ئەو كۆڵانەی بەرانبەر قەڵاتێ، جاران لە نیڕوانێوە هەتا ئێوارێ، جمەی دەهات لە گەنجی هەولێر، بەناو چایخانە و گەس و گازینۆیەكاندا بڵاو دەبوونەوە، وەختی خۆشی و پشووی خۆیان لێ بەسەردەبرد.
وەكی لە بن قەڵاتێوە لۆی دەچی، دەرگەیەكی گەورە لە دەستە ڕاستی ناوەندی ئەو كۆڵانە هەیە، بە ڕەنگی زەرد لەسەری نووسرایە (سینما سیروان)، ئەو شوێنە بووبووە هۆی بووژانەوەی كۆڵان و جادەكەش.
سینەما سیروان كە جاران ناوەندێكی كولتووریی گەورەی هەولێرێ بوو، ئێستە بێ ناز لە نێوان ڕیزێك دەڕابی داخراوی ژەنگاوی و خانووێکی داڕماو دایە، هۆڵی پیشاندانی فیلم و شوێنی كورسییەكانی جارانی، تژی شمەكی كۆن و فڕێدراوە، لە شێوەی كەلاوەیەك بەجێ ماوە.
سینەماكانی دیكەش، حەمرا و كریستاڵ، ساڵانێکی زۆرە نەک هەر داخراون، بەڵکو بە كەلاوەیی پشتگوێ خراون. سینەما سەڵاحەدینیش كە كۆنترینیان بوو و ساڵی ١٩٤٥ كرایەوە، بە تەواوی ڕووخێندراوە و شوێنەكەی كراوەتە گەراجی ئۆتۆمۆبێل.
سینەما حەمڕا دووەم كۆنترین سینەمای هەولێر بوو، لە ساڵی ١٩٤٧، سینەما سیروانیش ساڵی ١٩٧٠ كرایەوە، بەم شێوەیە کولتووری چوونە سینەما لە شێستەكان و حەفتایەکانی سەتەی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە.
جەلال خالید نووسەرێکی خانەنشینە، لەگەڵ نەسڕوڵڵا عەبدوڵڵا پارێزەری خانەنشینی هاوڕێی لە باغی شار دانیشتوون و باسی یەكەم فیلم دەكەن لە سینەما سەڵاحەدین تەماشایان كردووە و دەڵێت ”فلیمەكە ناوی سەلامە بوو، ئوم کەلسوم دەوری ڕەئیسیی دەدیت“. باسی ئەوەش دەكەن ئەو زەمانی لەگەڵ هاوتەمەنەكانیان گەنج بوون، جا بە پانتۆڵی شارڵستۆنی ڕەنگاوڕەنگ و کراسی یاخە پان و پرچی درێژەوە خۆیان بۆ چوونە سینەما كەشخە دەكرد.
ئەودەم، گەنج پارەیان كۆ دەكردەوە تا بتوانن بە شێوەی هەفتانە یان مانگی چەند جارێك بچنە سینەما و بینەری فیلمە نوێیەكان بن، جەلال خالید دەڵێت ”لۆمە كڕینی بلیتی سینەمەی لە كڕینی خواردن گرینگتر بوو، لە بیرمە برادەرم هەبوو لە مارێ دەخیلەی دادەنا، لۆ وەی پارەی بلیتی سینەمەی خڕ كاتەوە“. بەگوێرەی قسەکانی جەلال، ڕیزەکانی پێشەوە بە ٤٠ فلس و ناوەڕاست بە ٦٠ فلس و نایابەکانی دوای دواوەش بە ٧٥ فلس بوو، کە کورسیی تایبەت بە خێزان بوون و ئەولا و ئەولایان بە دیوار دەورە درا بوو.
هاوشاری، بلیتیان لە پەنجەرە بچووکەکانی بەر دەرگەی سینەما دەكڕی، زۆر جار بلیتفرۆش دەیگوت خێرا كەن، فیلمەكە دەستی پێ كردییە، یان دەیگوت چەند دەقەكی ماوە و زوو بڕۆن بەر لەوەی گڵۆپەكان بكوژێنەوە. خۆ ئەگەر بەر لە وادەی پیشاندانی فیلم چووبای و قەرەباڵغ نەبایە، ئەوا كابرای بلیتفرۆش كورتە باسێكی فیلمەكەشی بۆ دەكردی. بەڵام لە ڕۆژانی جەژندا، بەردەم ئەو پەنجەرانە دەبوونە قەرەباڵغترین مەتری چوارگۆشەی شار، هەر بابایە خۆی دەگەیاندێ و بلیتێك یان دووسێ دانەی هەڵدەپچڕکاند و پارەكەی دەگەیاندە دەست كابرا.
لەو سەردەمە زێڕینەیدا، داهاتی سینەما زۆر بەرز بوو، تەنانەت دوکان و عارەبانەكانی دەوروبەری سینەماش سوودمەند دەبوون لەو قەرەباڵغییە.
دارا شیلانی خاوەنی هەرسێ سینەما سیروان، حەمڕا و کریستاڵ، لە ژووری ئیدارەی باڵەخانەی سیروان دانیشتووە، پێ دەچێت جگە لە خۆی و پاسەوانەکەی، ماوەیەكی درێژ بێت هیچ کەسێك سەردانی ئەو شوێنەی نەکردبێت. دەڵێت ”جاران فلیمەکانیان بە بەکرە لە بەغداوە دەهینا، هەر فلیمەك لە چار لۆ شەش بەکرە پێک هاتبوو، بەس پاش ڕاپەڕین، تێپەڕاندنی ئەو بەكرانە بە بازگەکاندا قورس بوو. لەگەر هاتنی گرانی، دوایێش پەیدابوونی تەلەڤزیۆنی ڕەنگاوڕەنگ و سەتەلایت، خەرک چیی دی ڕوویان لە سینەما نەدەكرد، سینەماش تامی جارانی نەما“.
سینەماکان، خەڵکی هەولێرێیان بە کولتووری وڵاتان ئاشنا کردبوو، چەندین فیلمی میسری، هیندی، ژاپۆنی، ئەوروپی و ئەمریکی پیشان دەدران، ئەو فیلمانە دوای ماوەیەك ڕۆڵی بەرچاویان لەسەر هەڵسوکەوتی شاریانە، شێوازی قسەکردن و جلوبەرگی خەڵکیش بەجێ هێشت. جەلال خالید بەپێویستی دەزانێت گەنجی ئێستەش فیلمەکانی نەجیب مەحفوز و ئیحسان عەبدولقدوس ببینن و دەڵێت ”جاران کەم کەس هەبوو ئەبی فەوقەل شەجەرەی نەدیتبی“. نەسڕوڵڵای هاوڕێشی پێی وایە فیلمەكەی (ژان ڤاڵ ژان) کە لە ڕۆمانی (بێ نەوایان)ی ڤیکتۆر هۆگۆ وەرگیراوە و فیلمی (دایک) كە لە ڕۆمانە جیهانییەكەی مەکسیم گۆرکی وەرگیراوە، گەنجیان فێری بیركردنەوە، وتووێژکردن و تاوتوێکردن دەکرد.
دارا شیلانی پێی وایە دوو هۆكار شار دەکەن بە گەشتیاری، یەکەمیان دەریاچە و دووەمیان کولتووری سینەما، بەڵام بە داخەوە دەڵێت لە دوای ڕاپەڕینەوە تا سەرەتای دووهەزارەكان، خەڵک تاک تاکە دەچوونە سینەما، لە کاتێکدا لە حەفتاکان و هەشتاكانی سەتەی ڕابردوودا، لە هۆڵی سینەمادا ١٠٠٠ کورسی پڕ دەبوو لە خەڵک، جار هەبووە ٢٠٠ كەسیش لەسەر زەوییەكە دانیشتینە.
باس لەوەش دەكات كە لە مانگی ئۆگەستی ٢٠١٠دا، بە دەستی خۆی سینەما سیروانی داخستووە، چونكە هیچ داهاتێكی نەمابوو.
بەم دوایییانەش نوێنەری ڕێکخراوێکی فەڕەنسی سەردانی سینەما سیروانی کردووە بەمەبەستی دانانی پڕۆژەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی، تا وەك شوێنەوارێكی كولتووریی هەولێر، بیپارێزن لە داڕمان، بەڵام ماستەرپلانی هەولێر ڕێگە نادات هیچ یەکێك لە باڵەخانەكانی ئەو زۆنە بە شێوەی هەڕەمەكی دەستكاری بكرێن یان نۆژەن بكرێنەوە، تەنها بە بڕیاری فەرمیی حكومەت نەبێت، بەشێوەیەك كە پێگە شوێنەوارییەكەی وەك باڵەخانەیەكی دەوروبەری قەڵات بپارێزرێت.