زانیارییەكانی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەلایەن هەواڵگریی عێراق
زانیارییەكانی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەلایەن هەواڵگریی عێراق

ئەرکانی گشتیی سەربازگەی غەزلانیی سەر بەفەرماندەییی فیرقەی چواری سوپای پێشووی عێراق، زانیاریی هەواڵگری لە بارەی فەرماندەیەکی خانەنشینی سەربازی، کە پێشمەرگە بووە، دەداتە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی.
ڕۆژی ٢١/١١/١٩٦٤، فەرماندەییی فیرقەی چواری سوپای عێراق بە نووسراوێک كە ئیمزای عەمید ڕوکن سەعید ساڵح ئەلقەتان فەرماندەی فیرقەکەی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە جموجۆڵ و کۆبوونەوەکانی عەقیدی خانەنشین و فەرماندەی پێشمەرگە عەبدولڕەحمان قازیی ئاگەدار کردووەتەوە.
بەپێی نووسراوەکە، ڕۆژی ١١/١١/١٩٦٤، عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی، بە قاتێکی کوردی و بڕنۆیەک و دەمانچەیەکەوە، بە یاوەریی هەشت پاسەوانی کڵاشینکۆف بەدەست بە ئۆتۆمۆبێلێکی لاندرۆڤەر و ئۆتۆمۆبێلێکی سەربازی، کە دەگوترێت لە عەمید ڕوکن عەبدولمونعیمی موتەسەڕیفی هەولێر وەری گرتووە و دواتر گەڕاوەتەوە هەولێر، سەردانی قەزای شێخان و هەندێ ناوچەی دیکەی کردووە.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی گوتوویەتی، بە ئاگەداریی حکومەتی عێراق و بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی، ڕابەری شۆڕشی ئەیلوول، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ڕووی لەو ناوچانە کردووە.
لە خاڵی دووەمدا، باس لەوە کراوە کە عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی چووەتە بێسرێ و بۆ ماوەی کاتژمێرێك و نیو لەگەڵ حەسۆ میرخان کۆ بووەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە گوندی مریبا، شەوێکیش لەوێ لەلای عەبدوڵڵا شەڕەفانی ماوەتەوە و بە نهێنی و بەتەنیا چاوی بە فاروق ئێزدیی برای تەحسین بەگ و حەلۆ جۆنی (لایەنگری سەرسەختی پارتی) و مشیر ئیسماعیل ڕۆڤی کەوتووە.
لە خاڵی سێیەمی نووسراوەکەدا، ئاماژە بە سەردانی دواتری عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی بۆ باعەدرێ بە یاوەریی فاروق ئێزدی کراوە و نووسراوە، شەوێک لە باعەدرێ میوانی تەحسین بەگ بووە و پاشانیش ڕووی کردووەتە ئەلقۆش و شەوێک لەوێ میوانی ئیلۆ حەنۆ بووە، کە شیوعییە و پیشەی عەتارە لە ئەلقۆش.
لە چوارەم خاڵدا، باس لەوە کراوە عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی دوای سنووری قەزای شێخان، سەردانی دهۆک و زاخۆی کردووە و چاوی بەکەسایەتییە پارتییەکان کەوتووە، کە تا نووسینی ڕاپۆرتەکە زانیاریی چاوپێکەوتنەکان بە فیرقەی چواری سوپای عێراق نەگەیشتووە.
لە خاڵی كۆتاییشدا نووسراوە، عەقیدی خانەنشین عەبدولڕەحمان قازی بۆ ئاگەدارکردنەوەی لایەنگرانی مەلا مستەفا بارزانی لە سنوورەکە و بۆ تێکنەدانی ئارامی و ڕەوشی ناوچەکە، سەردانی ئەو سنوورەی کردووە، تاكو ڕێنمایییەکانی بارزانی بگەیەنێت و لە کێشەکانیشیان بكۆڵێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved