هەر وتارەك نا، دەینی كیتابەكی لەسەر خراپیی ئاژووان لە هەولێرێ بنووسی.
كەس نییە، هەر جارەی بە فاتیحە و قولوەڵا لە جادەكی هەولێرێ بپەڕیتەوە، ترسی هەپروونبوونی هێسكەكانی لەبن تایە و دەعامیی ترومبێلان زراوی نەبا، لە ساتەكیدا تووشی مۆتۆرفۆبیا و هەزار ترسی عەنتیكەی دی دەبی.
هەوكە پەڕینەوە، بڕیارە لە بەینی مەرگ و ژین، چونكە ئاژووان بەردەمی خۆی نابینی، زیاتر چاوی لەسەر مۆبیل و هاوسەفەرەكەیتی، خۆ ئەگەر خواشنەخواستە لە دوورەوە بتبینی، لە جێی ئەوەی وەكی هەر ئاژووانەكی ئاسایی سەر ئەو زەوییە خڕە، هێواشی كاتەوە و ڕێ بدا بڕۆی، پێ لێ دەنێ و خێراتر داژوا، نەكا لە پێش گەیشتنی وی، قورتارت بی و بگەیە كەناری سەلامەتیی ئەوبەری جادە.
ئەو كەلێنە گەورەیە، بە دەردەدر و خەفەتان پڕ نابتەوە، با پێشنیازی هەنگاوەكی ئەرێنی و ئاسان بكەین. لەو بارەوە پێویست ناكات چاو لە سوید بكەین، كە ئەگەر ئاژووان ڕێ بە پیادە نەدات، نەك هەر پۆلیس ٣٠٠ دۆلاری غەرامە دەكا، خەركیش بە چاوی سووك تەماشای دەكەن. ئەدی چاو لە كێ بكەین؟ زاخۆیێ دەلال.
لە هەر جادەكی زاخۆ، خەتخەتە سپییەكانی پەڕینەوە هەبوو، چاوت بقوچێنە و بپەڕەوە، هەرچی ئاژووانی شارە، ڕادەگری و ڕێت دەداتێ.
ئەوە یەكەكە لە كۆمەرەك كولتووری گچكە و گرینگی زاخۆی گەش، كە پێكڤە لەسەری ڕێك كەوتوون و هەر قابیلی لێ فێربوونن.
كوو فێر دەبین؟
میدیـــــــا و سۆسیــــالمیدیـــــا ئاسانتریـــــن ڕێی هۆشیاركردنەوەن، با كەمپین بكرێت.
كەناڵەكانی بە ئاسانی دەچنە ماران، كولتووری پەڕینەوە بە شەقامەكانی زاخۆ بكەن بە باس، داخوا چۆن فێر بوون و هەمووان لەسەری ڕێك كەوتوون؟ لەسەر سەت مەتری هەولێرێ كۆمەرە ئاژووان و پیادە بدوێنن، داخوا لۆ چ پەڕینەوە، چوونە ڕێی هات و نەهاتە؟ دەزگەی وەكی كوردستان فاوندەیشن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای وەكی هێمن گرووپ دەست بە هەڵمەتی تۆخكردنەوەی خەتخەتە سپییەكانی جێ پەڕینەوەی جادەكانی پایتەخت بكەن.
سۆسیالمیدیاكار، تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی بكەن، ئاژووانی باش و خراپ پیشان بدرێن. كەمالیات لەزگەی جامی ترومبێل دروست بكەن ”بۆ پیادە دەوەستم“، ببتە نیشانەی شانازی و هێمای ئاژووانی هۆشیار.