دادگە لە هەولێر
دادگە لە هەولێر

لە كۆنەوە یاسا و دادگە لە هەولێرێ هەبووە، ئەو لایەن و کەسانەی ئەركیان دیاریکردنی تاوان و تاوانباران و سزادانیان بووە، وەک زۆربەی کۆمەڵگەکان دیار و ئاشکرا بووینە، بەڵام کتێبی مێژوویی و سەرچاوەی باوەڕپێکراو و بەڵگەنامەی كۆن لەم بارەیەوە لە بەردەستدا نین و بە خەم هەڵنەگیراوە.
لە سەرەتای سەردەمی حوکمی عوسمانیدا، موفتیی هەر شار و ویلایەتێک، کێشە یاسایییەکانی کۆمەڵگەی یەکلایی دەکردەوە، لە بابەتەکانی باری کەسی و مامەڵە بازرگانییەکان و تاوانەکان، دواتر لە دوای ١٨٥٨ یاسای سزاکانی هەمایۆنی (یاسای تاوانی عوسمانی)، دەرچوو.
یاساکە لە هەولێر پەیڕەو دەکرا و ساڵی ١٨٤٠ دادگە نیزامییەکان بە فەرمانی گوڵخانە دەرچوون و لە دادگە شەرعییەکان جیا کرانەوە.
سەرەتا دادگە لەسەر قەڵاتی هەولێرێ بوو، لە گەڕەکی سەرای ناو کۆمەڵگەی دامودەزگەکانی میری، کە لەسەر دەرگەی قەڵات چەند ژوورێکی بۆ دیاری کرابوو. ئەو کات دادوەر (قازی)، کێشە و ئەو تاوانە بچووكانەی سزاکانیان تا سێ ساڵ دەبوو، یەکلا دەکردەوە.
لە کاتی ڕوودانی تاوانی گەورەشدا، هەفتانە دوو ڕۆژ دەستەی دادگەی تاوانە گەورەکان لە کەرکووکەوە دەهاتنە هەولێرێ و دادگەییی تاوانبارانی تاوانە گەورەکانیان دەکرد.
لە ڕۆژەکانی (کوبڕا) واتا دادگەی تاوانە گەورەکان، زۆربەی ئەشراف و ڕۆشنبیرانی شار لە هۆڵی دادگە ئامادە دەبوون، دەیانگوت فڵان دەچێتە (موشاهەدە) واتا بینینی دانیشتنەکانی دادگەییکردن و لە کۆڕ و دیوەخان و مەجلیسەکانی ئەو کات باس باسی ڕێکارەکانی دادگەیییەکە و سزاکان بوو.
لە چلەکانیشدا، یەکێک لە سەرۆک دادگەیییەکانی گەورە تاوانەکانی کەرکووک کە زۆر ناودار بوو، لە هەولێرێ دوو ڕۆژی هەفتە دادگەییی دەکرد، مەلا ساڵحی نازەنینی بوو، بە ڕەچەڵەک خەڵکی نازەنینی تەنیشت ناحیەی هیران بوو. ئەو بە جلوبەرگی مەلایەتی سەرۆکایەتیی دادگەی دەکرد و بە دادپەروەرترین و زیرەکترین دادوەرەکانی سەردەمی پاشایەتی دەژمێردرا.
تا ئێستە مێژوونووسان و قوتابی و مامۆستایانی بەشی مێژوو نەپڕژاینە سەر نووسینەوە و توێژینەوەی بابەتی دادوەری و دادگە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved