هەڵگەڕان بە دۆڵی مۆسیقادا
هەڵگەڕان بە دۆڵی مۆسیقادا

کاتژمێر حەفتی بەیانیی هەینییە، بەهاری کوردستان لە دوای زستانێکی پڕ باران درێژ بووەتەوە و هێشتا لە لووتکەی گەشانەوەی خۆیتی، کەمتر لە ٤٢ کیلۆمەتر لە باكوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، لە دۆڵێکی بناری سەفین، دەیان وەرزشوان بە کڵاو و کەمەربەندی تایبەتەوە لە ژێر دیوارە بەردینە ستوونییەکان کۆ بوونەتەوە و گوریسەکانیشیان لە لووتکەکانەوە بۆ خوارەوە شۆڕ کردووەتەوە.
دەنگی پێککەوتنی کەرەستە ئاسنینەکان و زەنگوڵەی ئامرازەکانی سەرکەوتن بەسەر شاخدا، لەگەڵ جووڵەی وەرزشوانەکاندا وەک ئاوازی مۆسیقا بە یەك ڕیتم دەزرنگێنەوە.
فرەڕەنگییەكی زۆر لە شوێنەکەدا دەبینرێت، وەرزشوانەکان لە نەتەوە و تەمەنی جیاوازن، ڕێنمایی و قسەکانی نێوانیان بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبییە. لە لایەک کچێکی گەنج خەریکی توندکردنی گوریسەکەیەتی بۆ پاراستنی هاوڕێکەی لە کاتی سەرکەوتندا، لە لایەکی دی سەرپەرشتیاران ڕێنماییی تیمەکان دەکەن، لەولاشەوە منداڵێک بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی سەرکەوتنە بەو ڕێڕەوە بەرزانەدا.


ئەمە خاڵی دەستپێکی ڕۆژێکی پڕ لە چێژ و ئاڵنگارییە بۆ خولیای وەرزشێکی نوێ و جیاواز لە هەرێمی کوردستان، کە پێی دەڵێن هەڵگەڕان ”هەڵزنان“ (Sport Climbing) یان وەک خەڵکی دەڵێن ”بەردەوانی“، لە شوێنێكی تایبەتی ناو سروشتی ناوچەكەشدا ئەنجام دەدرێت كە پێی دەڵێن دۆڵی میوزیک یان مۆسیقا، ئەو ناوەشی بۆ سروشتە بەردینەکەی دەگەڕێتەوە، كە کاتێک با یان باران بەوێدا تێپەڕ دەبێت، دەنگێکی تایبەت وەک ئاواز و مۆسیقایەكی سروشتی دروست دەکات. بۆچوونێكی دیكەش هەیە كە گوایە گرووپە شاخەوانە کوردەکان ساڵانێک پێش ئێستە چوونەتە ئەو دۆڵە و گوێبیستی دەنگ و خوێندنە جیاوازەکانی ئەو باڵندانە بوون کە لە دۆڵەکەدا هەبوون، وەک مۆسیقا کەوتووەتە بەر گوێیان. بەڵام ئەمڕۆ دۆڵەكە بووەتە ماڵی وەرزشێکی نوێی پڕ جۆش و خرۆش لە هەرێمی کوردستان.


سەنار سەباح (27 ساڵ)، دامەزرێنەرێكی یانەی بەردەوانیی کوردستانە، ساڵ و نیوێكە ئاشنای وەرزشەكەیە و دەڵێت ڕێڕەوی دیوارە سروشتییەکانی دۆڵی مۆسیقا لە ٢٠٠٤ەوە لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و تیمە بیانییەكانەوە دروست کراوە. ئەوانیش کاتێکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ فێربوون بە شێوەیەکی ئەکادیمی و ستانداردی جیهانی. گەشتی چەندین وڵاتیان کردووە بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە لەم وەرزشەدا پێشەنگن، لەوانەش؛ یۆنان، ئیسپانیا و نەمسا، تا بزانن پڕۆفیشناڵەکانی دنیا چۆن مەشق دەکەن.
سەنار و شەش گەنجی دیکە لەلایەن ڕێکخراوێکی ڕاهێنەرانەوە ڕاهێنان وەردەگرن کە فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و (تیمی ECC)ی شاخەوانی بیانییەكان ڕێکیان خستبوو، ئەوانە یەکەمین گرووپن لە کوردستان بڕوانامەی هەڵزنانیان بەدەست هێناوە.
هیدایە ئازاد، کچە گەنجێکی دیكەی ئاشنای ئەو وەرزشەیە، بە زەردەخەنەوە باسی یەكەم ئەزموونی دەگێڕێتەوە ”كە یەکەم جار هاتمە خوارەوە، هەموو قۆڵم بووبووە ئاو، لە هێز کەوتبووم و نەمدەتوانی هەڵبستمەوە، بەڵام هەستێکی زۆر جیاواز بوو“. پێی وایە ئەم وەرزشە چارەسەرێکی دەروونییە و دەڵێت ”من کەسێکم وزەیەکی زۆرم هەیە، ئەگەر نەجووڵێمەوە ئەو وزەیە دەبێتە هێزێکی زەینی و زۆر بیر دەکەمەوە. جوانیی بەردەوانی لەوەدایە هەموو هێزت دەبات و بیرت بەس لەسەر ئەوەیە چۆن هەنگاوی داهاتوو بنێی“.
ئەو وەرزشە دەرفەتێکی گونجاوتر بە ژنان دەدات، هیدایە دەڵێت لێرە ژن زۆرە. ئەگەرچی پیاو هێزی ماسولکەیان زیاترە، بەڵام ژن کێشیان کەمترە و جەستەیان نەرمترە، ئەوەش وا دەکات ژن ئاسانتر بەسەر دیوارەکاندا سەربکەون.
ئارەزوومەندانی ئەم وەرزشە هەژماری (Kurdistan Climbing Club)یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست كردووە و خەڵك لەوێوە دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بكات و یەكەم تاقیكردنەوە بێ بەرانبەرە.
لانا محەمەد دەرمانساز و ڕاهێنەری کڕۆسفیت، تەمەنی ٤٠ ساڵە. هەرچەند ترسی لە بەرزی هەبووە، بەڵام بڕیار دەدات ڕووبەڕووی ترسەکەی ببێتەوە. بەجۆشەوە دەڵێت ”یەکەم جار هاتم زۆر دەترسام، بەڵام لە ماوەی سێ خولەکدا چوومە سەرەوە و هاتمە خوارێ. هەستم کرد ئەمە وەکو ژیانی خۆمە؛ كە زۆر شتی قورسم بینیوە، بەڵام کە گەیشتمە ئەو لووتکەیەی دەمویست، هەستێکی زۆر تایبەت بوو“.
بارین عارفی تەمەن ١٠ ساڵیش، بێباکانە، بە چاپووکی بەسەر دیوارێکی ١٧ مەتریدا هەڵدەزنێت. بارین ئەو سێ حەفتەیە دەستی پێ کردووە، بە ڕووێكی خۆشەوە دەڵێت ”پێشتر کە لەگەڵ دایک و باوکم دەهاتم، بەس تەماشام دەکرد، کەمێک قورس دیار بوو و دەترسام، بەڵام ئێستە ترسم نەماوە و هەستێکی زۆر خۆشم هەیە كە دەستم پێ كردووە“.
کاتێک باس دێتە سەر مەترسییەکانی ئەم وەرزشە، سەنار بەراوردی دەکات بە وەرزشەکانی دیکە و پێی وایە مەترسییەکانی زیاتر نییە لە هەر وەرزشێکی دیکە و بگرە زۆر جار مەترسیی تووشبوون بە پێکان لە وەرزشەکانی دیکە زیاترە وەک لە وەرزشی بەردەوانی، بەڵام دەبێت پێداویستییەكان بەکار بهێندرێن.
لە پاڵ سەلامەتیدا، ئەوەی وەرزشەكە جیا دەکاتەوە، ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەیە کە لە نێوان یاریزانەکاندا دروست دەبێت. وەک هیدایە وەسفی دەکات ”ئاستێکی دیكەی شاخەوانییە، تۆ لێرە تەنها پیاسە ناکەیت، بەڵکو گیانی خۆت دەدەیتە دەستی کەسێکی دی. ئەو کەسەی لە خوارەوە بە گوریسەکە دەتگرێت، ئەگەر بەرببیتەوە، ژیانت دەپارێزێت، ئەمەش متمانەیەکی زۆر گەورە و گرووپێكی یەکگرتوو دروست دەکات“.


یانەی بەردەوانیی کوردستان تەنها بەم شاخانەوە ناوەستن، خەونی گەورەی هیدایە و سەنار و کۆمەڵگەی بەردەوانیی کوردستان دروستکردنی هۆڵێکی داخراوە (Indoor Gym) بۆ ئەم وەرزشە، تاوەکو گەنجان بتوانن لە وەرزی بارانبارین و گەرما سەختەکانیشدا بەردەوام بن.
ئەوان دەیانەوێت ئەم وەرزشە ببێتە خولیایەکی هەمیشەیی و وەبەرهێنەران هان بدەن تا بیکەنە بەشێک لە ناسنامەی وەرزشیی کوردستان.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved