ناوی شێرزاد لە هەولێر!
ناوی شێرزاد لە هەولێر!
October 08, 2026

دەتوانی زۆر بە ئاسانی زۆربەی ناوەكان بگەڕێنییەوە سەر خاوەن، شوێن، ڕووداوەکەی، زۆریش لە ناوەکان بوون بە میرات، مۆرک و بڵاو بوونەتەوە.
پێش پەیدابوونی شیعرە ناسکە جوانەکانی هێمن، ناوی هێمن بۆ کوڕان هەر نەبووە، هیچ منداڵێکی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات ناوی هێمن نەبووە!
پێش شەڕەکانی پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێر لە ساڵی ١٩٧٤ لە چیاکانی ماکۆک و شیشار، هیچ منداڵێک بەو ناوانە نەبوون!
با بگەڕێینەوە سەر ناوەکەی خۆم شێرزاد!
با ئەوە بڵێم کە لە بەغدا خوێندکار بووم، قوتابییەکی عەرەب گوتی وام زانی ناوت شەهرەزادە، گوتم باشە لە گرووپەکەمان کچێکمان لەگەڵە!
شێرزاد ناوێکی دروست، بێ ڕکاربەر قەڵاتییە، ناوێکی کوردییە، لەبەر ڕۆشناییی کوردایەتی، هزری نەتەوەییی کوردی لەناو قەڵاتی هەولێر دروست بووە، کێ بووە ناوی لە یەکەم منداڵ ناوە، ڕەنگە بتوانین بیدۆزینەوە!
سەبارەت بە خۆم دەزانم بەر لە حەفتا ساڵ، باوکم پیاوێکی سیاسی، خوێندەوار، قەڵاتییش نەبووە لە گوندێکی نزیک هەولێر یەک منداڵ ناوی کوردیی تێدا نەبووە، ناوی لە من ناوە شێرزاد! بۆیەش هیچ کەس بەو ناوە بانگی نەکردووم، نەیانزانیوە بڵێن شێرزاد، بە منیان گوتووە کوڕۆ! تا چوومەتە مەکتەب، نفوسم بۆ دەرچووە!
بڕوا ناکەم پێش سەت ساڵ کەس ناوی شێرزاد بووبێت، ئەو ناوە نەبووە، ڕاستی ناوی تری کوردی لە کوردستان زۆر بوون بەڵام لەو هەولێرە ناوی شێرزاد نەبووە!
لە دوای وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە گەیشتمە ئەو بڕوایەی ناوی شێرزاد لە ساڵانی چلەکان پەیدا بووە، وڵاتپارێزەکانی قەڵات ئەوانەی لە حزبی هیوا و دارکەران ئەندام بوون، ناوەکەیان داناوە.
کەسایەتیی سیاسیی دیاری هەولێری زەید ئەحمەد عوسمان، کوڕی یەکەم موتەسەڕیفی هەولێر، لە ناوەندی چلەکان لە قاهیرە کتێبێکی بە ناوی (نضال الاكراد) لە چاپخانەی (التقدم) بە ٦٠ لاپەڕە، بە ناوی (محمد شیرزاد) چاپ کردووە، لەو ساڵانەی دوایی دووبارە چاپ کراوەتەوە!
کە من چوومە ناوەندیی سەیداوە لە پۆلەکەمان حەفت شێرزاد هەبوون، وەک ئەوەی تەقە لە ڕەوە کۆترێک بکەن، لەناو پۆلەکان پەرتەیان پێ کردین.
لە ناوەکەم ڕازیم، پێم ناخۆش نەبووە، بە شێرۆ، کاکەشێر، شێرەش بانگیان کردبم! کەیفم بەوەش دێت ناوەکەم کوردیی هەولێرییە! دروود بۆ ڕۆحی سیاسەتمەدار محەمەد شێرزاد و ئەندازیار ئیحسان شێرزاد!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved