پڕۆژەی ڕووناکی بە تەنها ناتوانێت بەئامانجەکانی بگات تاکو ژێرخانی سیاسەتی وزەی بۆ دابین نەکرێت.
ئەگەر پڕۆژەکە تەنها لە چوارچێوەی دابینکردنی کارەبادا بمێنێتەوە، ڕەفتاری بەکاربەر نەگۆڕێت و بازاڕی بۆ ڕێك نەخرێتەوە، لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی نەخوازراو دەبێتەوە، بۆیە پێویستە حکومەت چەند هەنگاوێکی پشتیوانی و تەواوکەری بنێت، لەوانەش گۆڕینی ڕەفتاری هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا، كە پێویستی بە هۆشیارکردنەوەیەکی بەردەوام هەیە.
حکومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومی و جەماوەرییەکان دەتوانێت لە ڕێی بەرنامەی تایبەتی میدیایییەوە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدات، لە رێگەی کەمپینی فێرکارییەوە هاووڵاتی هۆشیار بکاتەوە، تا لە ژیانی ڕۆژانەیدا دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرێت. ئەمەش پێویستی بە سیستەمێکی گشتگیرە لە ڕێنمایی، پاداشت، هاندان و ڕێوشوێنی ڕوون.
هەروەها پێویستە بەرنامەیەکی تۆکمە هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و مەرزەکان، بەجۆرێک ئامێری چوست و کەمخۆری کارەبا جێی ئامێری کۆن و زۆرخۆر بگرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و دارایی لە هێڵی پێشەوە بن بۆ دانانی مەرج و ڕێنماییی پێویست. کاراترین ئامرازیش ڕێکخستنی باج و ڕسوماتە، کەمکردنەوەی باج لەسەر هاوردەکردنی ئامێری کەمخۆری کارەبا دەبێتە هاندەر بۆ بازرگان و هاووڵاتییان.
ئاسانکاری بۆ تەکنۆلۆجیای وزەی خۆر بكرێت، وەزارەتی کارەبا ڕێنماییی نوێ دەربکات بۆ کارئاسانی لە خۆتۆمارکردن و فرۆشتنەوەی کارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆر. هەرچەند پڕۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتی بەستن و بەکارهێنانی ئەو وزەیە ئاسانتر بکرێت، هاووڵاتی زیاتر ڕووی تێ دەكەن، کە دەبێتە پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی پڕۆژەی ڕووناکی.
لەلایەكی دیكە، پێویستە وەزارەتی کارەبا تەعریفەی کارەبا هەموار بکاتەوە، هاندان هەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هاوکاریی حکومەت دەکەن لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تەزووی کارەبا. ئەوانەی ئامێری نوێ بەکار دێنن، سەرەڕای گرانیی نرخیان، یان وزەی خۆر بەکار دێنن، تێچووە زیادەکەیان لە ڕێگەی پسوولەی کارەباوە قەرەبوو بکرێتەوە.
هاندان لە قازانجی دەوڵەتە، گرانکردنی تەعریفە بۆ کۆنترۆڵی خواستی کارەبا کاریگەرە، بەڵام هاووڵاتی وەکو چەکی دژە گیرفان سەیری دەکات. ڕێی باشتر ئەوەیە هاندان و پاداشتکردن هەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی پارێزگاری لە سامانی وزە بگونجێنن. کەمبوونەوەی خواست بەهەر جۆرێک بێت لە قازانجی دەوڵەتە، چونکە ڕێژەیەکی زۆری وزەی بەفیڕۆچوو دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی، فشار لەسەر تۆڕ کەم دەبێتەوە و تێچووی چاککردنەوە دادەبەزێت. هەر دینارێک وەکو هاندان خەرج بکرێت، چەند هێندەی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
ستراتیژی پڕۆژەی ڕووناکی بەڕێکوپێکی داڕێژراوە، بەڵام مانەوە و بەردەوامیی پڕۆژەکە پێویستی بە ژێرخانی هاوبەشی سیاسەتی وزەیە، كە یەک ئامانجی لێ دەكەوێتەوە، ئەویش گۆڕینی ڕەفتاری هاووڵاتییانە لە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا.