لە وەرزی ساردیدا بۆ گەرمی نان و شیو لە ژووری نووستن دەكران و بەشوێنەكەی دەگوترا ناندین، قووناگردانیشی پێ دەگوترا.
بە گەرماش لە حەوشە، یان لە ژووری ناندینی هاوینی خۆشترین جێ ئەوسا دانیشتنی ناو قووناگردان بوو، لە كاتی سەرماوسۆڵی بەیانیاندا.
بەر هەموو منداڵێك نەدەكەوت. ئێمە ئەوسا دوو برا و دوو خوشك فەراقە بووین و هەریەكەمان سبیانان لەگەڵ هەستانی دایكمان بۆ نان كردن، یا خۆ شەو بەترێكی دەما لە ژێر پێخەفەوە قووناگردانمان بەم شێوە گڕ دەدا:
- دایە سبیانێ ناو قووناگردان لۆ منە.
ئەویش دەیگوت:
- باشە ڕۆڵە باشە.
ئەو دەستوورەش خۆی داینابوو هەتا گەورە نەتوانێت گچكە دەربكات.
ئەو ڕۆژە قووناگردانەكە بێ گیروگرفت بەر ئەوەمان دەكەوت كە زووتر بۆ خۆی گڕ دابوو.
ئای چەند خۆش بوو هەركە لە ناو كاوكۆتی ئاگردان دادەنیشتم و جاروبار لەتە نانێك، یان پارچە ئەستووركێكی گەرمم دەخوارد، هێندە جاریش دایكم پەپۆكەی تایبەت، یاخود زمانەگای بۆ دەكردم. دووكەڵی ئاگری كا زۆر تیژ بوو، هەر جارێ چڵم و ئاوی دیدەم تێكەڵ دەبوون و شۆڕابەیان بە ملا و بەولای ڕووم دەبەستا.
نۆبات چڵمەكەم هەڵدەكێشا و نۆباتیش بەسەر دەستەی كراسم فننەم لێوە دەهێنا و دەم سڕیەوە. من منداڵە مەلا بووم و دایكیشم ژنێكی ئیش ڕێك و جوان و خاوێن بوو، لە منداڵانی هاوڕێم پاك و تەمیزتر بووم، منداڵ هەبوو بە
چلەی زستان، لە یەك تاقە كراسی پتر نەبوو، ئەوەندەی چڵم و لیكاوی بەسەر دەستە و قۆڵی كراسی دەسڕیەوە، سابونیشیان زۆر كەم، هەتا زوو زوو بیانشوشت بووایە، پێوەی ڕەق دەبووەوە و هەركە تیشكی ڕۆژ لێی دەدا، لە دوورەوە دەبریسكاوە، منداڵ هەبوو ژێرهەنگڵی كراسی، یاخۆ كورتەكی بەری ڕشك و ئەسپێی پێوە دیار بوو.
ڕشك، هێلكەی ئەسپێ بوو، كە دەردەهات بانگۆڵەی ناو بوو، ئەوجا دەبووە ئەسپێ.
منیش ژێر هەنگڵی خۆم، دەیان جار بە ڕشك و ئەسپێ دیوە. بەڵام دایكم زوو زوو شمەكەكانمی لەنێو مەنجەڵە ئاو دەكوڵاندن و ئەوجا لەبەر هەتاو هەڵی دەخستن.
من چەند كەڕەت لە دیار وەستاوم، زستانان بەری كورتەكی منداڵ و گەورانیان لەسەر گڕی ئاگر ڕاگرتووە و بە بەری دەست حێڵ لە پشتی كورتەكانیان دەدا و قرچەقرچی سووتانی ئەسپێیان لەنێو ئاگرەكە دەهات.
دایكم هەركە دەیدیتم بە دووكەڵ حاڵم شڕە، بەڵام جێگەكەم گەرمە و سەرمام نابێت دەیگوت قەیدی ناكات ڕۆڵە قەیدی ناكات هەر چەند دووكەڵت زۆر لۆ بێت قازانج دەكەیت و لەوسەری دەسگیرانت جوان دەبێت، دەسگیران.