60 مەترییە نوێیەكە
60 مەترییە نوێیەكە
September 02, 2026

 قەرەباڵغیی نێوان 120 مەتری و 150 مەتری کەم دەکاتەوە
بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شار و خنكانی ڕێگەكانی نێوان هەردوو شاڕێی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری، حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی گەورەی دروستكردنی دووەم جادەی ٦٠ مەتری لە هەولێر كردەوە، تا ئێستە ٦٥٪ی تەواو بووە و هەر سایدێكی جادەكە، پێنج ڕێڕەو لەخۆ دەگرێت.
جادەی دووەمی ٦٠ مەتریی هەولێر بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی دادەندرێت، دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی لە نێوان گوندی (ئارام یەك) و شاری (ئاتکۆنز)ە، یەکێکە لە هەنگاوە گرینگەکانی فراوانکردنی تۆڕی ڕێگەوبان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچە نوێیانەی دەوروبەری پایتەختی هەرێمی كوردستان، کە لە ماوەی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
ئێستە بە چڕی کار لە پڕۆژەكەدا دەکرێت، ئەندازیار ڕەنجدەر ئومێد سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بۆ (گڵکەند) ڕای گەیاند ”پڕۆژەکە بەگوژمەی ٣٦ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت. کۆمپانیای (Doutch Flower) وەک بەڵێندەری سەرەکی، کارەکانی بەڕێوە دەبات کە دروستكردنی جادەیەكی بە درێژیی ١٠ هەزار مەتر، ٥ کیلۆمەتر بۆ هەر سایدێک“.
شەقامەکە بەپێی بەرزترین ستانداردە ئەندازیارییە جیهانییەکان دروست دەکرێت. بەگوتەی سەرپەرشتیار، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم شەقامە ئەوەیە کە بۆ هەر سایدێک پێنج ڕێڕەوی هاتوچۆ دابین کراوە و پانییەكەی ١٩ مەترە، ئەمەش وا دەكات ببێتە یەکێک لە شەقامە پان و ستراتیژییەکانی ئەو سنوورە کە توانای لەخۆگرتنی قەبارەیەکی زۆری ئۆتۆمۆبێلی دەبێت.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم پڕۆژەیە، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی باران و لافاوە لە ناوچەکەدا. كە دروستکردنی ئاوەڕۆی سەر شەقام و ئاوەڕۆیەکی سندوقی (Box Culvert)ی گەورە بە درێژیی دوو کیلۆمەتر و ٤٠٠ مەتر لەخۆ دەگرێت. ئەندازیاری سەرپەرشتیار ڕوونی کردەوە، کۆی گشتیی کاری ئاوەڕۆ دەگاتە ١٥ هەزار مەتر، هاوکات ڕووبەری ١٨٢ هەزار مەتر دووجا کاری قیڕتاوکردن ئەنجام دەدرێت.
پڕۆژەکە، دروستکردنی دیواری ڕاگر، کیربستۆن، ئاوەڕۆی لوولەیی، جۆگەی کراوە و تۆڕی ئاوی نوێش بۆ ناوچەکە لەخۆ دەگرێت. سەرباری دابینکردنی سیستەمی کارەبا و ڕووناککردنەوەی سەردەمیانە بە درێژاییی ڕێڕەوی شەقامەکە.
بەپێی پلانەکان، بڕیارە پڕۆژەکە لە ماوەی ١٥ مانگدا تەواو بکرێت، تا ئێستەش ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەکە گەیشتووەتە ٦٥٪. ئەندازیار ڕەنجدەر ئاشکرای کرد کە بەهۆی خێراییی کارەکان و پابەندبوونی کۆمپانیا، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٧٠ بۆ ٩٠ ڕۆژی داهاتوودا، سەرجەم کارەکان تەواو بن و شەقامەکە بە فەرمی بکرێتەوە.
بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، جەنجاڵی لەسەر شاڕێی ١٢٠ مەتری کەم دەبێتەوە و هۆکارێکی باش دەبێت بۆ بەستنەوەی پڕۆژەکانی دیوی دەرەوەی ١٢٠ مەتری و ناوەوەی ١٥٠ مەتری، شۆفێران دەتوانن بە کاتێکی کەمتر و بەبێ تێپەڕین بە ناو جەنجاڵیی شەقامەکانی شاردا، لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا هاتوچۆ بکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved