ئالیکی هەولێر لە کوێت و قەتەر
ئالیکی هەولێر لە کوێت و قەتەر

کە باسی پیشەسازی دەکرێت، بیر بۆ کارگە زەبەلاحەکانی ئاسن، چیمەنتۆ و نەوت دەچێت، بەڵام لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، لە هەولێر شۆڕشێکی گەورە و بێ دەنگ لە کەرتێكی ستراتیژیی گرینگ ڕووی دا، پیشەسازیی ئالیک، كە نەک کۆتاییی بەپشتبەستن بە هاوردەکردن هێنا، بەڵکو پایتەخت ئەمڕۆكە، ئاسایشی خۆراکی ئاژەڵ و پەلەوەری هەرێمی كوردستان و عێراقیش دابین دەكات.
لە ماوەیەکی کورتدا، وزەی بەرهەمهێنان لەم کەرتەدا سێ هێندە هەڵکشا، ئێستە بەرهەمی ساڵانەی ئالیك زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن و نیوە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، ژمارەی کارگەکانی ئالیک لە ماوەی هەشت ساڵدا لە ٢٥ کارگەوە بۆ ٤٨ کارگە زیادیان کردووە، بازدانە ڕاستەقینەکەش لە وزەی بەرهەمهێناندا بووە، لە کاتێکدا لە ٢٠١٧دا توانای بەرهەمهێنانی هەموو کارگەکان ٤٠٥ تۆن بووە لە کاتژمێرێکدا، پار ئەم ژمارەیە بۆ یەك هەزار و ١١٨ تۆن لە کاتژمێرێکدا بەرز بووەوە.
ئەگەر تێکڕای کارکردن لە ڕۆژێکدا بە هەشت کاتژمێر و ساڵێكیش بە ٢٨٨ ڕۆژ بخەمڵێندرێت، کۆی بەرهەمی ساڵانەی ئالیک بۆ ٢٠٢٥، دەگاتە دوو ملیۆن و ٥٧٥ هەزار و ٨٧٢ تۆن، کە بەراورد بە ٢٠١٧، نزیکەی سێ هێندە زیادی كردووە.
فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند ”گەیشتن بە خودبژێوی و هەناردەکردنی یەک لەسەر سێی بەرهەمەکان بۆ عێراق، وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بووە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئالیک“. دەشڵێت گەشەی خێرای ئەو پیشەسازییە، بۆ سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە کەرتی کشتوکاڵی وەک بنەمای پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری ناساند.
ئەم گەشەسەندنە، کەرتی چاندنیشی بووژاندووەتەوە، بەهۆی پشتبەستنی کارگەکان بە بەرهەمی ناوخۆوە، چاندنی گەنمەشامی لە ٦٠ هەزار تۆنەوە لە ٢٠١٩، بۆ ٣٠٠ هەزار تۆن لە ٢٠٢٥ هەڵکشاوە، ئەمەش دەكاتە پێنج هێندە زیادبوون.
لە نەخشەی ئەم پیشەسازییەدا، هەولێر جەمسەری سەرەکییە. لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی کارگەکانی هەولێر لە ١٤ەوە بۆ ٢٩ كارگە زیادی کردووە، بەڵام بازدانە گەورەکە لە وزەی بەرهەمهێناندا بووە کە بە ڕێژەی ٢٥٨٪ هەڵکشاوە، لە ٢٣٠ تۆنەوە بۆ ٨٢٣ تۆن لە کاتژمێرێکدا، بەمەش هەولێر ٧٤٪ی کۆی توانای هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێت.
ڕێباز ئیسماعیل بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر، ئەم پێشەنگییە بۆ سەقامگیریی شارەکە و ڕەخساندنی ژینگەی لەباری وەبەرهێنان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”ئاسانکارییەکان وایان کردووە پشکی شێری کارگەکان لێرە بن و تەنانەت وەبەرهێنەرانی عێراقیش ڕوو لە هەولێر بکەن. ئێستە زۆربەی کارگەکان بە وزەیەکی بەرز لە کار دان و تەنیا چوار کارگەی بچووک نەبێت کە توانایان لە ١٠ تۆن کەمترە وەستاون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کۆی بەرهەم نەبووە“.
حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی لێخۆشبوونی گومرگی و دابینکردنی کارەبای کشتوکاڵییەوە پاڵپشتی ئەم کەرتەی کردووە، ڕێباز دەڵێت ”ئێستە ئالیکی ناوخۆیی جێگەی هاوردەی گرتووەتەوە، تەنانەت لەم وەرزی گەرمایەدا، ڕۆژانە زیاتر یەك هەزار تۆن ئالیک لە هەولێرەوە ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت“.
نهێنییەکی دیكەی سەرکەوتنی ئەم پیشەسازییە، پەیڕەوکردنی سیستەمی متمانەیە لە بازاڕدا. مەسعود سابیر یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی باراش، ئاماژە بەوە دەکات کە ٩٥٪ی بەرهەمەکانیان بە قەرز دەفرۆشرێنە کێڵگە ناوخۆیییەکان و دەڵێت ”کوالێتی و متمانە وای کردووە خواستێکی بەردەوام هەبێت و هیچ گرفتێکمان لە بەبازاڕکردندا نەبێت“. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و زیادکردنی کێبڕکێ، لە ٢٠٢٤ەوە کارگەیەکی نوێیان بەناوی (تەبارە) لە کۆیە دامەزراندووە، كە ڕۆژانە ٨ کاتژمێر بە توانای ٤٥ تۆن لە کاتژمێرێکدا لە کار دایە و بەشێکی زۆری خواستەکانی جووتیارانی تەقتەق دابین دەکات، کە بەیەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە پڕۆژە زەبەلاحەکانی وەک کارگەی ئەربیل فید، کە توانای ٦٠ تۆنی هەیە لە کاتژمێرێکدا، چاویان لە بازاڕە فراوانەکەی عێراقە. ئارام حەسەن بەڕێوەبەری داراییی کارگەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ٧٠٪ی بەرهەمەکانیان هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن، بەڵام گلەیی لە ڕۆتین و ڕسوماتی پشکنین هەیە و دەڵێت ”بۆ هەر بارێکی هەناردە دەبێت نووسراوی فەرمی و تابلۆی بارهەڵگر دیاری بکرێت، لەگەڵ ڕسوماتی پشکنین بەبڕی دوو هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک. ڕۆتینی مامەڵەکان، کات و تێچووی زۆری هەیە“. جەختی لەوەش کردەوە کە کارگەکەیان هەلی کاری بۆ ١٠٠ کارمەند ڕەخساندووە، مانگانە ١٦ ملیۆن دینار بیمە دەدەن، ساڵانەش ملیۆنان دۆلار پارەی نەختینە دەهێننە ناو بازاڕەکانی هەرێمی كوردستان.
لەناو کارگەکانی هەرێمی کوردستاندا، کارگەی (Best Feed) وەک پڕۆژەیەکی تاقانە بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی سەوزی وشککراو دەردەکەوێت. حسێن عەلی خاوەنی کارگەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەڵمانیا، کارگەیەکیان دامەزراندووە کە ١٠٠٪ پشت بە کەرەستەی خاوی ناوخۆ دەبەستێت. ئێستە حەفت جۆر ئالیکی جیاواز بۆ ئاژەڵ، پەلەوەر و ئەسپ بەرهەم دەهێنن، ٨٠٪ی بەرهەمیش بۆ عێراق دەنێرن، بەشێكیشی لە ڕێگەی بازرگانانەوە دەگاتە کوێت، لە قەتەریشەوە داواكارییان بۆ هاتووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved