پایسکل بە نرخی ئۆتۆمۆبێل
پایسکل بە نرخی ئۆتۆمۆبێل


ڕۆژ بەڕۆژ، سەرباری جادە قەرەباڵغ و دووكەڵاوییەكانی هەولێرێ و نەبوونی ڕێی تایبەت بۆ پیادەڕۆ و پایسكل، بۆ وەرزش بێت یان پیاسە، خەڵك پێ لە پەیدانی پایسكل دەدەن.
پەرەسەندنی ئاژووتنی پایسکل وەك خاڵی گەڕانەوە بۆ ئامرازە سادەكەی هاتوچۆ، نیشانەی دووبارە بووژاندنەوەی کولتوورێکی كۆنی شارە، كە ماوەیەكە ستایلیشی دەدرێتێ و دەشێ ببێتە یەكێك لەو ئامرازە گرانبەهایانەی ژیان كە خولیای هەندێك كەسە، جار هەیە ئەو خولیایە وا دەكات بەكارهێنەر ئامادە بێت نرخی ئۆتۆمۆبێلێکی نوێ و زیاتریش بە پایسكلێك بدات.
عەبدوڵڵا یوسف گەنجێكی تەمەن ٢٨ ساڵە و دەرچووی پەروەردەی وەرزشە، یەکێکە لە پایسکلسوارە لێهاتووەکان، لە کۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی وەرزشی لەناو مەیدانی پایسكلان ئیش دەكات، بۆ (گڵكەند) باسی لە نرخی گرانی هەندێك جۆری پایسکل دەكات و دەڵێت لە بازاڕەكەی ئەواندا نرخی پایسكل لە ٦٠٠ هەزار دینارەوە دەست پێ دەکا تا سەرووی ١٥ ملیۆن دینار. ئەوەش ناشارێتەوە كە لە بازاڕی هەولێرێ، هەندێک پایسکلی جیهانی وەک بڕاندی (S-Works) هەن، نرخیان لە ٣٠ ملیۆن دینار زیاترە. خۆیشی جارێك پایسکلێكی بە نزیكەی ١٧ ملیۆن دینار فرۆشتووەتە یاریزانێك.
ئەو بازاڕە نوێیە، ئەگەر بە سستیش دەستی پێ كردبێت، ئێستە گەرمە. بەپێی ئامارێكی ناو بازاڕەكە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی ٤٠٠ پایسکلی یاریزانانی پیشەگەر لە هەولێر فرۆشراون. عەبدوڵڵا بە دڵخۆشییەوە باسی لەوە کرد کە هەولێر لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە پایسکلانەدا پێشەنگی شارەكانی كوردستانی گرتووە، دەشڵێت ”لەم چەند ساڵەی دواییدا پایسکلسواری لە هەولێر بووەتە پێویستی و خواستی زۆری لەسەرە“.


نهێنیی نرخی گرانی پایسكلەكان بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیەیە كە بەكاریان هێناوە، لاشەی پایسکلەکان، وەک بڕاندی بەناوبانگی (Trek)، بە تەواوی لە کاربۆن فایبەر دروست کراوە، وای کردووە کێشی پایسکلێکی گەورە تەنیا شەش کیلۆ و ٨٠ گرام بێت. گێڕەکانیان سیمیان تێدا نییە، بەڵکو کارەبایین، پاتریان هەیە و لە ڕێگەی شیفتەری بلوتووز و شاشەی مۆبایلەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. تایەکانیشیان وەک Kenda و Schwalbe، ماددەیەکی لینجیان تێدایە کە ئەگەر بزماریش بچێتە ناویانەوە، خۆکارانە کونەکە دەگرنەوە و ناهێڵن هەواکەی دەرچێت.
ڕاكێشانی خەڵک بۆ پایسکلسواری، هۆکاری کۆمەڵایەتی و تەندروستیی لە پشتە، سەرباری بێزار بوون لە قەرەباڵغیی بێزارکەری جادەكان، بەتایبەتیش کێشە تەندروستییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن وایان کردووە زۆر کەس پەنا بۆ ئەم خولیایە ببەن.
عەبدوڵڵا، کە بۆ خۆی پایسکلێکی چینیی بە ٨٠٠ دۆلار كڕیوە، دەڵێت ”پایسکلسواری، جەستە بەهێز دەکات و دەروون ئارام دەکاتەوە، ئێمە وەک یاریزان ئەگەر ڕۆژێک نەچینە دەرەوە دڵمان توند دەبێت. بۆ خۆم هەفتانە چەندین کاتژمێر ڕێگەی سەختی بەنداوی گۆمەسپان دەبڕم، پایسکلی ئاسایی قەت بەرگەی ئەو ڕێیە درێژانە ناگریت“.
سەرەڕای جوانییەکانی ئەم خولیایە، شەقامەکانی هەولێر بۆ پایسکلسواری مەترسیدارن. عەبدوڵڵا بە نیگەرانییەوە باس لە هەڵسوکەوتی شۆفێران دەکات ”ڕۆژ نییە ئۆتۆمۆبێل هۆڕینمان بۆ لێ نەدەن، جنێو دەدەن یان ئۆتۆمۆبێلەکانیان دەشکێننەوە سەرمان. بۆیە ناچارین بچینە دەرەوەی شار، کە ئەویش مەترسیی خۆی هەیە“.
لە دیوێكی دیكەی ئەو دیاردە تەندروستەدا، گرینگینەدانی پایسكلسواران بە کڵاو و کەرەستەی سەلامەتی هەیە، كە لە دۆخی هاتوچۆی هەولێردا ڕەنگە لە زۆربەی شارەكانی دیكەی جیهان پێویستتر بێت.

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved