هەولێر دەناسمەوە و نایناسمەوە، بۆنی مێخەکی کۆنی بە یەخە و سەرە پەنجەکانمەوە ماوە، یان لەگەڵ دووکەڵە ڕەشەکەی، زۆر جار ئاسمانی شارەکە دادەپۆشێت، نامینێت!
گەورەیی و سنوورەکەی پەخشانە، ئەوەندە گەورە بووە، گەیشتووەتە بەرزایییەکانی شاربزر و کەسنەزانیش!
شارەکە بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی، بەبەرزایی و نزماییی ناوچەکەش بکات، هەندێ جاریش ئاگەداری نەخشە و ئامارەکانیش بێت، باڵدارە هەر دەفڕێت و دەڕوات، بەهەر چواردەورەکەی؛ بەرین و پان دەبێت.
لە هەندێ خاڵ و شوێندا گەڕەکەکانی ستوونی زۆریش بەرز دەبێتەوە، تا ئاستی سی چل نهۆمیش مل دەردەکات، من ناوەکانیشیان باش فێر نابم، چونکە زۆریان ناوی بڕاند، کۆمپانیا، سەرمایەی بێگانەیان لێ نراوە!
من بەو شارە، بە ناوە نوێیەکانی، هوتێلەکانی ‹›ئەگەرچی کارم بە هوتێلەکانی شارەکە نییە، بەرانبەر کتێبەکانم نەبێت لە هیچ شوێنێک ناحەوێمەوە، لەسەر هیچ بالیفێک خەوم لێ ناکەوێت، خەونیش نابینم›› پێی ڕاناگەم، نایدۆزمەوە، نایگەمێ!
تۆ چەند گەورە دەبیت، زۆرتر خەڵک، ناسیار، ناوەکانم لێ دوور دەخەیتەوە! هەولێر بوویت بە فەرهەنگی هەموو زمانەکان! چاڵینچ دەکەم، لەسەر چی دەڵێن ئامادەم؛ کەس نییە هەموو گەڕەکەکانت شارەزا بێت! ببم بە دێوەرەش شارەزات نابم، مام کەریم پۆستەچییش بم بە پایسکیلە شڕەکەوە ناتوانم نامەکان ببەمە بەر دەرگەکان، ناو ماڵەکان، دوکانەکان!
کوا دوکان، چایەخانەکان دەناسرێنەوە، دەژمێردرێن، خاوەکانیان دەناسرێن؟ کێ دەزانی چای دەستی کیهە چایەچی بەتامە؟ کوا دیارە تەشریبی کام مەنجەڵ خۆشترە؟ کێ لە بیریەتی مەزۆی ڕەحمەتی، لاواز و خوێنشیرینەکە، ڕۆژانە وەک باڵندەیەک بە چواردەوری شێستمەتری غاری دەدا؟ هەموو هەولێر دەیبینی، دەیناسی، سڵاویان لێی دەکرد! بەڕاکردن دەوری شاری دەدا، وەرزشی دەکرد، بەڵام بزە و قسەی شیرینی وەک شەماڵ بەناو گەڕەکەکان بڵاو دەکردەوە!
تا لەو شارە نەژی، نایناسیت، لە هەولێر نەبیت نازانیت ئەو شارە چییە، چی تێدایە! چاکەی ئەپڵیکەیشن لە بیر نەکەین، بووە بە موختاری شارەکە، مەردانە دەتباتە بەر دەرگەکان، پێش دەزگەکان، ناو ڕێستورانتەکان، بەردەم مەنجەڵە دۆڵمەی پلک و خاڵۆژنەکانمان!
ئێوارەیەکیان تاکسییەکم ڕاگرت، لێی چوومە پێش، قسەم لەگەڵ شوفێرە گەنجەکە کرد، گوتم بمبە کن مەلعەبی! شوێنێکە هەموو کەس دەیزانێت، جەرگەی شارە، گەورەترین شوێنی شارەکەشە! لەگەڵی سوار نەبووم، یەکەمیان لەبەرئەوەی جگەرەی لە دەست بوو، دووەمیش گوتی مەلعەب لە کوێیە! تووڕە بووم، ناوە نوێیەکان، شوێنە دوورەکان، پڕۆژە شاراوەکان نازانیت ئاسایییە، بەڵام چۆن مەلعەب پێ نازانیت!