وتەکانی مەسیح، لە ئینجیلەکانی مەتا، مەرقۆس، لۆقا و یۆحەننا، كە تا ئەمڕۆ بۆ سەر زیاتر لە یەك هەزار و ٨٠٠ زمان وەرگێڕدراون و ٩٩٪ی دانیشتوانی زەوی دەتوانن بە زمانی خۆیان چیڕۆکەكانی و ئامۆژگارییەکانی عیسا بخوێننەوە، زۆر ڕوونە، بە شێوەیەکی قووڵ مێژووی جیهانیان گۆڕیوە، بەڵام ئەوەی کەم کەس دەیزانێت، ئەو ڕاستییەیە کە ئەو هەڵمەتە گەورەیەی وەرگێڕان، پێ دەچێت پێش ١٨ سەتە، هەر لێرە، لە هەولێرێ دەستی پێ کردبێت.
لە سەتەی دووەمی زاینی، ئەو دەمەی هەولێر بە (ئەربێلا) ناسرا بوو و پایتەختی شانشینی ئەدیابین بووە و كەوتبووە نێوان دوو زلهێزی ئەو کاتە، ڕۆما لە ڕۆژئاوا و پارتاکان لە ڕۆژهەڵات، کولتوورەکەی ڕەنگدانەوەی پێگەکەی بوو وەک پردێک لە نێوان هەردوو بەرەدا.
لەو سەردەمەدا، کوڕێکی ڕەسەنی ئەدیابین بە ناوی (تاتیان) گەشتێک بەرەو ڕۆژئاوا بۆ ڕۆما دەکات، کاتێک دەگاتە جێ، بە بینینی بتپەرستیی ئەوان شۆک دەبێت.
پاش ماوەیەک، تاتیان دەبێتە مەسیحی و لەسەر دەستی جەستن مارتیێر کە سەرکردەیەکی دیاری سەرەتای مەسیحییەت بوو، دەست بە خوێندن دەکات.
وا دیارە ئەو گەنجە دیدگەیێکی ئاینیی توندی لە كن دروست دەبێت کە سەرەنجام دەبێتە هۆی لێکترازان و دروستبوونی کێشە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەسیحییەکانی ڕۆما. لەبەر ئەم هۆکارە و ڕەنگە هۆکاری دیکەش، ڕۆما جێ دێڵێت و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، کە پێ دەچێت هەر لە ئەربێلا نیشتەجێ بووبێتەوە.
لەگەڵ گەڕانەوەیدا، تاتیان دەست بەگەورەترین و کاریگەرترین کاری خۆی دەکات کە بە (دیاتەسارۆن - Diatessaron) ناسراوە. ئەو کات، چوار ئینجیلەکەی مەسیح تەنیا بە زمانی یۆنانی بەردەست بوون، کە زمانی باوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بوو. هەرچەندە پێ دەچێت عیسای مەسیح خۆی لە کاتی بانگەوازەکەیدا بە ئارامی قسەی کردبێت، بەڵام ئینجیلەکان بۆ خەڵکی دەریای ناوەڕاست بە یۆنانی نووسرابوونەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، باوترین زمان لە ئەربێلا و ئەدیابین، شێوەزارێکی خۆرهەڵاتیی زمانی ئارامی بوو کە پێی دەگوترا (سوریانی)، كە شێوە کۆنەكەی ئەو زمانەیە کە تا ئەمڕۆ ئاشووری و کلدانییەکانی کوردستان پێی دەدوێن.
لە دیاتەسارۆندا، تاتیان هەوڵی دا وتەکانی مەسیح بە زمانی دایکیان بگەیەنێتە دەستی خەڵکی زێدی خۆی. بڕیاری دا کتێبەکان وەربگێڕێتە سەر زمانی سوریانی، بەڵام ڕێگەیەکی جیاواز و داهێنەرانەی گرتە بەر. لە بریی ئەوەی چوار کتێبە جیاوازەکە وەربگێڕێت، ناوەڕۆکی ئینجیلەکانی مەتا، مەرقۆس، لۆقا و یۆحەننای لەناو یەک چیڕۆکی بەردەوام و یەکگرتوودا ڕێک خست. هەر بۆیەش کارەکەی ناو نرا (دیاتەسارۆن)، کە لە ڕووی وشەیییەوە بە واتای (لە ڕێگەی چوارەوە) دێت.
هەرچەندە بڕیاری ئەو بۆ دروستکردنی هارمۆنییەکی داڕێژراوە لە بریی وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆ، لەو کاتەش و تا ئێستەش جێی مشتومڕ بووە، بەڵام کارەکەی پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا. بۆ ماوەی ٢٠٠ ساڵ، دیاتەسارۆن بووە دەقی سەرەکیی ئینجیل بۆ سوریانییەكان.
دانەکانی ئەم پەڕتووکە بەناو ئیمپراتۆریەتی پارتاکان و تەنانەت دەرەوەی ئەویشدا بڵاو بووەوە. هەندێک لە زانایان پێیان وایە کاتێک سەرچاوە سەرەتایییەکانی ئیسلام باس لە یەک (ئینجیل) دەکەن نەک چوار، هۆکارەکەی بۆ ئەم نەریتەی پەڕتووکە یەکگرتووەکەی تاتیان دەگەڕێتەوە، چونکە هۆزەکانی عەرەبستان زیاتر ئاشنای ئینجیلە یەکگرتووەکەی تاتیان بوون نەک چوار كتێبە جیاوازەکە.
کاریگەری کارەکەی تاتیان بێ سنوور بوو، وتەکانی مەسیحی گەیاندە تەواوی جیهانی سوریانی، لە میسرەوە تا دەگاتە هیندستان و ناوەڕاستی ئاسیا. ڕۆڵێکی گەورەشی لە بڵاوبوونەوەی مەسیحیەتی سوریانیدا هەبوو، کە دواتر کاریگەریی مێژووییی سەرنجڕاکێشی لێ کەوتەوە، وەک ئەوەی کاریگەری خستە سەر ئەو ڕێنووسەی دواتر بۆ مەغۆلەکان پەرەی پێ درا.
لە هەمووی گرینگتر، کارەکەی تاتیان بە یەکەمین نموونەی وەرگێڕانی نووسراوی ئینجیل لە مێژوودا دادەنرێت. دەیان وەرگێڕی دیکە شوێنپێیان هەڵگرت، چەندین سەتە دواتر بووە هۆی ئەوەی ئینجیل بە زارەکانی سۆرانی، بادینی و کرمانجییش بەردەست بێت کە ئەمڕۆ هەن. ئەو هەڵمەتەش بەردەوامە، وەک وەرگێڕانی ئەم دوایییەی ئینجیلی لۆقا بۆ سەر زاری کوردیی کەڵهوڕی.
ئەگەر پرسیار بکرێت ئەو هەموو هەوڵە لە کوێوە دەستی پێ کرد؟ پێ دەچێت هەر لێرە، لە ئەربێلای کۆنەوە بووبێت. هەرچەندە ئەمڕۆ ئەم میراتە تا ڕادەیەکی زۆر نادیارە، بەڵام مەسیحییەکانی جیهان بەبێ وەستان بەردەوامن لە خولیای وەرگێڕانی وشەکانی مەسیح.
لە بنەڕەتیشدا تەواوی كتێبی پیرۆز بە سێ زمانی جیاواز نووسراوە: عیبری، ئارامی و یۆنانی. وەک کۆمەڵەیەکیش لە دەیان كتێبی دێرین، پڕە لە دەیان وشەی خوازراوی زمانەکانی دیكەی وەک فارسیی کۆن، بۆیە مەسیحییەت هەر لە سەتەکانی سەرەتایییەوە تێکەڵ بە وەرگێڕان بووە.
جێی خۆیەتی شانازی بەو مێژووە بکەین، کە بەڵگەیەکی بەهێز هەیە دەیسەلمێنێت بەری یەك هەزار و ٨٠٠ ساڵ، یەکەم جار وتەکانی عیسای مەسیح، لێرە لە هەولێرێ، وەرگێڕدراون و لە زمانێکی دیكە کۆ کراونەتەوە.