ڕۆژێکی تەماوی و ناخۆش بوو، چوومە حەوشەی مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر، لە ئوستادی گەورە نزیک بوومەوە و سەری ڕێزم بۆ دانەواند، لە ساتی سەیری باڵەخانە ناشیرنەکەی بەردەمی دەکرد، پرسیم:
- مامۆستا باڵدار، بۆ وا کز و بێ تاقەتی؟
بەدەم زەردەخەنەیەکی تەڵخەوە وەرامی دامەوە:
- چۆن بێ تاقەت نەبم، شەو تا بەیانی لەبەر ڕمبە و لرمەلرمی درۆن خەوم لێ نەکەوتووە، شەڕ لە ماڵی خەڵکی و تۆز لە بەردەرکەی ئێمەیە.
گوتم:
- مامۆستای گەورەی ئەلفوبێی کوردی، ئەوە قەدەرمانە، بەڵام من هاتووم سەرێکت لێ بدەم و هەندەک دەردەدڵ بۆ یەکتر هەڵڕێژین.
فەرمووی:
بەخێر بێی، بەس باسی سیاسەت مەکە.
گوتم:
- گەورەم، جەنابتان، ڕۆژگارێک مامۆستا بوون لەم قوتابخانەیەی ئەربیل ئولا، مووچەکەت ١٥ دینار بوو، چۆن بەشی دەکردی؟
فەرمووی:
- بابە گیان، دنیا ئەوها بەقوڕ نەگیرا بوو، یەکپارچە هەرزانی بوو، نەفەرێک کەباب لەو نادیی مۆزەفینە بە درهەم و نیوێک بوو.
بەدەستی ئاماژەی بۆ شوێنی جارانی نادییەکە کرد و گوتی:
- داخی گرانم، ئێرەیان ڕووخاند، ئەو نادییەی جوانترین وێستگەی شاری هەولێر بوو، هەرچی خوێندەوار هەبوو ئێواران لێرە گرد دەبوونەوە، تا درەنگی شەو خۆشترین کاتیان بەسەر دەبرد.
گوتم:
- ڕاست دەفەرمووی، سینەماکانیش هیچ ئاسەوارێکیان نەما، ئەگەر بوارت هەیە پرسیارێکی دیکەت لێ دەکەم، ئێمە کە قوتابی بووین، دەگەیشتینە پۆلی سێیەم، دەمانتوانی بەباشی بنووسین و بخوێنینەوە، ئەدی ئێستە بۆ وایە، تەڵەبە دەگاتە قۆناغی ناوەندی کەچی ئیملای نییە!
فەرمووی:
- جاران، هەر کەسە و ئاشقی پیشەکەی خۆی بوو، ئینتیما بۆ وڵات و نەتەوە لە لووتکەدا بوو.
گوتم:
- بۆ ئێستە وایە؟
فەرمووی:
- ئەدی نەمگوت باسی سیاسەت نەکەی!
گوتم:
- بەسەرچاو، باشە ئەدی کە کتێبە نازدارەکەتیان لابرد و ئەلفوبێیەکی قۆڕیان لە شوێنی دانا، هەستت بە چی کرد؟
فەرمووی:
- حەز دەکەم، ئەو پرسیارە لە نەوە لە دوای نەوە بکەی، ئەوانەی بەو ئەلفوبێیە پەروەردە بوون، وەرامی ڕاست لای ئەوانە، عەرەب تا ئێستە شانازی بە قیرائەی خەلدوونییەوە دەکەن.
خەریک بوو گفتوگۆیەکەمان گەرمتر ببێت، لە پڕ لرمەیەک هات و لە خەو ڕاپەڕیم، زانیم ئەوە خەون بوو، درۆنێک لەوسەری کۆڵانەکە کەوتبووە خوارەوە، لەعنەت لە درۆن کە لە ئیبراهیم باڵداری کردم.