لەسەر كوژرانی موتەسەڕیفی خانەنشینكراوی هەولێر لە بەغدا، لێكۆڵینەوە لەگەڵ پێنج كاسبكاری ناو بازاڕی هەولێر دەكرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەك، دوای ئەوەی عەقیدی خانەنشین بەدرەدین عەلی، كە لە ١٩٦١ەوە تا ١٩٦٤ موتەسەڕیفی هەولێر بوو، لە بەردەم ماڵەكەیدا لە بەغدا كوژراوە، داوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ پێنج كاسبكاری دیاری هەولێر كراوە، بە گومانی پەیوەندی بە ڕووداوەكە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەڕادەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا، لە ٢٠/٢/١٩٦٦ نووسراوێكی بۆ موتەسەڕیفیەی هەولێر ناردووە، داوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ پێنج كاسبكار دەكات، بە گومانی هەبوونی پەیوەندی بە ڕووداوی کوشتنی بەدرەدین عەلی.
داواشی كردووە ئەو پێنج كاسبكارە لەژێر چاودێری و پاسەوانیدا، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەغدا بكرێن، ماڵەکانیشیان لە هەولێر بپشكندرێت.
پێنج كاسبكارەكەی هەولێر ئەمانە بوون:
- حاجی مستیل، خاوەنی چایخانەیەكی نزیک قەڵات.
- حاجی یابە، خاوەنی دوکانی فرۆشتنی جلوبەرگ لە نزیک چایخانەی حاجی مستیل.
- حاجی کاکل مەکینەچی، خاوەنی دوکانی تەنیشت حاجی مستیل و حاجی یابە دوکاندار.
- حەمید زێڕینگر.
- سەید عەلی، كە لە نەقلیاتی بەغدا و سلێمانی ئیشی دەكرد.