لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا، سوپایەکی بێدەنگ لە سەرتاسەری کوردستاندا بەردەوام کۆچ دەكەن.
پتر لە ١٥ هەزار هەنگەوان سەرپەرشتیی نزیکەی ٨٠٠ هەزار پوورە هەنگ دەکەن؛ لە زستان و بەهاردا ڕوو لە گەرمیان، لە هاوین و پایزیشدا بەرەو لووتکەی کوێستانەکان هەڵدەکشێن، ئەو هەنگانە نایابترین شیلەی گوڵ بۆ دروستکردنی شابەرهەمێك کۆ دەکەنەوە کە لەسەر ئاستی ٤١ وڵاتی ئاسیادا، پلەی یەکەمی هەیە.
دوای سێ ساڵ لە وشکەساڵی و پاشەکشەی بەرهەمی هەنگوین، بەرزبوونەوەی ڕێژەی باران لە زستانی ڕابردوودا، سروشتی بووژاندەوە. عارف شێروانی سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، لە بەردەم سندووقە پڕ لە هەنگوینەکانی قسە بۆ (گڵكەند) دەكات ”بەهاری ئەمساڵ بەرهەم هێند زۆر بوو، بەشەک لە هەنگەوانان پێش گواستنەوەی سندووقەکان بۆ کوێستانێ، ناچار بوون بەرهەمەکەیان ببڕنەوە. پێشبینی دەکەین کۆی بەرهەمی بەهارە و ئەو هاوینەی بگاتە سەرووی ١,٢٠٠ تۆن، واتە بەراورد بە ساڵی پار ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی دووقاتی لێ دێت، زەرەر و زیانە دارایییەکانی ساڵانی ڕابردووی هەنگەوانان قەرەبوو دەکاتەوە“.

لەو پیشەیەدا زیادبوونی بەرهەمی هەنگوین پەیوەندیی بەچەندین لایەنی ئاڵۆزەوە هەیە، ئازاد حەسەن مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، پێی وایە کۆمەڵێک ئاڵنگاری ڕێگرن لە گەشەی ئەم کەرتە، یەکێکیان پەیوەندیی بە نەریتی بەخێوکردنەوە هەیە، کە تێیدا پاشەکەوتی خۆراکی پێویست بۆ هەنگەکان ناهێڵدرێتەوە و شاژن لاواز دەبێت.
هەروەها هۆکارە ژینگەیی و تەکنەلۆژییەکانیش مەترسیی زۆریان دروست کردووە، بەکارهێنانی بێ سەروبەری قڕکەرە کیمیایییەکان لەلایەن جووتیارانەوە کە ماددەی نیکۆتینیان تێدایە، دەبێتە هۆی گێژبوونی هەنگەکان و لەدەستدانی توانای ناسینەوەی ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ پوورەکانیان. جگە لەمەش پیسبوونی ژینگە بەهۆی دووکەڵی پاڵاوتگەکانی نەوت و بڵاوبوونەوەی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی تاوەرەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیكردن، هاوسەنگیی بایۆلۆژیی هەنگەکانیان تێک داوە و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر مردنی هەنگەکان و کەمبوونەوەی بڕی بەرهەم جێ هێشتووە.
لە سنووری هەولێر کە پتر لە ٤,٢٠٠ هەنگەوان خاوەنی ٣٥٠ هەزار پوورە هەنگن، دۆڵی (باڵەیی)یان وەک پایتەختی ئەم پیشەیە دەردەکەوێت. لە گوندی ماونان، کە یەکێکە لەو ١٤ گوندەی دۆڵەکە، ٥٠ هەنگەوان سەرپەرشتیی زیاتر لە هەشت هەزار پوورە هەنگ دەکەن.
فەیسەڵ چاوشین، ماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنی لەگەڵ مۆکە و شانەی هەنگدا بەسەر بردووە، خاوەنی ٥٠٠ پوورە هەنگە، دەڵێت ”ئەمە بەپێی وەرزەکان، هەنگەکانمان لە کوێستانەکانی قەندیلێوە بەرەو تەقتەق و کەلار دەگوازینەوە، هەتا شیلەی جیاواز هەرمژن. بەس ساری پار، دەردی نەخۆشیی ڤاروا نیوەی هەنگەکانی لەناو بردین، چونکە ئەو دەرمانانەی لە بازاڕی هەن، باش نین، وەزارەتی کشتوکاڵیش لە ساری ٢٠١٤ەوە هیچ هاوکارییەکی نەکردینە“.

فەیسەڵ باس لە ڕێگەیەكی نوێ دەكات بۆ باشتر کۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و دەڵێ ئێستە زۆربەیان لە بەخێوکردنی هەنگ لە سەبەتی (خەڵێف)ەوە ڕوویان لە (سندووق) کردووە.
ئاماژەش بەوە دەكات كە داهاتی ئەوان تەنیا لە هەنگوین کۆ نابێتەوە، بەڵکو فرۆشتنی پوورە هەنگ و بەرهەمە لاوەکییەکانی وەک گەردە و خواردنی شاژنیش، بەشێکی گرینگی داهاتیان پێک دەهێنێت. نیگەرانیشە لەوەی مەترسییەكی گەورە لەسەر ناوی خاوەن هەنگەكانی كوردستان هەیە بەهۆی ئەو هەنگوینە دەستکردەی لە کارگەکان بە شەکر و ڕەنگ دروست دەکرێن و کیلۆی بە دووسێ هەزار دینار دەفرۆشن. فەیسەڵ چاوشین هۆشداری دەدات کە دوای نەخۆشیی ڤاروا، گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم بڕاندە نیشتمانییە، ئەو هەنگوینە دەستکردانەن و دەڵێت ئەم دیاردەیە گورزێکی گەورەی لە بازاڕی هەنگوینی ڕەسەنی کوردستان و ناوبانگەكەی داوە.
جگە لە هەنگوینی ساختە، هەنگوینی ڕاستەقینەش جۆری زۆری هەیە، ئەو جیاوازییانە لە شێخەڵڵای هەولێرێ بەدیار دەكەوێت، محەمەد سەعید ٢٥ ساڵە بازرگانی هەنگوینە، جۆرەکان بەو شێوەیە پۆلێن دەکات: هەنگوینی کێویی دەگمەن کیلۆی لە سەرووی ١٥٠ دۆلارە، هەنگوینی بێ شەکر، کە ئەگەر خەڵێف بێت، ٤٥ بۆ ٦٠ هەزار دینارە، ئەگەر سندووقیش بێت ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار دینارە، هەنگوینی تێکەڵیش نرخی حەفت بۆ ١٠ هەزارە.

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، ئەم کەرتە هێشتا لە نێوان بەرداشی ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان دایە. ئامارە فەرمییەکان باس لە پاشەکشەی ٦١.٥٪ی ئاستی گشتیی بەرهەم دەکەن، لە ١,٦٠٠ تۆنەوە بۆ تەنیا ٦١٦ تۆن. لەم نەخشە گۆڕاوەی بەرهەمهێناندا، پارێزگەی هەولێر تەنیا ناوچەی گەشەکردوو بووە، لە بەرامبەردا پارێزگەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. بەڵام عارف شێروانی گومانی لەم ئامارانە هەیە و دەڵێت ”ئامارەکانی وەزارەت بەهۆی پشتبەستن بەخەمڵاندنی بنکە کشتوکاڵییەکان، هەمیشە لە ڕاستی بەرزتر نیشان دەدرێن“. بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی، بەرهەمی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا ١,٠٠٠ تۆن بووە و لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٥٠٠ تۆن دابەزیوە، واتە بەرهەم لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمی کردووە نەک ٦١٪.
سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییە ژینگەیی و نەخۆشییەکان، بوونی ١٥ هەزار هەنگەوان و ٨٠٠ هەزار پوورە هەنگ، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەم پیشەیە هی کۆڵنەدەرەكانە. بە کەمێک پاڵپشتی و هەماهەنگیی تۆکمەی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت، ئەم سوپا بێدەنگە دەتوانێت کوردستان بکاتە چەقی هەمیشەییی هەنگوینی سروشتی لە جیهاندا.

