مانگانە چوار ملیۆن جووجەڵە هەناردە دەکرێت
مانگانە چوار ملیۆن جووجەڵە هەناردە دەکرێت
September 29, 2026

لەناو گەرمای ئامێرە زەبەلاحەکانی هەڵهێناندا، دەنگی جیکەجیکی ملیۆنان جووجەڵە تێکەڵ بە دەنگی بزوێنەری ئەو بارهەڵگرانە دەبێت کە بەردەوام بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕێ دەکەون.
ساڵانێک لەمەوبەر کێڵگەکان گیرۆدەی جووجەڵەی قاچاخ و نەخۆشییە هاوردەکراوەکان بوون، بەڵام ئەمڕۆ پێگەی هەولێر لەناو كەرتی هەڵهێناندا بە تەواوی گۆڕاوە و بووەتە شادەماری زیندووی کەرتی پەلەوەر بۆ وڵاتی عێراقیش.
وەرچەرخانێکی گەورەی ئابووری لە نێوان ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٦ ڕووی دا، هەولێر بووە قەڵغانێکی پتەوی ئاسایشی خۆراک، بووە ئەو شارەی کە بەهۆی قەدەغەکردنی قاچاخ و جێبەجێكردنی ئاسانکارییە کارگێڕییەکانەوە نیوەی پڕۆژەکانی هەڵهێنەری هەرێمی کوردستان بگرێتە خۆی و مانگانەش نزیکەی چوار ملیۆن جووجەڵە هەناردەی عێراق بكات.
هەروەك کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی دا، پڕۆژەکانی هەڵهێنەری جووجەڵەی گۆشت وەک بازنەیەکی گرینگ و تەواوکار بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی سپی، بازدانێکی گەورەیان بەخۆوە بینی. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، وزەی بەرهەمهێنانی ساڵانە لەسەر ئاستی هەرێم بە ڕێژەی ١٣١.٣٪ زیادی کردووە، کە تێیدا پارێزگەی هەولێر پشکی شێری بەرکەوتووە.
پایتەخت نەک هەر پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە بەڵکو مانگانە بە هەناردەکردنی نزیکەی چوار ملیۆن جووجەڵە، بووەتە شادەماری زیندووی کێڵگەکانی پەلەوەر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا ٢٠ پڕۆژەی ستراتیژیی نوێی هەڵهێنەری جووجەڵەی گۆشت لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، ئەمەش ژمارەی گشتیی پڕۆژەکانی بە ڕێژەی ٤٧.٦٪ زیاد کردووە و توانای بەرهەمهێنانی لە (٢٦٩,٢٩٤,٨٨٠) هێلکەوە بۆ (٦٢٢,٩٨٨,٤٨٠) هێلکە بەرز کردووەتەوە.
ئێستە ٦٢ پڕۆژەی هەڵهێنەری جووجەڵەی گۆشت لە هەرێمی کوردستان هەن، کە هەولێر بە ٣١ پڕۆژە لە پلەی یەکەم دایە و نیوەی کۆی پڕۆژەکانی بەرکەوتووە، پاش ئەویش سلێمانی بە ١٣ پڕۆژە، دهۆک هەشت پڕۆژە، ئیدارەی ڕاپەڕین شەش پڕۆژە، گەرمیان چوار پڕۆژە و ئیدارەی سۆران بە یەك پڕۆژە دێن.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕای گەیاند پڕۆژەکانی هەڵهێنەر ڕۆڵێکی بنەڕەتی و ستراتیژی لە زنجیرەی پیشەسازیی پەلەوەردا دەگێڕن.
پێشتر بەهۆی کەمیی پڕۆژە ناوخۆیییەکان، جووجەڵە بە قاچاخ لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکران و دەبووە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی، بەڵام وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی پێ کرد، کاتێک حکومەت هاوردەکردنی جووجەڵەی قاچاخی قەدەغە کرد.
ئەم بڕیارە هاوشان لەگەڵ ئاسانکارییە کارگێڕییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین، بووە دەرفەت بۆ بووژانەوەی پڕۆژە ناوخۆیییەکان و هانی وەبەرهێنەرانی دا تا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ چوار هێندەی پێداویستیی ناوخۆ بەرز بکەنەوە، کە ساڵانە ١٥٥ ملیۆن جووجەڵەیە.
ئامارەکان دەری دەخەن کە بڕبڕەی پشتی گەشەسەندنی ئەم کەرتە پارێزگەی هەولێرە، کە تێیدا ژمارەی پڕۆژەکان لە ٢٤ەوە بۆ ٣١ پڕۆژە زیادیان کردووە و توانای ساڵانەی هەڵهێنانی هێلکە لە (١٦٧,١٦٢,٠٠٠) لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆ (٣٤٤,١٦٢,٠٠٠) هێلکە بەرز بووەتەوە، واتە وزەی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ١٠٦٪ گەشەی کردووە. بەمەش هەولێر بە تەنیا نزیکەی ٥٥٪ی کۆی بەرهەمی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و بووەتە چەقی سەرەکیی دابینکردنی پێداویستیی کێڵگەکانی پەلەوەر لە ناوخۆ و عێراقدا.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە «کوالێتی و نرخی گونجاو» وایان کردووە جووجەڵەی هەولێر لە شارەکانی عێراق خواستێکی بێوێنەی لەسەر بێت، بە جۆرێک لەم وەرزەدا کە بەهۆی گەرماوە دانانەوەی مریشک لە عێراق کەم بووەتەوە، هێشتا مانگانە زیاتر لە چوار ملیۆن جووجەڵە لە هەولێرەوە ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت. ئاماژەشی بە کەلێنێکی ستراتیژی کرد کە بریتییە لە کەمیی پڕۆژەکانی «دایکانەی جووجەڵەی گۆشت»، کە وای کردووە هێشتا ٤٠٪ی هێلکەی تورکاندن لە تورکیاوە هاوردە بکرێت، ئەمەش باشترین دەرفەتە بۆ وەبەرهێنانی نوێ لەو بوارەدا.
شیکردنەوەی داتاکان نیشانی دەدەن کە لەو ١٧٧ ملیۆن هێلکەیەی لە هەولێر زیادی کردووە، ١٣١ ملیۆنی لە ڕێگەی حەفت پڕۆژەی نوێوە بووە و ٤٦ ملیۆنەکەی دیکەی لە ئەنجامی فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژە کۆنەکان بووە.
لە ڕووی کارگێڕییەوە، لە کۆی ٣١ پڕۆژەی هەولێر ئێستە ٢٠ پڕۆژەیان لە کاردان و ١١ پڕۆژە بەهۆی فراوانکردن، نۆژەنکردنەوە یان کەوتنە ناو ماستەرپلانی شارەوە بە شێوەیەکی کاتی وەستاون.
پڕۆژەی هەڵهێنەری «ناز» لە سنووری قەزای قوشتەپە، وەک یەکێک لە گەورەترین و دیارترین پڕۆژەکانی هەڵهێنەر لەسەر ئاستی پارێزگەی هەولێر ئەژمار دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە کە لە کۆتاییی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥دا مۆڵەتی کارکردنی پێ دراوە، خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزە کە لە ١٦ سێتی هەڵهێنان پێکهاتووە و توانای وەبەرهێنانی ساڵانەی دەگاتە ٣٠.٧٢ ملیۆن هێلکە. جەمال فازڵ، خاوەن و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بە وزەی ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ی توانای خۆیان کاریان کردووە.
لە بارەی دابینکردنی هێلکەش، زیاتر پشت بە بەرهەمی پڕۆژەکانی خۆیان دەبەستن، بەڵام هەندێک جاریش بەپێی داواکاریی کڕیار، هێلکەی تورکی دادەنێنەوە. ئێستە ٨٠٪ی جووجەڵەکانیان بۆ ناوخۆ دابین دەکەن و ٢٠٪ی بەرهەمەکەیان لەسەر خواست یان وەک «دانانەوە وەک کرێ» بۆ شارەکانی عێراق ڕەوانە دەکرێت.
جەمال فازڵ پێی وایە سستبوونی کەرتەکانی تر وای کردووە سەرمایەداران ڕوو لەم بوارە بکەن و تەنانەت بە ١٠٪ بۆ ٢٠٪ی قازانجیش ڕازین، ئەمەش وای کردووە ژمارەی پڕۆژەکان لە هەولێر بەردەوام لە هەڵکشاندا بێت.
هەر لە چوارچێوەی گەشەی ئەم کەرتە، لە نیسانی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای (VITTEL) بە سەرمایەی سێ ملیۆن دۆلار، گەورەترین پڕۆژەی هەڵهێنەری بەناوی «ئەربیل» لە قوشتەپە دامەزراند کە ساڵانە توانای تروکاندنی ٤٢.٢٤ ملیۆن هێلکەی هەیە. ئازاد ئەبوزێد، خاوەن و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، کە پێشتر ئەزموونی لە بواری بازرگانیی جووجەڵەدا هەبووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان لە دامەزراندنی پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ و دابینکردنی پێداویستیی پڕۆژەکانی خۆیان و پەرەپێدانی کارەکەیان بووە لەسەر بنەمای متمانە.
لە ڕووی تەکنیکییەوە، پڕۆژەکە توانای هەیە لە هەر ٢٢ بۆ ٢٥ ڕۆژێکدا وەجبەیەکی نوێی جووجەڵە بخاتە بازاڕەوە، چونکە پڕۆسەی هەڵهێنان ٢١ ڕۆژ دەخایەنێت (١٨ ڕۆژ لەناو ئامێری هەڵهێنەر و ٣ ڕۆژ لەناو ئامێری پاراستن و تروکاندن).
ئازاد ئەبوزێد دەڵێت «هەرچەندە هێلکەی ناوخۆ ڕێژەی تروکاندنی لە هێلکەی تورکی بەرزترە، بەڵام بەهۆی کەمیی لە بازاڕدا پشت بە هاوردەی تورکی دەبەستین و ٩٥٪ی بەرهەمەکانمان لە ناوخۆ ساغ دەکەینەوە». سیستەمی کارکردنی ئەم پڕۆژەیەش لەسەر بنەمای متمانە و قەرزە، بە شێوەیەک کە تێچووی جووجەڵەکان دوای فرۆشتنی بەرهەمی مریشکەکان لەلایەن کێڵگەکانەوە وەردەگرنەوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەردەوامیی زنجیرەی بەرهەمهێنانی گۆشتی سپی و کارکردنی بەردەوامی پڕۆژەکان بەشێوەی قازانجی هاوبەش.
لە پاڵ خاوەن پڕۆژە گەورەکاندا، مۆدێلێکی دیکەی بازرگانی لە بازاڕدا دەرکەوتووە کە ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت. خالید خاڵیس، یەکێک لە بازرگانانی ئەم بوارە، باس لەوە دەکات کە نووسینگەی تایبەتمەند هەن هێلکەی تروکاندن لە تورکیاوە هاوردە دەکەن و بە شێوەی «دانانەوە وەک کرێ» لە هەڵهێنەرە ناوخۆیییەکان دای دەنێنەوە؛ دوای هەڵهێنانی، جووجەڵەکان بە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک دەفرۆشنەوە. ئەم مۆدێلە وای کردووە کە بازاڕی جووجەڵە تەنیا لە دەستی خاوەن هەڵهێنەرەکاندا نەمێنێتەوە و جووڵەیەکی بازرگانیی زیاتر دروست بێت.
بەم شێوەیە، ئەو هەولێرەی سەردەمانێک چاوی لە دەستی دەرەوە بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، ئەمڕۆ بووەتە دایکی بژێوی و پارێزەری ئاسایشی خۆراکی سەرتاسەری عێراقیش.
کاروانە بێ وچانەکانی بارهەڵگرەکان، کە ملیۆنان جووجەڵەی زەردی تەمەن یەک ڕۆژە بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەگوازنەوە، تەنیا مامەڵەیەکی بازرگانی نین بەڵکو پەیامێکی ڕوونی خۆڕاگری و وەبەرهێنانن لەسەر بنەمای متمانە. ئەم گەشەسەندنەی کەرتی پەلەوەر سەلماندوویەتی کە بەبڕیاری دروستی حكومەت و ڕێگریکردن لە قاچاخ، دەکرێت قەیرانەکان بکرێنە دەرفەتی زێڕین.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved