لە هەولێر چاودێریی سێ کەسایەتیی سیاسی و سەربازی دەکرێت
لە هەولێر چاودێریی سێ کەسایەتیی سیاسی و سەربازی دەکرێت

بەڵگەنامەیەك ئاشكرای دەكات، دەزگە ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە هەولێر چاودێریی سێ کەسایەتیی سیاسی و سەربازییان كردووە، ئەنجامی چاودێریكردنەكەش بە نووسراوێک بۆ موتەسەڕیفی هەولێر نێردراوە.
لە نووسراوەکەدا كە ڕۆژی ١٧/١١/١٩٦٤ لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێر بۆ موتەسەڕیفی هەولێر نێردراوە و تایبەتە بەچاودێریکردنی هەریەکە لە عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی، عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی و ساڵح میران ڕەشید بەگ.

لە ئەنجامی چاودێریکردنەکەدا هاتووە:
یەکەم/ عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی
- ڕۆژی ٣٠/١٠/١٩٦٤، لە ڕانیەوە هاتووەتە هەولێر.
- ڕۆژی ٣١/١٠/١٩٦٤ لە ماڵەکەی خۆی پێشوازیی لە موقەدەم حەیدەر ئاغا و موقەدەم سەید حەسەن سەید ئەمین کردووە، دوای گەڕان و سووڕانی بەناو شاردا، لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ماڵی عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی لە گەڕەکی ئازادی.
- ڕۆژی یەك و دووی تشرینی دووەم بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی کردووە، دواتر چووەتە موتەسەڕیفییەت و لای ئەندازیار سەبری وەلیمی ئەندازیاری ڕێگەوبان و پردەکانی هەولێر، دواتریش لە ماڵەکەی خۆی پێشوازیی لە بابەشێخ مەلا عومەری تەکیەی سێتاقان کردووە.
- ڕۆژی ١١/٣ سەردانی ماڵی ساڵح میران و دواتریش سەردانی ماڵی عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی کردووە، پاشانیش لە ماڵەکەی پێشوازیی لە هەمزاغای سەرۆک جاشی سەڵاحەدین کردووە.
- ڕۆژی ٥/١١ سەردانی دیوانی موتەسەڕفیەتی هەولێری کردووە.
- ڕۆژی شەش و حەفتی تشرینی دووەم هیچی نەکردووە، تەنیا عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردووە.
- ڕۆژی ٩/١١ ئێوارەکەی سەردانی ماڵی موتەسەڕیفی کردووە.
- ڕۆژی ١٠/١١ سەردانی موتەسەڕیف و بەڕێوەبەری پۆلیسی کردووە و دوای نیوەڕۆش چووەتە کەرکووک و بەغدا.

دووەم/ عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی
- ڕۆژی ٣٠/١٠/١٩٦٤، لە ڕانیەوە هاتووەتە هەولێر.
- ڕۆژی ٣١/١٠ لە ئازادی سەردانی ماڵی ئەفسەری خانەنشین سەید حوسێن سەید ئەمین و ماڵی وەحدەدین ئەفەندیی کردووە و دواتر چووەتە ماڵی عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی.
- ڕۆژی ٤/١١ عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی سەردانی کردووە و چووەتە ڕانیە.
- ڕۆژی ٨/١١ لە ڕانیە و کۆیەوە گەڕاوەتەوە.
- ڕۆژی ٩/١١ دوای سەردانی بۆ لای موتەسەڕیف، بە یاوەریی شەش پێشمەرگە چووەتە مووسڵ.

سێیەم/ ساڵح میران ڕەشید بەگ
- ڕۆژی ٣٠/١٠/١٩٦٤، لە ڕانیەوە هاتووەتە هەولێر.
- ڕۆژی ١/١١ بە تەلەفۆن پەیوەندیی بەسەرۆکی یەکەمی خانەنشین سەبری ڕەشید کردووە، دواتر سەردانی یاریدەدەری موتەسەڕیف و بەڕێوەبەری خەزێنە و نازم ئاغای کردووە، ئێوارەکەش سەردانی عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی و داوداغای کردووە.
- ڕۆژی ٣/١١ سەرۆکی یەکەمی خانەنشین ڕەشید سەبری سەردانی کردووە و دواتر سەردانی ماڵی عەزیزاغای دەوڵەمەندی هەولێری کردووە و ئێوارەکەش چووەتە ماڵی عەقیدی خانەنشین کافی نەبەوی.
- سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٢/١١ بەئۆتۆمۆبێلی جێب ژمارە ٢٧١٧٩، گەڕاوەتەوە ڕانیە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved