یادەوەرییەكانی كۆیە تا قەڵات لە باوەشی زەینەب خان
یادەوەرییەكانی كۆیە تا قەڵات لە باوەشی زەینەب خان

کاتێک پۆستەچی بە کۆڵانە پێچاوپێچەکاندا تێدەپەڕی، لە بەردەرگەی ماڵێكدا بەتایبەت دەوەستا، چونكە تەنها نامەیەکی سادەی بۆ نەدەبرد، بەڵکو دەفتەرێکی گەورەی پۆستەی پێ بوو، کە دەبووایە خاوەنەکەی ئیمزای بکات. لەودیو دەرگە ژنێک بە هێمنی دەهاتە دەرەوە، قەڵەمەکەی دەگرتە دەست و ئیمزای خۆی، بۆ وەرگرتنی ڕۆژنامە و گۆڤارە بیانییەکان دەکرد، ئەو ژنە زەینەب خان بوو.
لەو سەردەمەی زۆربەی خەڵک بە بابەتە ئاسایییەكانی ڕۆژانەی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون، كاسبییان دەكرد بۆ پەیداكردنی بژێوی، ئەو ژنە لە بێدەنگیدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی یادەوەرییەكانی نەتەوەیەک بوو، لە کۆیەوە تا قەڵاتێ، وەک پاسەوانێکی نەناسراو، ئەرشیفێکی نیشتمانیی گەورەی لەناو سندوقەکانی ماڵەکەیدا حەشار دابوو.
زەینەب خان تەنیا شاعیرێک نەبوو لە بۆشاییدا سەری هەڵدابێت، بەڵکو چرۆی خانەوادەیەک بوو کە زانستیان وەک هەوا هەڵدەمژی. مەڵبەندەکەیان، مزگەوتی خادم سوجادەی کۆیە بوو، ئەوێندەر بەس جێگەی نوێژ و عیبادەت نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی ڕۆحی بوو، ڕۆژانە لە كۆبوونەوەكانی ئەوێندەرێ، ناوی کەڵەپیاوانی وەک نالی، سالم، کوردی و حاجی قادری کۆیی دەبیستران.
لە سەرەتای سەتەی ڕابردوودا، کە تاریکایی و نەخوێندەواری باڵی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کێشابوو، خانەوادەی مەلا ڕەئووفی خادم سوجادە چوار دەرچووی کۆلێژی حقوقیان هەبوو، لەوانەش دڵداری شاعیر.
لەم ماڵەدا، زانست بۆ پیاوان قۆرغ نەکرابوو، ڕێگەی قوتابخانە و فێربوون لە کچان نەدەگیرا.
زەهوە خانی دایکی زەینەب خان، خاوەنی حوجرەی تایبەتی قورئان و زانستی ئیسلامی بوو بۆ کچان. خورشیدە فەندی داپیرەشی، ئامۆزای حاجی قادری کۆیی بوو. زەینەب خان لە ژێر سێبەر و شكۆی ئەم میراتە گەورەیەدا چرۆی كردبوو.
زوو لەوە تێگەیشتبوو کە نەتەوە تەنیا بەگوتاری سیاسی و دروشمی بریقەدار ئازاد نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی پەرەپێدانی كولتوور، فۆلکلۆر، چیڕۆک، گۆرانی و زمانەکەیەوە دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ئەگەر ئەمڕۆ سندوقە پارێزراوەکانی زەینەب خان بکەیتەوە، دیمەنێک دەبینیت کە لە خەیاڵیشدا جێی سەرسووڕمانە. گەورەییی ئەم ژنە لە دێرە شیعرەکانیدا کورت نابێتەوە، ئەو بەتەنیا خۆی، کارێکی کردووە کە لە وڵاتاندا دەزگەیەکی گەورەی تایبەت بەپاراستنی بەڵگەنامە دەیکەن.
لە ناو ئەرشیفە تایبەتەکەیدا، گەنجینەی دەستنووس و مەختووتاتی زۆر بەوریایییەوە پارێزراون، لەوانەش دەستخەت و مۆری ئەسڵیی مەولانا خالیدی نەقشبەندی. سەرباری دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی عەرەبی و بیانی کە لە کاتی خۆیدا نووسەرانی کورد وتاریان لەسەر کێشەی نەتەوەکەیان تێدا بڵاو کردووەتەوە، بێ ئەوەی لاپەڕەیەکیان بفەوتێت، پاراستوونی.
ئەوەی هێندەی دیكە بەهای ئەو ئەرشیفە قورس دەکات، ئەو ئەلبوومە وێنانەیە کە بە کامێرای خێزانەکەیان چرکێنراون و هێشتا ڕووناکییان نەدیوە و بڵاو نەکراونەتەوە.
وێنەی دەگمەنی ماڵباتی بەدرخانییەکان، سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی باشوور، باکور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەگەڵ خانەوادەی مەلا ڕەئووفی خادم سوجادە، هەموویان لەناو تاریکاییی سندوقەکەی زەینەب خاندا، لە ماڵی كەسایەتییەكی هەولێرێدا، لە متبوونێکی هەمیشەیی پارێزراون.
لە کاتێکدا لێکۆڵەران چەندین ساڵە لە مۆزەخانەکانی جیهاندا، بەدوای تاپۆی زەوییەکانی حاجی قادر لە گۆڕقەرەج، یان بەڵگەنامەیەکی شەریف پاشای خەندان، یان دەستنووسێکی مەولانا خالید وێڵن و لاپەڕەیەکیان دەست ناکەوێت، گەنجینەیەكی وا مەزن لە ماڵێکی کوردستاندا بە پارێزراوی و ونی ماوەتەوە. لێرەدا دامەزراندنی ئەرشیفخانەیەكی نیشتمانی بۆ پاراستنی گەنجینەی هاوشێوە، کەلێنێکی گەورەی ئاسایشی نەتەوەیی پڕ دەكاتەوە.
زەینەب خان، ئەو ژنەی لە کۆیەوە تا قەڵاتی هەولێرێ، بێ دەنگ وەک شاخێک پاسەوانی یادەوەریی نەتەوەیەک بوو، سەلماندی کە گەورەییی ڕاستەقینە، توانای پاراستنی مێژووە بەبێ ئەوەی داوای هیچ ستایشێک بكات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved