لە شەڕی پادشاکانەوە بۆ ناو پۆلە بێدەنگەكان
لە شەڕی پادشاکانەوە بۆ ناو پۆلە بێدەنگەكان

لە پۆلەكانی قوتابخانەدا کە جاران تەنیا دەنگی گفتوگۆی تەباشیر و تەختەڕەشی لێ دەبیسترا، ئێستە بێدەنگییەکی نوێ باڵی بەسەردا كێشاوە، لەسەر مێزی قوتابییەکان لە بریی كتێب و تێنووس، تەختەیەکی ٦٤ چوارگۆشەیی دانراوە، دوای چەند ساتێك بیركردنەوە؛ بەهێواشی پەنجەكانی دەستی قوتابیانی بەسەردا دەسووڕێتەوە.
ماوەیەكە شەترەنج تەنها وەك یارییەك لەناو ماڵ و لەناو کافێ و چایەخاناندا نەماوە، بەڵکو لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بووەتە وانەیەکی فەرمی و سەرنجی جیهانیشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەترەنج (FIDE)، لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، بە گرینگییەکی زۆرەوە تیشک دەخاتە سەر ئەم وەرچەرخانە پەروەردەیییەی هەرێمی کوردستان، بەدەستکەوتێکی مەزن و هەنگاوێکی مێژوویی بۆ پەروەردەی شەترەنج وەسفی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی فیدراسیۆنە جیهانییەکە، یاریی شەترەنج بە فەرمی چووەتە ناو پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پۆلەکانی حەفتەم، هەشتەم و نۆیەم. ئەم دەستکەوتە، وەک فیدراسیۆنەکە پێزانینی بۆ دەردەبڕێت، بەرهەمی هەوڵەکانی یانەی شەترەنجی خانزادە، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
د. دڵزار حەمەساڵح سەرۆکی یانەی خانزاد، كە پڕۆگرامی تایبەتی شەترەنج و ناوەڕۆکی پەروەردەییی بۆ پڕۆژەی (شەترەنج بۆ قوتابخانەکان) ئامادە کردووە، بیرۆکەی خوێندنی ئەم یارییەی بۆ ناو قوتابخانەکان گەڵاڵە كردووە تا ببێتە سیستمێکی پەروەردەییی ڕێکخراو. بەم هۆیەوە نامیلكەیەكی تایبەتی ١٥ لاپەڕەیی بۆ شەترەنج لەناو (ڕێبەری مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی) جێگیر کرا، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک لای مامۆستایان تا بەرنامەکە جێبەجێ بکەن.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەترەنج لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەش كردووە کە بەر لەوەی پڕۆژەکە بگاتە ناو پۆلەکان، ئامادەکارییەکی باشی بۆ کراوە. خولێکی ڕاهێنانی یەک هەفتەیی بۆ ١٥٠ مامۆستای پەروەردەی وەرزشی لە هەولێر ڕێک خراوە. خولەکە لەلایەن ڕاهێنەرە نێودەوڵەتییەکانی یانەی خانزادەوە بەڕێوە چووە و لە کۆتاییدا بڕوانامە بەخشراوەتە مامۆستا بەشدارەکان.
لە ڕوانگەی فیدراسیۆنەکەوە، ئامانج لەم هەنگاوە تەنیا سەیرکردنی شەترەنج نییە وەک وەرزشێک، بەڵکو بەکارهێنانیەتی وەک ئامرازێکی پەروەردەیی کە هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وردبوونەوە، داهێنان، دیسپلین، دان بەخۆداگرتن و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان بێت.
یارییەکە هانی قوتابیان دەدات شیکردنەوە بۆ دۆخەکان بکەن و بڕیاری دروست بدەن، ئەمانەش ئەو لێهاتوویییانەن کە نەک تەنیا لەناو پۆل بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانە و بەرپرسیارێتییەکانیشدا بەکار دێن.
لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا، فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەكەی شەترەنج، ئەم ئەزموونەی كوردستان بەنموونەیەکی سەرکەوتووی کارکردنی پێکەوەییی دەزگە پەروەردەیییەکان و ڕێکخراوەکانی شەترەنج دەزانێت بۆ فراوانکردنی سوودەکانی ئەم یارییە.
ئێستە کە تەختەکانی شەترەنج جێگەی خۆیان لەناو پۆلەکاندا کردووەتەوە، لەگەڵ هەر جووڵەیەکدا، قوتابی فێر دەبن پێشبینیی داهاتوو بکەن و لە هەڵەکانیان كەڵك وەربگرن، بەم شێوەیە شەترەنج چیی تر تەنیا یارییەک نامێنێت بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی هەمیشەییی زانست و ئیلهام بەخشین بۆ نەوەی داهاتوو.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەترەنج، کە بە کورتکراوە فەڕەنسییەکەی FIDE (Fédération Internationale des Échecs) ناسراوە، دەستەیەكی بەڕێوەبەری جیهانین بۆ وەرزشی شەترەنج. ئەم ڕێکخراوە سەرپەرشتیی هەموو پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی شەترەنج دەکات، خاڵی بەیەکگەیشتنی سەرەکیی نێوان فیدراسیۆنە نیشتمانییەکانی شەترەنجە لە جیهاندا.
فیدە لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٢٤ لە پاریس، لە کاتی هەشتەمین یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینە دامەزراوە، ئێستە بارەگەی سەرەکیی لە شاری لۆزانی سویسرایە و یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوە وەرزشییەکانی جیهان، زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی ئەندام لەخۆ دەگرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved