بەدەستێک تۆپ و بەدەستێک لەفە
بەدەستێک تۆپ و بەدەستێک لەفە

لە بواری وەرزشیدا بەتایبەتی تۆپی پێ، کەم نین ئەو یاریزانانەی بە خەونی گەورەوە دەست پێ دەكەن. محەمەد یاسینی تەمەن ٣٠ ساڵ، بە ورەی پۆڵایینەوە تا ئێرەی هێناوە.
كاتێك وەرزش بژێویی دابین نەكردووە، ژیانی خۆی لەناو یاریگە سەوزەكاندا سنووردار نەكردووە، بەڵكو دەستێكی بۆ پاراستنی گۆڵ و دەستێكیشی بۆ چێشتخانە درێژ كردووە.
محەمەد كە لەدایكبووی گەڕەكی ٩٢ی باداوەیە، یەكێك لە گۆڵپارێزە سەركەوتووەكانی هەولێرە، لە دەرەوەی یاریگەش وەستایەکی لێهاتووی گەسە، چیڕۆکی ژیانی تژی ململانێیە لە نێوان ئارەزووی وەرزش و دابینکردنی بژێوی.

محەمەد یاسین بە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە لە یانەی پیشەسازی لە خولی کوردستان یاری دەکات، سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی هێمن.
سەرەتا یاریزانی بەرگریکار بووە، بە ئامۆژگاری و چاودێریی مامۆستایەک بە ناوی سدیقە بچکۆل، کە ڕۆژنامەنووسیشە، ڕێچکەی ژیانی وەرزشیی خۆی دۆزیوەتەوە. محەمەد دەڵێت مامۆستاکەی بەردەوام هاوکاری بووە و بەڵێنی پێ دابوو كە ئەگەر بەردەوام بێت، دەگاتە ئاستێکی زۆر باش.
ئەو یاریزانە، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەچێتە تیپی لاوانی گەڕەکی ٩٢. ڕۆژێک بەڕێككەوت لە یارییەکدا دەبێتە گۆڵپارێز، لەم بارەوە دەیگێڕێتەوە ”کەمال ئیسماعیل یاریزانەكی گەڕەکێ بوو پێی گۆتم ئەتو بەهرەی گۆڵچیت تێدایە، لەو ڕۆژیەوە بوومە گۆڵچی“.
ژیانی گەنجی و منداڵیی محەمەد بەئاسانی تێنەپەڕیوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە بەدوای بژێویی ژیاندا بووە. لەو کاتەی لە تیمی لاوانی یانەی وەرزشیی ئاڵا دەستی بە یاریکردن کرد، لە پاڵ مەشق و ڕاهێنانەکانیدا، لە کارگەیەکی نایلۆن لەگەڵ باوکی کاری دەکرد. یادگارییەکی تاڵی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە ”یەکەم جارم بوو لە ژیانم سەفەرەكم بێتە پێش، لەگەر تیپی لاوانی ئاڵا دەچووینە دهۆکێ بەس ساحێب ئیشەكەم ئیزنی نەدام و نەمتانی بچم، ئەو ڕۆژی خراپ درم شكا، بەس وەعدم بەخۆم دا بەهێز بم و بەسەر ناخۆشیدا زاڵ بم“.
ئێستە محەمەد لە خواردنگەیەکی گەڕەکی باداوە بووەتە وەستایەکی لێهاتووی گەس، لە یەك ڕۆژدا دەتوانێت ئەو تۆپانە ڕابگرێت کە ئاراستەی گۆڵەکەی دەکرێن و لەفەیەکی نایابی گەسیش پێشكەشی كڕیارەكانی بكات، دەڵێت ”ئیشەكەم ئاسان نییە، بەس پشتیوانیی خێزان و برادەرەكانم، هێزەكی گەورەم دەداتێ“.

ئەو یاریزانە خاوەنی مێژوویەکی درێژە لە یانەکانی کوردستان، لە تیپی لاوانی یانەی وەرزشیی ئاڵاوە دەستی پێ کردووە، دواتر سەركەوتووە بۆ تیپی یەکەمی یانەکە، پاشان بۆ ماوەی وەرزێک بۆ یانەی هەولێر یاریی کردووە. یانەکانی زانکۆی جیهان، برایەتی، هەندرێن و پیشەسازییش لە تواناکانی ئەم گۆڵپارێزە بەتوانایە بێبەش نەبوون. محەمەد لە بارەی وێستگەکانی یاریکردنی لە یانە جیاوازەکانی خولی کوردستاندا دەڵێت ”خۆشترین کاتەکانم لە یانەی هەندرێن بەسەربرد، لەو یانەیە درەوشامەوە“. لەگەڵ یانەی هەندرێن دوو وەرز توانیویانە پلەی دووەم لە خولی نایابی کوردستان بەدەست بهێنن.

گۆڵپارێزەكە، ئاماژە بە خراپیی باری داراییی یانەکانی خولی کوردستان دەکات کە ناتوانن بەپێی پێویست پێداویستیی یاریزانەکانیان ئامادە بکەن و دەڵێت ”لێرە زۆر زەحمەتە تەنیا بە وەرزش بژیت، وەرزش نەبووەتە پیشە. یاریزان لە یانەکانی خولی کوردستان ناتوانن تەنیا بە وەرزش بژێوی پەیدا بکەن، ناچار دەبێت بەدوای کارێکی دیکەدا بگەڕێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزان دروست دەکات“. ئەو گۆڵپارێزە ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر گۆڵپارێزێک ڕۆژانە پێویستی بەوەیە دوو بۆ سێ کاتژمێر مەشق و ڕاهێنان بکات.
بە پێكەنینیشەوە باسی هەڵوێستی دایک و باوکی دەكات، كە كاتی خۆی چۆن ڕازی كردوون یاری بكات و دەڵێت ”داکم هێشتا دەرێ ئەگەر بتخیندبا، وەزعت باشتر بوو، بەس وەكی لە تەلەڤزیۆنی گەمەكانم دەبینێت، دری خۆش دەبیت، جارەك بابمم دیت لە خۆشییان فرمێسکی لە چاوی هات“.
محەمەد كە ئێستە خێزاندارە و کوڕێکیشی هەیە، باسی داهاتووی خۆی لە یانەكەی دەکات ”بەخۆی عومری گۆڵچی درێژترە لۆ گەمەكردن، لۆیێ هەتا توانام هەبی بەردەوام دەبم“. ئەوەش ناشارێتەوە کە لە داهاتوودا ئەگەر بزانێت کوڕەکەی بەهرەی یاریزانی تێدایە، پشتیوانیی دەکات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved