دەڵێی قەڵاتە گۆرانی دەڵێت
دەڵێی قەڵاتە گۆرانی دەڵێت

هێشتا لە زۆر كۆڵان و جادەی ناو بازاڕ، لەناو تەکسی و چایەخانەکان، دەنگێک دەبیسترێت، لە شێوەی دەنگی ئەو بەردانەی شەش هەزار ساڵە تێكەڵی خۆڵی قەڵاتی پیرە هەولێرێنە.
دەنگی پیاوێک، چیڕۆکی ڕاستینەی عاشقبوونی و پێنەگەیشتنی بە مەعشوقەكەی، دەیان ساڵە لە گەڕەکی بەستەپیازە، گۆشەگیر و بێ هاوسەری کردووە.
فەرهاد زیرەک (لەدایكبووی ١٩٦٢ی بێركۆت)، كە ئایکۆنی گۆرانی و مەقامی هەولێرێیە، خاوەنی سەتان بەرهەمی هونەرییە، لە وەتەی دەستپێكی كاری هونەرییەوە تا ئێستە لە ترۆپكی جەماوەریدا ماوەتەوە، لە كاتێكدا داوەتی تەواوی كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكانی ڕەت كردووەتەوە و هیچ كاتێك لەسەر شاشە نەبیندراوە. زۆر بە کەمیش لەناو خەڵک دەردەكەوێت، هەر جارێكیش دەربكەوێت، دەیان کەس لێی کۆ دەبنەوە و وێنەی لەگەڵ دەگرن.
هاوڕێکانی خۆی، هۆکاری دابڕانی فەرهاد زیرەك لە خەڵك و دەرنەكەوتنی لە شاشەكان، بۆ شەرمنی و سادەییی کەسایەتییەکەی دەگێڕنەوە، ڕەشاد خەیات هاوڕێی تەمەنیەتی، وێنەیەکی جیاوازی فەرهاد زیرەك پێشان دەدات و دەڵێت ”فەرهاد گۆرانیبێژەكی ئاسایی نییە، لە حەفتاكانەوە ڕۆژ بەڕۆژ جمهوری زیاتر دەبی“. باسی كەسایەتی و وەفاداریشی دەكات بەرانبەر هاوڕێكانی بەوەی “ئەو بەس برادەرمان نییە، بەرکە برایەکی گەورە و ڕێنیشاندەری برادەرەکانیتی. کەسم نەدیتییە لە فەرهاد بەوەفاتر، قەت برادەرەکانی بەجێ نایەریت”.
سەرەڕای ئەو سادەیییەی، زۆر جار بەهەڵە تێگەیشتن لە کەسایەتیی فەرهاد زیرەك دەبیندرێت، بەهۆی جەماوەرەكەیەوە، كە لە سەردەمێكدا گەنجانی هەژار و پشتگوێخراوی هەولێر گوێیان لە مەقامە غەمبارەكانی دەگرت، لەو ڕووەوە خەیات بەسەرهاتێكی خۆی لەگەڵ ئەو پیاوە دەگێڕێتەوە ”ڕۆژەك بە جادەكیدا دەڕۆیشتین، ماتۆڕەك بەوێدا تێپەڕی، گۆرانییەكی فەرهادی پێ كردبوو، ئاخیر سەوتی دابووێ، فەرهاد زۆر پێ ئیزعاج بوو، گۆتی ئاخر ئەوە لۆ خەتای منە؟ ئەمن هونەری خۆم لۆ ئەو حارەی هەتا ئێرە هینا؟ دووی ئەوهانە، وەیان کردییە وەکی باسی گۆرانیی من دەکرێت، خەرک فکر لە ماتۆڕ و قایشقووڕ و كەتەری دەكەنەوە“.
ئەو هونەرمەندە كە ناوی تەواوی فەرهاد عەلی مەحموودە، خەمە گەورەکانی ژیانی، لەدەستدانی ئازیزانی بوون. وەك خۆی دەڵێت هیچ شتەک لە ژیانیدا هێندەی مردنی مەمۆی هاوڕێی کاری تێ نەكردووە، چەند ساڵی ویست تا ئەو برینە ساڕێژ بوو، بەڵام جارەكی دی مردنی باوکی، برینەکەی نوێ کردەوە.
تەواوی گۆرانییەكانی فەرهاد زیرەك، هەر هونەرمەندێك بیانڵێتەوە، دەناسرێنەوە، بەڵام بەخۆی، گۆرانیی ”ڕابەرێ هات و نەمزانییە کێیە“، لە هەموو گۆرانییەكانی پێ خۆشترە و دەڵێت ئەو گۆرانییەی قەت كەون نابی.
تا ئەمڕۆش کە گۆرانی پشت بەستۆدیۆی پێشکەوتوو، کلیپی پڕ خەرجی، تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد دەبەستێت، بەڵام زوو لە یاد دەچنەوە، گۆرانییەکانی فەرهاد کە بە سادەیی لە دانیشتنی ماڵان بە ئۆرگێک تۆمار کراون، ملیۆنان بینەریان هەیە، نەک هەر بۆ نەوەی کۆن نۆستالژیایە و ماوەتەوە، بەڵكو نەوەی ئێستەش لە کافێ و ڕێستۆرانتە مۆدێرنەكان گوێیان لێ دەگرن. سەرباری ئەوەی لە شەوەئاهەنگەكانیشدا هونەرمەندانی گەنج و پیر گۆرانییەكانی فەرهاد دەڵێنەوە و بەهۆی ئەو گۆرانیانەشەوە زۆرترین جەماوەریان لێ كۆ دەبێتەوە و پارەی زۆریان پێ دەست دەكەوێت. کاتێکیش لەم بارەوە لە فەرهاد زیرەك دەپرسی ڕای چییە لەسەر ئەوانەی گۆرانییەکانی دەڵێنەوە؟ بەزەردەخەنەوە دەڵێت ”ئەگەر وەکی خۆی برێنەوە، پێم خۆشە، بەس کا وەکی خۆی دەیرێنەوە؟“.
ئەگەرچی فەرهاد زیرەك خوێندەوارییەكی ئەوتۆی نەبووە و مۆسیقاشی نەخوێندووە، بەڵام ژەنیارێكی شارەزایە، لەوەش زیاتر لێزانانە شیعرەکانی هەڵبژاردووە، کە پڕن لە چیڕۆکی ڕاستەقینەی هەولێر.
ئەو كە بێجگە لە زیرەك، بە نازناوی خارە و بولبولی كوردستان، بە گۆرانییە میللییەكانی، سنوورەکانی بڕیوە، دەنگ و مەقامەكانی جێی ستایشی هونەرمەندە گەورەكانی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەرن، چونكە سەلماندوویەتی تەنها گۆرانیبێژێک نییە، بەڵكو قوتابخانەیەکی زیندووی مەقام و نۆستالژیایەکی نەمرە، کە بەبێ ئەوەی خۆی دەربخات، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ڕۆحی هەولێرێ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved