64 ساڵە یادەوەرییەكانی تۆمار دەكات
64 ساڵە یادەوەرییەكانی تۆمار دەكات

ئێوارەیەك، مێرمنداڵێك بە حەسرەتەوە لە جامخانەی دوکانێک دەڕوانێت، كە كەوتووەتە لێواری كۆڵانێكی لێوڕێژ لە خەڵكی تەیراوە، لە پشتیشیەوە بەرە بەرە تیشكی خۆر ماڵئاوایی لە باڵای شكۆداری قەڵات دەكات.
ساڵی ١٩٦٢ە، هێشتا كامێرا وەك سندوقی ئەفسوناوی چاوی لێ دەكرێ، لە هەولێرێ و كوردستانێش شتێكی نوێ و دەگمەنە، بەڵام بۆ محەمەد بەکر دەباغ خەونێکی گەورەیە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، باوكی بۆی دێنێتە دی.
دیمەن و هەستەكانی ڕۆژی كڕینی ئەو كامێرایە هەتا ئێستە لە شێوەی وێنەیەکی ڕەشوسپیی ڕوون لە یادی محەمەد هەڵگیراوە، كە لێی دەپرسی ”كەنگی و لە كێت كڕی؟“ بە زەردەخەنەوە بۆ (گڵکەند)ی دەگێڕێتەوە ”ساری ٦٢ بوو، یەكەم كامیرەم بە دینار و ڕوبعەكی لە بابی عیمادی كڕی كە بە پاشا ناسرا بوو، دوكانەكەی ناوی مسەوەڕ فنون بوو لە بەرامبەر قەراتێ، هێشتا كامیرەكەم پاراستییە، دوایێ پێشانتان دەدەم، ئەگەر فلیمی لەسەر دانێم، بێ عەیب ئیش دەكا“.
دینار و ڕوبعێكی ئەودەم، تەنها بەهای کڕینی ئامێرێکی بێ گیان نەبوو، بەڵکو بلێتی دەستپێكی گەشتی تەمەن بوو، گەشتێكی پڕ لە هونەری ڕووناكی و سێبەر، هونەری گەڕان بەناو كۆڵان و یادەوەرییەكانی یەكێك لە كۆنترین شارەكانی جیهان.
محەمەد بەكر، کە لە ڕێگەی باوکییەوە تێکەڵی جیهانی وێنەگرتن بوو، سەرەتا بە وێنەگرتنی كەسوكاری و گەشت و سەیرانی خێزان و هاوڕێکانی دەستی پێ کرد. دوای ساڵانێک لە ئەزموون و گەورەبوون لەگەڵ فلاش و فیلمەکاندا، ساڵی ١٩٧٥ بڕیارێکی گەورە دەدات؛ لەگەڵ دلاوەر ئیسماعیلی هاوڕێیدا، ستۆدیۆ ئۆسکار دادەمەزرێنن، لەم بارەوە دەڵێت ”سارەك لەگەر دلاوەری ئیشمان کرد، دوایێ دلاوەر چووە بەغدایێ و ئیشەکەی لۆ من بەجێ هێشت“، وێنەگرە گەنجەكە لە نیوەی ڕێگەدا کۆڵ نادات، بەڵکو ستۆدیۆکەی لە تەیراوەوە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیارتری ناو شار، لە نزیک فلکەی شێخ مەحموود لە گەڕەکی مستەوفی، وەک خۆی دەڵێت ”لەوێندەرێ سێ دوکانم پێكەوە بەكرێ گرت، مانگێ بە حەفت دیناری“، ئەو دوكانە كرێیانەی ئەودەمی هەولێرێ، بوونە سەرەتای بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتێکی بچووکی وێنەگرتن، کە تێیدا هەزاران چیڕۆک بە وێنەی ڕەشوسپی تۆمار کران.
وێنەگری ئۆسکار تەنها ستۆدیۆیەكی سادە نەبوو، بەڵكو تاقیگەیەکی کیمیایی و هونەری بوو. محەمەد بەکر خۆی کەلوپەل و دەرمانی چاپکردنی وێنەی لە بەغداوە بە ماندووبوونێکی زۆرەوە دەهێنایە هەولێرێ. دەڵێت لە ناو تاریکاییی ژووری چاپکردنەکەیدا، لەژێر تیشکە سوورە کزەکەدا، بە وردی و وریایییەوە فیلمەکانی دەشووشتەوە و بە ئارامگرییەوە چاوەڕێی دەرکەوتنی ڕووخسارەکانی سەر کاغەزەکەی دەكرد.
لە بارەی سەرەتای فێربوونی وێنەگرتنەوە، محەمەد بەكر باسی ئەو كەتەلۆگانە دەكات كە جاران لەگەڵ كامێراكان دەهاتن، هەروەها دەڵێت لە بەغداوە ژمارەیەك گۆڤار و كتێبی تایبەتیان لە بارەی هونەری وێنەگرتن و شووشتنەوەی عەكس و چاپکردنیان دەهێنا، تا فێری پیشەكە بن.
وێنەگرە گەنجەكەی هەولێر، هێندەی پێ ناچێت دەبێتە هونەرمەندێكی ورد و لێزان، بەجۆرێك وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، ڕێگەی نەدەدا هیچ وێنەیەک لە ستۆدیۆكەی بچێتە دەرەوە، تا دڵنیا بێت لە ڕێكوپێكیی ڕووناكی و ڕوونیی وێنەكان، دەشڵێت ”جار هەبووە، لۆ یەك ڕەسمی موعامەلاتی، ٢٠ جار ڕەسمم گرتیتەوە“.


ساڵ هاتن و چوون، سەردەم گۆڕا، ستۆدیۆکەی محەمەد بەکر چیی دی دوکانێک نەما، بەڵکو بووە دەزگەیەكی هونەری و ئەرشیفێکی گەورەی شار. ئەو گەنج و لاوانەی ڕۆژانێک بۆ وێنەی موعامەلات و مامەڵەی فەرمی دەچوونە لای، بەشێکی زۆریان بوونە سەركردە، پزیشک، نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و کەسایەتیی ناوداری هەولێر. ئەویش وەک پاسەوانێکی ئەمین، پارێزگاری لەو مێژووە كرد و بەجۆرێک وەك خۆی دەڵێت ”ئێستە هەموو ڕەسمەکانم مایە، بە دیجیتاڵم كردینە و لەناو فۆڵدەری جودام کردینەوە“.
لە سەردەمی وێنەی ڕەشوسپیدا، بەر لەوەی تەکنەلۆژیای وێنەی ڕەنگاوڕەنگ بگاتە هەولێر، خەڵک حەزیان لە وێنەی ڕەنگین بووە، محەمەد بەکر ڕێگەیەکی زیرەكانەی بۆ ڕەنگكردنی وێنەکان دۆزیبووەوە، دوای چاپکردنی وێنە ڕەشوسپییەکان، لەسەر داواکاریی خاوەنەکانیان، دەیبردنە لای کەسێکی دەستڕەنگین بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بکات، لەم بارەوە دەڵێت ”مانگێ ١٠٠ تا ٢٠٠ ڕەسممان دەبردە کن محەمەد خەتاب و یونس خەتات، ئەوانیش بە ئەلوان مایی (ڕەنگی ئاوی)، ڕەسمەکانیان ملەوەن دەکرد“.
ڕەنگكردنی وێنە لەودەمدا، هونەرێکی دەستیی بێ وێنە بووە، کە تاموچێژێکی تایبەت و جوایەزی داوەتە وێنە و یادەوەرییەکان. هەر لەودەمەشدا، واتە لە هەشتاكانی سەتەی ڕابردوو، مۆدێلێکی نوێ و بوێرانە هاتە ناو کۆمەڵگەی خۆپارێزی هەولێرێ، کاتێک بووک و زاواکان شەرمیان شکاند و دەستیان بە ڕەسمگرتنی ناو ستۆدیۆ کرد، ئەمە وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتیی سەرنجڕاکێش بوو.
ژیانی هونەریی محەمەد بەکر تەنیا لە ستۆدیۆ و فیلمی ناو كامێراكان نەبووە، بەڵكو وەک فەرمانبەرێکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای نەوەتەكاندا وەك هاوكار لەگەڵ هونەرمەند فوئاد ئەحمەد كاری كردووە و بەشدار بووە لە كردنەوەی كەناڵی تەلەفزیۆنی هەرێم.


لە ساڵی ٢٠٠٣شدا، وەرچەرخانێكی نوێ لە ژیانی هونەریی محەمەد بەكر ڕووی دا، كامێرای دیجیتاڵ جێپێی بە كامێرای فیلم لەق كرد، ئەو هونەرمەندەی هەولێرێ لە ژوورە تاریكەكەی ناو ستۆدیۆ دابڕا و دەستی لەناو دەرمانی شووشتنەوەی فیلم دەرهێنا، بڕیاری دا هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بڕوات و یەكەم کامێرای دیجیتاڵیی سۆنی دەكڕێت.
ئەمڕۆ، ئەو کوڕە ١٢ ساڵەی یەکەم کامێرای خەونەکانی بە دینار و ڕوبعێک کڕی، پیاوێکی تەمەن ٧٦ ساڵە، كوڕەكانی لەناو ستۆدیۆكەیدا كاری لەگەڵ دەكەن. خۆیشی لە دوای ٦٤ ساڵ دۆستایەتیی بەردەوام و دانەبڕان لە تیشک و ڕووناكی، چاوەکانی بەدوای گۆشەی جوانیی وێنەکاندا دەگەڕێن و خولیایەکەی هەر ماوە، دەڵێت زۆر جار سادەترین ڕێگە هەڵدەبژێرێت و مۆبایلەکەی گیرفانی دەردەهێنێت بۆ تۆمارکردنی ساتەکان.
ئەگەرچی ئامێرەکان بچووک بوونەتەوە، فیلمەکان بوونەتە میمۆری، ژوورە تاریكەكانی شووشتنەوەی وێنە نەماون، بەڵام ڕۆحی ئەو وێنەگرە ڕەسەنەی تەیراوە، وەک سەردەمی ژوورە تاریکەکەی ستۆدیۆ ئۆسکار، پڕە لە ڕەنگ و یادەوەرییە هەمیشەیییەکانی هەولێر.

وێنەیەکی محەمەد بەکر لە هەشتاکانی سەتەی ڕابردوو

محەمەد بەكر تا ئێستە ئەو كامێرایەی هەڵگرتووە
كە ساڵی ١٩٦٢ بە دینارێك و ڕوبعێكی كڕی


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved