لە شێستەکانی سەتەی ڕابردوودا، لەناو بازاڕ و قەیسەریی هەولێرێ، پیشەوەر و بازرگان و چەند دوکاندارێکی دیار و بەناوبانگ هەبوون. ئەوانە بۆ ئەوەی جۆری کارکردنیان دیار بێت، لە چاپخانەی (کوردستان)ی گیو موکریانی یان لە چاپخانەی محەمەدئەمین عەسری لە کەرکووک و چاپخانەی دی لە مووسڵ، ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆن و جۆری کارەکەیان لە شێوەی (بزنس کارت)ی ئێستە لەسەر کارتۆنێکی ئاسایی چاپ دەكرد.
ئەو كات (١٠٠) دانەی بە (١٠٠) فلس چاپ دەکرا، جۆرێک لە بەبازاڕكردنی ئیشەکەیان لەسەر دەنووسی و دابەشی سەر خاوەن پیشە و دوکاندار و کەسایەتییەکانی ناو شاریان دەکرد.
چەند دانەیەك لەو کارتانە لە ئەرشیفی سەفین دزەیی كەسایەتیی سیاسیی هەولێر پارێزراون، كە لە شێوەی بزنس کارتن و دەگەڕێنەوە بۆ جەلیل خەلیل خەیات، کە بەم شێوەیە ڕیکلامی بۆ کاری بەرگدوورینی خۆی کردووە:
(اذا اردت ان تحوز علی بدلة فاخرة فعليك مراجعة الخياط الماهر جليل خليل. اربيل شارع العام تلفون ١٩٦) واتە ئەگەر ویستت بە قاتێکی نایابەوە هاوسەرگیری بکەی، سەردانی بەرگدرووی لێهاتوو جەلیل خەلیل بکە، هەولێر، شەقامی گشتی. ژمارەی تەلەفۆن ١٩٦.