۆمۆبێلان و لە قەرەباڵغیی ڕێگەوبانی شار، جار جارە ئۆتۆمۆبێلێک بەبێ دەنگی تێدەپەڕێت.
ئەوە مۆدێلێكی نوێیە، کە بۆ پەیداكردنی هێزی جووڵان، پشت بە تێکەڵەی سووتەمەنی و پاتری دەبەستێت و پێی دەگوترێت هایبرێد، لە جیهاندا مێژووی ئەو ئۆتۆمۆبێلە بۆ ساڵی ١٩٩٧ دەگەڕێتەوە كاتەك تۆیۆتا پریۆس هاتە بازاڕەوە، لە ٢٠١٦شدا یەكەم ئۆتۆمۆبێلی لەو جۆرە گەیشتە کوردستان، ئێستەش دوای ١٠ ساڵ، بووەتە یەكێك لە گەرمترین باسی بازاڕەكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێل.
کاروان ڕەفیق ماوەیەكە تۆیۆتایەكی هایبرێدی كڕیوە و چەند هەزار كیلۆمەترێكی لێ خوڕیوە، لە بارەی ئەزموونی خۆی دەڵێت ”سەیارەی زۆر باشن، مەسروفی کەمە، تەقریبەن نیو هەندی سەیارەی دی بەنزین سەرف دەکات“. لە وەسفکردنی بێدەنگییەکەشی دەڵێت ”ئەگەر زەختی لێ نەکەی بە کارەبا دەڕوات، ئەمن ١٠٠یش پێ ڕۆیشتیمە هەر لەسەر کارەبایەکە بووە. لۆ ناو شاری زۆر باش و بێ دەنگە، ئەگەر شەحنیشی هاتە خوارێ، دەبیتەوە بەنزین و خۆی شەحن دەکاتەوە، هەتا ئێستە هیچ موشکیلەکی نییە“.
خواستی زۆری خەڵک، بازاڕی پێشانگەکانی ئۆتۆمۆبێلی جووڵاندووە. محەمەد حەوێز ساڵانێکە لەم بوارەدا کار دەکات، تێبینیی وەرچەرخانێکی گەورەی کردووە، بەتایبەت لە بازاڕی تۆیۆتا و دەڵێت ”ماوەكە سین دوو نەوعە كۆرۆلای هایبرێدی دروست کردییە، ئەمریکی و خەلیجی. خەلیجییەکە سەریعتر دەفرۆشرێ و لە بازاڕێ گرانتریشە. ئەو نەوعەی زۆر باشە و لە مەعڕەزان جێی بە سەیارەی دیکە لەق کردییە“.
لای خۆیەوە ڕاستی لوقمان ڕاوێژکاری فرۆشتن لە کۆمپانیای جیهان، پشتڕاستی دەکاتەوە خواستێکی زۆر لەسەر هایبرێد هەیە، بەتایبەت بەهۆی ژینگەدۆستییەکەیەوە. بۆ ڕەواندنەوەی ترسی کڕیارانیش لە خراپبوونی پاترییەکان، کۆمپانیاکان گەرەنتییەکی درێژخایەنیان داناوە؛ هەشت ساڵ یان ١٦٠ هەزار کیلۆمەتر بۆ پاترییەکە، سێ ساڵ بۆ گێڕ و بزوێنەرەکان، لەگەڵ بەردەستبوونی پارچەی یەدەگ.
بەڵام لە ناوچەی پیشەسازیی هەولێر (سناعە)، دیمەنەکە جیاوازە، وەستا هاودەنگ مەغدید کە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ بزوێنەرە شکاوەکان دەکات، هێشتا بە چاوی گومانەوە سەیری ئەم تەکنەلۆژیایە دەکات و پێی وایە زووە بڕیاری کۆتایییان لەسەر بدرێت و دەڵێت ”ئەو سەیارانە نوێنە، جارێ شکستیان لێ دروست نەبووە، لۆیێ نەهاتینە سناعەی“.
لە باسی پێکهاتەی ئاڵۆزی هایبرێدیشەوە دەڵێت نزیکەی ٥٠ پاتریی بچووک لە بن کوشنی پشتەوەی كۆرۆڵاكان هەن.
سەرەڕای گومانەکانی ناوچەی پیشەسازی، بڵاوبوونەوەی هایبرێد خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگر. تەنانەت کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هاندانی ئەم کولتوورە ژینگەدۆستە، بڕیاری لێخۆشبوونی لە ڕسوماتی تۆمارکردن بۆ تەکسییە کارەبایی و هایبرێدەکان دەرکردووە.
بۆیە پێ دەچێت شەقامەکانی هەولێر، هەنگاو بە هەنگاو پێشوازی لە بێدەنگییەکی نوێ بکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved