حاکم مەعروفتان دەناسی؟
حاکم مەعروفتان دەناسی؟

حاکم مەعروف مەلا ڕەئووف یەکەم وەزیری داد لە هەرێمی کوردستان، کاتێک گواستراوە بۆ دادگەی لێکۆڵینەوە لە کۆتاییی هەشتاکان، من لەگەڵ دوو لێکۆڵەرەوەی دیکە، لێکۆڵەرەوەی دادی بووم. کۆبوونەوەی پێ کردین و زانی من کێم، گوتی لە پەنجاکان سەرەتای دامەزراندنم بە نووسەر لە دادگەی شەرعیە لەگەڵ باوکت نووسەری دادگە بووین.
پەیوەندیمان وەک مام و برازای لێ هات، پێشتر دادوەری دادگەی کار بوو کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو، دواتر دادوەرەکانی دادگەکانی کار لە پەیمانگەی دادوەریی بەغدا خولێکی شەش مانگییان بینی و دادگەی کاریش بووە یەکێک لە دادگەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراقی.
لە ماوەی کارکردنم لەگەڵ حاکم مەعروف، زۆر هەڵوێست و ڕەفتاری کوردانە و مەردانەم لێ بینی و وەک مامۆستایەک لە وانەکانی ژیان زۆر شتی لێ فێر بووم.
ڕۆژێک خزمێکی نزیکی لەسەر لێخوڕینی ترومبێل بەبێ مۆڵەت گیرا بوو، پرسیاری لە من کرد چی لێ بکا؟ من گوتم بەپێی یاسا جەنابت چیت پێ باشە؟ گوتی بنووسە (٥٠) دینار تا وانەی لێ وەربگیرێ، ئەگەر نەیدا بگیرێ. من ویستم بزانم چ دەڵێ گوتم خۆ دەکرێ ئازادی بکەی، لە وەڵامدا گوتی: دەکرێ بەڵام خزمی منە، دەزانم باری دارایییان باشە، با ببێتە وانەیەک، چونکە بە سزای پارە زۆر کاریان تێ دەکا، خۆ ئەگەر شوفێری تەکسییەک بێ و کرێچی بێ، ئەو تاوانەیە لەوانەیە وا بکا ماڵ و منداڵی مانگێک گۆشت نەخۆن، هەرچەندە دەزانم چەند خزمێک لێم عاجز دەبن کە کوڕی فڵانی سزا بدەم، بەڵام یاسا بۆ هەمووان وەک یەکە.
جارێکی دیکە شوفێرێک لە کەسێکی پیادەی دابوو دەستی شکا بوو، لە نەخۆشخانە خەوێنرا، شوفێرەکە کەسێکی ناسراو بوو، بۆیە سێ دادوەر بەجیا هاتنە لای حاکم مەعروف تا شوفێرەکە بە دەستەبەری بەربدا و بریندارەکە لە شوفێرەکەش خۆش بووبوو، بەڵام حاکم مەعروف بانگی منی کرد و گوتی تەلەفۆن بۆ هەر حەفت بنکەکەی پۆلیس بکە بزانە چەند حاڵەتی لەم شێوەیە هەیە با دۆسیەکانمان بۆ بنێرن، دۆسیە هاوشێوەکانیان نارد کە نەماندەزانی شوفێرەکان کێن، یەکسەر بڕیاری دا هەموویان بە دەستەبەری بەربن تا ڕۆژی دادگەیی و گوتی لای من جیاوازی نییە لە نێوان ئەمیرێک و فەقیرێک.
کە ڕاپەڕین بوو کرایە وەزیری داد، لە کاتێکدا زۆر کەس نەدەوێرا پلە و پۆست وەربگرێ لە ترسی ڕژێم کە لە کانی قڕژاڵە و پشت گردی پیرداود ڕۆژانە هەولێریان بۆمباران دەکرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved