ساڵانێک بوو ئەو لاپەڕگەیەی هەولێر، جێی كۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک بوو، بۆنی ناخۆشی ڕۆژەڕێیەك دەڕۆیی، ئێستە لە ڕێی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیانەوە، دەكرێتە پارچەیەك لە سەوزایی و ڕووبارێكی دەستكرد. تا ببێتە ڕووگەیەكی نوێی حەوانەوەی هاوشارییان.
ئێستە دەیان ئامێری گەورەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوام خەریكی كاركردنن لە پڕۆژەی گەورەی ڕێڕەوی ژیان، كە لەلایەن خەڵكەوە ناوی “کۆڕنیشی هەولێر”ی لێ نراوە.
ئەو پڕۆژەیە كە زیاتر لە ٢٥ کیلۆمەتر درێژە، ڕۆژی پێنجی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی داندرا، ڕۆژێک دواتر ئامێرەکان کەوتنە کار.
کارکردن لە بەشی یەکەمی پڕۆژەکە بە گوڕوتینەوە بەردەوامە، بەرپرسانی حكومەتیش هەوڵ دەدەن هاوشێوەی پڕۆژەكانی دیكەی پایتەخت، بەر لە وادەی خۆی، تەواو بكرێت.
سەرباری ئەوەش، لەبەر گرینگی و گەورەییی پڕۆژەكە، لە نزیكەوە بەدواداچوونی ورد و بەردەوام بۆ پێشڤەچوونەكان، پێداویستییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان دەكەن.
بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، تەنیا زۆنێكی مردوو و پشتگوێخراوی هەولێر ناژیێتەوە، بەڵكو ئادگارێكی نوێ و ڕووگەیەكی گەشتیاریی نایاب بۆ هەولێر و هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، پایتەخت لە ڕووی ئابووریشەوە دەروازەیەكی دیكەی بە ڕوودا دەكرێتەوە و سەتان هەلی کاری نوێ دەڕەخسێت.