شکاندنی ڕیکۆردەكەی ئەنقەرە
شکاندنی ڕیکۆردەكەی ئەنقەرە

ئەو ڕۆژە، لە کەشوهەوایەکی پڕ جۆش و خرۆشی فیستیڤاڵێکی کولتووری و گەشتیاریدا، هەولێر ڕیکۆردی گەورەترین شیشی گەسی لە جیهاندا تۆمار کرد. لە پشت ئەم دەستکەوتە گەورەیەوە، بیرۆکە و ماندووبوونی وەستا موحسین سەرپەرشتیاری چێشتخانە و گەسی ئازادی وەستابوو، کە توانی قۆناغێکی مێژوویی لە کەرتی گەشتوگوزار و کولتووری خواردنی پایتەخت دروست بکات.
بیرۆکەی ئەم کارە گەورەیە، لە بینینی ڤیدیۆیەکی سادەوە سەری هەڵدا. وەستا موحسین چیڕۆکەکە بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە ”ئەمن بەردەوام لە ڕێی ڤیدیۆ و دۆکیومێنتارییەكانەوە، تەماشای ئیشوكاری بواری خۆم دەکەم، هەتا ڕۆژەك دیتم ڕیکۆردی پێشووی گەسی گەورە لە دنیایێ، ساری ٢٠١٢ بووە لە ئەنقەرە، كە وەزنەكەی تەنەك و ١٩٨ كیلۆ بوو. ئەمنیش لە دری خۆم گۆتم باشە لۆ ئەوان بیكەن و ئەمە نەیکەین؟“.
وەستا هەولێرییەكە بڕیار دەدات ڕیکۆردەکە بە جیاوازییەكی گەورە بشکێنێت، كە مێژوو بیگێڕێتەوە، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکی قازانجی مادی بێت.
بۆ بەفەرمیکردنی ئەم هەنگاوە، نوێنەری گەسی ئازادی ڕوو دەكاتە ئۆفیسی گینس لە دوبەی. لەوێندەر مەرجی زۆر دادەنێن، لەوانە گۆشتەكە بە تەواوی ببرژێت و لە کاتێکی دیاریکراودا بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت. پڕۆسەكە دەستی پێ كرد، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، لیژنەی گینس ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شاشەوە چاودێریی دەكرد.
ئامادەکارییەكی ڕێكوپێك كرا، وەستا موحسین لە بارەی قەبارەی کارەکەوە دەڵێت ”شەوایەکی تایبەتمان دروست کرد کە بەرزییەکەی لە عەردیڕا سێ مەتر و نیو دەبوو، سێ ڕووی هەبوو و ٣٣ بەرگ لەسەری جێگیر کرا بوو، کە توانای هەڵگرتنی ١٠ تەنی هەبوو“.
لە جیاتیی مەشخەڵی ئاسایی، شەش ئاگری گەورە بۆ سینییە دوو مەتر و نیوییەکە دانرا، خودی شیشی گەسەکە بەرزییەکەی دوو مەتر و نیو، ئەستوورییەکەشی مەتر و نیوێک دەبوو.
بۆ دروستکردنی ئەم گەسە گەورەیە، ١٥ کارمەند بۆ ماوەی حەفت کاتژمێر، بە ڕەچاوکردنی توندیی ڕێکارە تەندروستییەکان، دوو تۆن و ٦٧٤ کیلۆگرام گۆشتیان پارچە پارچە و بەهارات کرد.
کاتژمێر ١١ی شەو، ١٥ وەستا دەستیان بە شیش لێدانی گۆشتەکە کرد، تا ٦:٣٠ی بەیانی بەردەوام بوون. بە کرێنێکی ١٠٠ تۆنی کێشەکە پێوانە کرا، گەیشتە دوو تۆن و ٦٧٤ کیلۆگرام.
کاتژمێر هەشتی بەیانی تا یەكی پاش نیوەڕۆ، نوێنەرانی گینس بۆ پێنج کاتژمێر چاودێریی پڕۆسەکەیان کرد، سەرەنجام مژدەی شکاندنی ڕیکۆردەکەی ئەنقەرەیان بە فەرمی ڕاگەیاند.
لەو فیستیڤاڵەدا کە تا نیوەشەو بەردەوام بوو، ٣٠ وەستا نزیکەی ١٨ کاتژمێر کاریان کرد و ٣٢ هەزار لەفەی گەسیان بەخشییە میوانەکان.
ئەوەی ئەم کارەی هێندەی دیكە جوان کرد، ڕووە خێرخوازییەکەی بوو. تێچووی گۆشتەکە لەسەر چێشتخانەکە بوو، کۆمپانیاکانی (کویک پاک) و (کۆکا کۆلا)ش هاوکاریی قاپ، کەوچک و خواردنەوەیان کرد.
لە ڕێگەی دەزگەی دەستی کوردستانەوە، زیاتر لە چوار هەزار لەفەی گەس گەیەندراوەتە هێزەکانی ناوخۆ، نەخۆشخانەکان، فەرمانبەران و خانەی بێ سەرپەرشتان. وەستا موحسین دەڵێت ”ئامانجمان بازرگانی نەبوو، وەڵاهی حەزمان دەکرد هەمووی بەلاش بیت، بەس لۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جەماوەرە زۆرە بێ حیسابە ناچار بووین بلیت دابنێین“.
ئێستە، هەولێر چاوەڕێی گەیشتنی بڕوانامە فەرمییەکەی گینسە، تا بەهاوکاریی ئیدارەی شارەکە، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، ئاهەنگ بۆ ئەم دەستکەوتە مێژوویییە بگێڕێت و سەلماندیان کە خەونی گەورە دەتوانێت ڕیکۆردەکانی جیهان بشکێنێت.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved