پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی هەولێر - کۆیە، كە یەکێکە لە گرینگترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و گواستنەوەی هەرێمی کوردستان؛ بە خێرایییەکی بەرچاو بەرەو قۆناغەکانی کۆتایی هەنگاو دەنێت.
ئامانجی سەرەكیی ئەو پڕۆژەیە کورتکردنەوەی مەودای نێوان هەولێر و کۆیەیە، گۆڕینی جادەیەكی یەكسایدی ترسناكە بە دووسایدێكی مۆدێرن، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە ماوەی ئەو ڕێگەیە لە كاتژمێرێكەوە بۆ كەمتر لە نیو كاتژمێر كورت دەبێتەوە.
کەیفی فارس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەكە، وردەکاریی تەکنیکی و ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ (گڵکەند) ڕوون دەكاتەوە، كە درێژییەكەی ٤٨.٤ کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە ٦٨٠ ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆییی ئاوزانەوە جێبەجێ دەکرێت و لە چەندین بەشیش پێک هاتووە، لەوانە شەش ئۆڤەرپاس، چوار ژێرپرد و دوو بەرزەپردی گەورە.
ئاماژە بەوەش دەكات كە ڕێژەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا گەیشتووەتە ٤٩٪، تا ئێستە زیاتر لە ٢٤ کیلۆمەتری هەردوو سایدەکە قیڕ کراوە، چینی یەکەمی قیڕتاوکردن کە بنچینەی سەرەکیی ڕێگەکەیە، تەواو بووە. تیمەکانی ئەندازیاری و کرێکارانیش بەشێوەیەکی چڕ و لە چەندین قۆڵەوە خەریکی کاركردنن، تەنها لە بەشی پردەکاندا چوار تیمی جیاواز بە هاوتەریب کار دەکەن بۆ تەواوکردنی حەفت بەرزەپرد و ژمارەیەک ژێرپرد.
یەکێک لە بەشە سەرەکی و گرینگەکانی ئەم پڕۆژەیە، دروستکردنی پردێكی گەورەیە بە ناوی (پردی شۆڕش). ئەم پردە کە لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە و لە باشووری گوندی سماق شیرین و باكوری گوندی بانەقەڵاتە، دەبێتە بەرزترین پرد لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەرزییەکەی ٤٢ مەتر و درێژییەکەی ٢٥٠ مەتر دەبێت.
ئەندازیار کەیفی فارس دەڵێت ئەو دووسایدە نوێیە تەنیا پڕۆژەی ڕاکێشانی جادەی قیڕ نییە، بەڵکو چەندین سیستەمی پێشکەوتووی لەخۆ گرتووە، لەوانە سیستەمی پێشکەوتووی ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی، دیواری پاڵپشتی کۆنکرێتی بۆ پاراستنی سەلامەتیی لێوارەکانی ڕێگە، هەروەها سیستەمی ڕووناکی و دانانی هێماکانی هاتوچۆ و پەرژینی خۆپاراستن کە هەموویان بە پێوەری ستانداردی جیهانی دادەنرێن.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەكە، باس لەوەش دەكات كە سوودەكانی ئەو ڕێگەیە تەنیا بۆ گواستنەوەی نێوان هەولێر و کۆیە نییە، بەڵکو گشت ئەو گوند و ناوچانەی دەکەونە سەر ڕێڕەوی ڕێگەکە، دەبنە بەشێک لە بەرەوپێشچوونەکان. دەشڵێت ”ئەو گوندانە ئێستە دەبنە بەشێک لە تۆڕی هاتوچۆی شار، بە جۆرێک کە هاتوچۆیان زۆر ئاسان دەکات. لە ڕووی کاتیشەوە، کۆیە دەبێتە گەڕەکێکی نزیکی هەولێر، چونکە بە ٢٧ خولەک لە کەسنەزانەوە دەگەیتە کۆیە“. ئەو نزیكبوونەوەیەش بەراورد دەکات بە ناو شارە گەورەکان کە هەندێک جار هاتوچۆ لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیكە بەهۆی قەرەباڵغییەوە نیو کاتژمێری پێ دەچێت. ئەم پڕۆژەیە بەها و گرینگییەکی زۆر بە ڕێگەی نێوان هەولێر و کۆیە دەبەخشێت.
ئێستە هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پڕۆژەکە بكرێتەوە و بکەوێتە خزمەتی ڕێبواران. بەم هۆیەوە کەیفی فارس دەڵێت کارەکان لە هەموو بڕگەکاندا لە بڕین و پڕکردنەوەی زەوی، تا دانانی بەربەستی کۆنکرێتی و کاری پردەکان بەردەوامن.
بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، نەخشەی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگەی هەولێر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە دەبینێت، ئاستەنگییەکانی ڕێگەی کۆن کە ڕێگەیەکی یەکساید و پڕ لە مەترسی بوو، کۆتاییی دێت.