پۆلیسی عێراق لە لیوای هەولێر، هەوڵی دەستگیرکردنی ١٠ پێشمەرگەی داوە، کە لە سنووری ناحیەی قوشتەپەی جاران، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.
بەپێی نووسراوێکی نهێنیی بەشیر ئەحمەد سەلمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی لیوای هەولێر، کە ڕۆژی ١٩٦٤/١١/١٠ بۆ موتەسەڕفیەتی هەولێری ناردووە، ١٠ پێشمەرگە، بەردەوام لە گوندەکانی ئەو سنوورە هاوکارییان بۆ شۆڕشی ئەیلوول کۆ کردووەتەوە.
هاوکارییەکان لە گوندی گردەسۆر ڕادەستی عەلی مەولوود دەکران، کە پێشتر پۆلیس بووە و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردبوو. ئەویش بە ئۆتۆمۆبێل دەیگوازتنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی شۆڕشی ئەیلوول.
لە نووسراوەکەدا، ناوی ئەو ١٠ پێشمەرگەیە نووسراوە و داوای دەستگیرکردنیان کراوە، کە بریتین لە:
- جەوهەر ڕەحمان، خەڵکی گوندی قورشاغلو، ناحیەی قوشتەپە.
- نادر، پۆلیسی هەڵاتوو.
- سادق، پۆلیسی هەڵاتوو.
- مەغدید حاجی عومەر، شۆفێری ئۆتۆمۆبێلی پیکاب بەبێ تابلۆی هاتوچۆ.
- حەسەن هەمین، خەڵکی گوندی عەلیاوە، ناحیەی قوشتەپە.
- حەسەن سوڵتان، خەڵکی گوندی تەتەراوە، ناحیەی قوشتەپە.
- وسو ئەحمەد، خەڵکی گوندی گرد لانکە، ناحیەی قوشتەپە.
- عومەر فەقێ، خەڵکی گوندی شێخان، ناحیەی قوشتەپە.
- ئەحمەد تەها، خەڵکی گوندی پڵینگە، ناحیەی قوشتەپە.
- عومەر شەریف، خەڵکی گوندی پڵینگە، ناحیەی قوشتەپە.